هه‌واڵه‌کانی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ٦/١٠/٢٠٠٨

شه‌وی ڕابردوو، له‌ ڕێککه‌وتنێکدا له‌ به‌رلین، بڕیار درا که‌ بۆ ڕزگارکردنی بانکی گه‌وره‌ی ئه‌م وڵاته،‌ هیپوو ریه‌ل ئێسته‌یت (Hypo Real Estate)، په‌نجا میلیارد یۆرۆ، به‌رامبه‌ر به‌ پێنجسه‌د میلیارد کرۆنی سوید، یارمه‌تیی دارایی بدرێتێ. حوکوومه‌تی ئه‌ڵمان پێی وایه‌ بێتوو ئه‌م کاره‌ی نه‌کردبا، ئه‌وا بانکه‌که‌ مایه‌ پووچ ده‌بوو. ئانگێلا مێرکل، سه‌رۆکی ئاڵمانی فیدراڵ ڕایگه‌یاند: حوکوومه‌ت ئیزن نادا  که‌ گرفتی دامه‌زراوه‌یه‌کی دارایی، گرفت بۆ هه‌موو سیسته‌مه‌که‌ ساز کات. بۆیه‌ش ئێمه‌ به‌ خه‌ستی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کار ده‌که‌ین که‌ بانکی هیپوو ریه‌ل ئێسته‌یت بپارێزین.

مێرکل هه‌روه‌ها گوتی که‌ ئێمه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی پاره‌یان پاشه‌که‌وت کردووه‌ ده‌ڵێین که‌ پاره‌کانتان پارێزراون. حوکوومه‌ت ده‌سته‌به‌ری ئه‌مه‌ ده‌کات.


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی یارمه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی سوید بۆ پێشکه‌وتن، سیدا، پتر له‌ پێنج میلیۆن و سێسه‌د هه‌زار کرۆنی له‌ ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا بۆ خۆناساندن و میوانیی ناوخۆیی خه‌رج کردووه‌. به‌ پێی توێژینه‌وه‌یه‌ک که‌ ڕۆژنامه‌ی به‌یانانی سوید، داگێنز نیهێتر له‌ نێوان سه‌د ڕێکخراوی گه‌وره‌ی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی سویددا کردوویه‌تی، ڕێکخراوی سیدا زۆرترین خه‌رجی هه‌بووه‌ و نیوه‌ی ئه‌م خه‌رجه‌ بۆ کڕینی میوه و گوڵ و دیاریی په‌نجا ساڵه‌ی ئه‌م ڕێکخراوه‌یه‌ به‌ کار هاتوون. سه‌رنجراکێش ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئه‌م گوژمه‌‌یه‌ له‌ یارمه‌تیی وڵاتی سوید بۆ ولاتێکی وه‌ک رواندا و تیمووری ڕۆژئاوا و نامیبیا زۆرتره‌.‌

ڕێکخراوه‌کانی دیکه‌ له‌ ساڵی رابردوودا بۆ ئه‌م میواندارییه‌، بۆ هه‌ر کارمه‌نده‌ و ١٧٠٠ کرۆنیان بۆ خه‌رج کردووه‌، که‌چی سیدا ٨١٠٠ کرۆنی خه‌رج کردووه‌.

ئاندێرش نوردستروێم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سیدا ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی له‌ پشت ئه‌و خه‌رجانه‌وه‌یه‌ به‌شێکی زۆری پاکانه‌ی بۆده‌کرێ و ئێمه‌ میوه‌ و قاوه‌مان بۆ هاوکاران پێکڕیوه‌. ئه‌مه‌ سه‌رجه‌م دوو میلیۆن و سه‌د هه‌زار کرۆنی هه‌ڵگرتووه‌ و ئه‌و بره‌ پاره‌یه‌م زۆر پێ ئاساییه‌.

نوردستروێم ده‌ڵێ به‌ڵام ڕه‌نگه‌ دیسان پێویست بێ پێداچوونه‌وه‌یه‌ک به‌ خه‌رجه‌کانمان دا بکه‌ین و بیهێنینه‌ خوارێ. بۆ وێنه‌ به‌و شه‌ریکانه‌دا که‌ کارمان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن. هه‌ندێ خه‌رجی دیکه‌ش هه‌ن که پیموابێ ده‌بێ به‌ وردییه‌وه‌ لێی بڕوانین و بزانین ئاخۆ ده‌کرێ دابه‌زێنرێن.‌


دادگای شاری فالو، حوکمی زیندانیی تا هه‌تایی بۆ ئاندێرش ئێکلوندی ۴۳ ساڵه‌، و ده‌ستدرێژیکه‌ر و بکوژی کچۆڵه‌ی ده‌ ساڵه‌ ئێنگێلا هوێگلوند (Engla Juncosa Höglund)، بڕییه‌وه‌. تاوانی سه‌لمێنراوی ئه‌و که‌سه‌، ده‌سدرێژیی گه‌وره‌، ده‌سدریژیی توندوتیژ بۆ سه‌ر منداڵان، هه‌وڵدان بۆ ده‌سدرێژیی سه‌ر منداڵان و وێنه‌ و فیلمگرتنی ڕووتی منداڵان، ناسراو به‌ بان‌پۆڕنۆگرافی راگه‌یه‌نرا. وێڕای ئه‌و ماوه‌ زیندانه‌، تاوانکار لێبڕا که‌ سه‌رجه‌م ٨٦٠ هه‌زار کرۆنیش قه‌ره‌بوو بداته‌ بنه‌ماڵه‌ی قوربانییه‌کان. یه‌کێکی دیکه‌ی له‌و تاوانانه‌ی دواتر له‌ سه‌ر ئه‌و تاوانکاره‌ سوور بوو کوژرانی کچێکی ۳١ ساڵه‌ بوو به‌ ناوی په‌رنیللا هێلگرێن (Pernilla Hellgren) که‌ ساڵی ٢٠٠٠ کوژرا. ئاندێرش ئێکلوند که‌ پێشینه‌ی زیندانیکرانیشی هه‌یه‌ هه‌روه‌ها دانی به‌ ده‌سدرێژی بۆ سه‌ر که‌سانی تر، خۆڕووتکردنه و نیشاندانی نێرنه‌ی به‌ منداڵان و ئاره‌قده‌رخواردانی به‌ که‌مته‌مه‌نان هه‌یه‌..


مووچه‌ی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر به‌رز و بونوس و پاداشتی گه‌لێ زۆری سه‌رۆکانی شه‌ریکه‌ بازرگانییه‌کان، ده‌بێ ڕابگیرێن. ئاندێرش بۆری وه‌زیری دارایی سوید له‌ وتووێژێکی تله‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی ئه‌گێندا، ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند. ئه‌و گوتی له‌ سه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ی‌ سووره‌ و له‌ ناو وه‌زیرانی تری وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئه‌ورووپادا، کاتێ سبه‌ینێ چاویان به‌ یه‌کتر ده‌که‌وێ، به‌ هێزه‌وه‌ کاری بۆ ده‌کات.


زوربه‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی وه‌ده‌ستیان دێنین له‌ ئینترنێته‌وه‌یه‌. به‌ پێی توێژینه‌وه‌یه‌ک که‌ ناوه‌ندی ئینسیکلوپیدیای نه‌ته‌وه‌یی سوید کردوویه‌تی ئه‌م ڕاده‌یه‌ هه‌ر دێ و زۆرتریش ده‌بێت.

ئارنێ ئێکمان سه‌رنووسه‌ری ئینسیکلوپێدیای نه‌ته‌وه‌یی سوید ده‌ڵێ جارێ ڕادیۆ و تله‌فزیۆن و وڕۆژنامه‌کانن که‌ سه‌رچاوه‌ی زانیارین به‌ڵام به‌ پێی پێشبینیی من، تا دوو ساڵی دیکه‌ ئه‌وه‌ ئینترنێته‌ که‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی وه‌ده‌سهێنانی زانیاری له‌ سوید‌.

به‌ڵام بێتوو ئه‌م ڕه‌وته‌ هه‌روا درێژه‌ی هه‌بێت، چ داهاتوویه‌ک چاوه‌ڕێی ڕادیۆ و تله‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌کان ده‌کات؟ ئارنێ ئێکمان ده‌ڵێ ئه‌وانیش ڕوو ده‌که‌نه‌ وه‌شانی سه‌ر ئینترنێت.


له‌ ڕووداوێکی سه‌یاره‌ له‌ جاده‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌ی شار، له‌ تورکیه،‌ ١٨ که‌س که‌ به‌ته‌ما بوون به‌ ڕێی قاچاخه‌وه‌ خۆ بگه‌یێننه‌ وڵاتانی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا و داوای په‌نابه‌ری بکه‌ن، کوژران و 23 که‌سیش بریندار بوون. زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ خه‌ڵکی بورمی بوون. لۆرییه‌که‌ په‌ناخوازێکی یه‌کجار زۆری هه‌ڵگرتبوو و ئه‌مه‌ له‌ ناو قاچاخه‌ڕییه‌کانی تورکیه‌دا زۆر نائاسایی نییه‌.


ڕۆژنامه‌ی سویدیی Göteborgs-Posten زیاتر له‌ حه‌فتا له‌ سه‌دی سویدییه‌کان، زانیارییان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ بێتوو بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ نه‌خۆش بن، چه‌نده‌ پاره‌ی قه‌ره‌بوو وه‌رده‌گرن. ئه‌مه‌ به‌ پێی توێژینه‌وه‌یه‌ک که‌ یه‌کێتیی شه‌ریکه‌ بیمه‌کان (länsförsäkringar)، له‌ نێوان ده‌ هه‌زار سویدیی له‌ ته‌مه‌نی ٢٠ تا ٦٩ ساڵدا کردوویانه‌.

زانیارییه‌کان، له‌م ناوه‌دا نایه‌کسانیشن. ۴٧ له‌ سه‌دی ئه‌و که‌سانه‌ی مووچه‌ی مانگانه‌‌یان له‌ سه‌رووی سی هه‌زار کرۆنه‌وه‌یه‌، ده‌زانن چه‌نده‌ وه‌رده‌گرن. که‌چی له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی پازده‌ تا بیست هه‌زار کرۆن مانگانه‌ مووچه‌ وه‌رده‌گرن، ته‌نیا ٢٢ له‌سه‌دیان ئه‌مه‌ ده‌زانن.

شه‌شتین کیلێنیووس (Kerstin Kilenius)، به‌رپرسی یه‌کێتیی شه‌ریکه‌ بیمه‌کان له‌ یۆتێبۆری ده‌ڵێ: من ئه‌و ئاکامه‌ی ده‌ست که‌وتووه‌م پێ سه‌یر نییه‌. من خۆم له‌ ژیانی ڕۆژانه‌دا ده‌بینم که‌ ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی پێکهاتوون، نه‌ خاوه‌نکاران شتێکی لێده‌زانن و نه‌ کارمه‌ندان و ته‌عینکراوانیش.

شیاوی باسکردنه‌ که‌ قه‌ره‌بووی نه‌خۆشیی درێژماوه‌ له‌ سه‌ری ساڵه‌وه‌ ئاڵوگۆڕی به‌ سه‌ردا هاتووه‌.

ناسری سینا
nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".