مۆنا سالین و فرێدریک ڕاینفێڵد

زنجیره‌ گفتوگۆکانی تله‌فزیۆنیی سه‌رۆکانی حیزبه‌ سویدییه‌کانی ناو په‌رله‌مان، ده‌ستی پێکرد

دوێنێ شه‌و، سه‌رۆکانی حه‌وت حیزبی ناو په‌رله‌مانی سوید له‌ به‌رنامه‌ی ئه‌گێندای تله‌فزیۆنی سویددا به‌شدار بوون و یه‌که‌مین گفتوگۆی زنجیره‌ی موناقه‌شه‌ی نێوان سه‌رۆکحیزبه‌کانیان ده‌ست پێکرد. بابه‌تی سه‌ره‌کی له‌م گفتۆگۆیه‌دا قه‌یرانه‌ جیهانییه‌ی ئابووری بوو و بارودۆخی بازاڕی کار پاش هه‌فته‌یه‌ک دوای هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکرانی هه‌زاران کرێکاری کارخانه‌ی ڤۆلڤۆ.

مۆنا سالین سه‌رۆکی حیزبی سوسیالدیمۆکراتی سوید له‌م موناقه‌شه‌یه‌دا پارێزگاری له‌وه‌ کرد که‌ پێشتر گوتبووی نایه‌وێ له‌ حوکوومه‌تی داهاتوودا بێتوو پاش هه‌ڵبژاردنی دوو ساڵی دیکه‌، بکه‌وێته‌ ده‌ست بلۆکه‌که‌ی ئه‌وان، له‌گه‌ڵ حیزبی چه‌پ، ڤێنسترپارتیێتدا هاوکاری بکات، به‌ڵام دواتر ڕایگه‌یاند که‌ ده‌رگاکان بۆ هاوکاری له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش ئاوه‌ڵا‌یه‌.

مونا سالین گوتی: ”من ده‌مه‌وێ حوکوومه‌تێکی به‌هێزی هاوپه‌یمان به‌رپا بکه‌م که‌ جێی ئه‌و چوار حیزبه‌ی‌تر بگرێته‌وه‌. ئێمه‌ی سوسیال دیمۆکرات له‌گه‌ڵ حیزبی ژینگه‌ پێشتر بڕیارمان داوه‌ که‌ پێکه‌وه‌ کار بکه‌ین و ده‌ستیشمان پێی کردووه‌. ئێمه‌ ئه‌و هاوکاری و گفتوگۆیه‌ له‌گه‌ڵ حیزبی چه‌پیش درێژه‌ پێده‌ده‌ین بۆیه‌ ئالترناتیڤێکی گه‌لێ ڕوون و ئاشکرا، به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌گۆڕێدا ده‌بێت.”

سه‌رۆکحیزبه‌کانی بۆرژوایی هه‌موو جارێ ده‌هاتنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ و باسی بادانه‌وه‌ی مۆنا سالینیان ده‌کرد. بۆ وێنه‌ یان بیۆرکلوند، سه‌رۆکی حیزبی لیبرالی گه‌ل گوتی: ”ئه‌م هه‌فته‌یه‌ هه‌موو هه‌ر باسی سه‌رۆکایه‌تی و سه‌قامگیری ده‌که‌ن ڕێک وه‌ک سیرکێک. ئه‌مه‌ش به‌ڕاستی کێشه‌یه‌کی جیدییه‌.”

سه‌رۆکی پارتی چه‌پ، لارش ئۆلی له‌ وه‌ڵامدا گوتی: ”ئێستا ئیدی حیزبی بورژواییه‌کان ده‌توانن به‌ بێ هیچ موناقه‌شه‌یه‌ک، پاڵێکی به‌ ئاسووده‌یی لێبده‌نه‌وه‌. دیاره‌ ئه‌وانیش هه‌ر ئه‌وه‌شیان ده‌وێ. چونکه‌ ئه‌مه‌ هه‌له‌یه‌کی کلاسیک بوو که‌ مۆنا سالین و ماریا ڤێتترستراند کردیان. ئێمه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ین که‌ ده‌بێ ئوپۆزیسیۆنێکی به‌رپرسیارمان هه‌بێت. به‌رپرسیاریش به‌ومانایه‌یه‌ که‌ هیچ هاوکارێیه‌ک که‌ ببێته‌ هۆی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات، ڕه‌ت نه‌کرێته‌وه‌.”

به‌شی زۆری موناقه‌شه‌که‌ له‌ سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ کار ده‌رکرانه‌کانی ڕۆژئاوای سوید و قه‌یرانی ئابووری له‌ لایه‌کی تر بوو. مونا سالین هێرشی کرده‌ سه‌ر حوکوومه‌ت که‌ پاره‌ی یارمه‌تیی سندووقی بێکاری (a-kassan) ی که‌مکردۆته‌وه‌ و له‌مباره‌وه‌ هیچ سه‌رمایه‌گوزارییه‌کی تایبه‌ت، له‌ بودجه‌ی ساڵی داهاتووی ده‌وڵه‌تدا، که‌ چه‌ند هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر پێشکه‌شکرا، نه‌کراوه‌. ئه‌و گوتی: ”ئه‌وه‌ی که‌ بێنی و تێکه‌ڵ به‌ بودجه‌ی حوکوومه‌تی بکه‌ی، ئه‌مه‌ به‌ش ناکات.”

فرێدریک ڕاینفێڵد سه‌رۆکوه‌زیر و سه‌رۆکی حیزبی مۆدێراتی سوید به‌ مۆنا سالینی گوت: ”ئه‌مه‌‌ی وا له‌ سه‌ر بودجه‌ و شێوه‌‌ی خۆت باسی ده‌که‌ی، تا ڕاده‌یه‌ک بێمانایه‌. ئه‌مه‌ی ئێمه‌ پاکه‌تێکی گه‌وره‌یه‌ به‌ ۳٢ میلیارد کرۆن و تێیدا خه‌رجه‌کان داده‌شکێن. سه‌یره‌ ئێمه‌ باجی داهات که‌م ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌چی تۆ هه‌ر دێیت و به‌رزیان ده‌که‌یته‌وه‌؟”

سوسیال دیمۆکراته‌کان جارێکی دیکه‌ش داوایان له‌ حیزبه‌ ده‌سته‌ ڕاستییه‌کانی هاوپه‌یمان کرد که‌ بلا له‌ چاره‌سه‌ریی قه‌یرانی ئابووریدا بێن و هاوکارییان بکه‌ن به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش هه‌ر هیچ بانگه‌وازێکیان بۆ نه‌هات.

ناسری سینا
nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".