(Familjehem)، خانووی بنه‌ماڵه‌‌

ئه‌مه‌ سه‌ردێڕی پرۆژه‌یه‌که‌ بۆ لاوان و مێرمنداڵانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌‌ جۆراوجۆره‌کانی نیشته‌جێی سوید که‌ پێویستییان به پێشکه‌شکرانی خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆ له‌ تاوانکاری ببوێرن.

ئیسابێللا کانۆڤ (Isabella Canow)، به‌رپرسیاری پرۆژه‌ی فامیلیێ هێم ئامانجی گشتی له‌م پرۆژه‌یه‌، دۆزینه‌وه‌ و ڕاگرتنی شێوه‌گه‌لی‌ نوێی خانووی بنه‌ماڵه‌یه‌. هاوکاتیش باشترکردن و پشتیوانی له‌و خانووه‌ بنه‌ماڵه‌ییانه‌ی‌ بتوانن به‌ نۆره‌ی خۆیان، مه‌رجی باشتر بۆ نیشته‌جێکردنی لاوان له‌و ماڵانه‌دا، ئاماده‌ بکه‌ن.

ئامانجی ئه‌م پرۆژه‌یه‌، هه‌راوترکردنی زانیارییه‌ له‌ سه‌ر خزمه‌تی خانووه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌کان له‌ ڕێگه‌ی فیدراسیۆنی سه‌ر به‌ که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌کان له‌ سوید. هه‌روه‌ها  شوێندانانان له‌ سه‌ر ڕوانگه‌ و بۆچوونی که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کانی کۆچه‌ر و نیشته‌جێی ئه‌م وڵاته‌، له‌ سه‌ر بۆ وێنه‌ هه‌ستی شه‌رم و تاوان له‌وه‌ی که‌ له‌ خانووی بنه‌ماڵه‌ییدا نیشته‌جێ کراون.

ئیسابێللا کانۆڤ (Isabella Canow)، به‌رپرسیاری پرۆژه‌ی فامیلیێ هێم ده‌ڵێ یه‌کێکی دیکه‌ له‌ ئامانگه‌لی ئه‌م پرۆژه‌یه‌، دۆزینه‌وه‌ی خانووی بنه‌ماڵه‌یی نوێیه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و فیدراسیۆنانه‌ی له‌م پرۆژه‌یه‌دا به‌شدارن و بانگهێشتنیان بۆ په‌روه‌رده‌ و ئاڵوگۆڕی ئه‌زموونه‌کان. یه‌کێ له‌وانیش فیدراسیۆنی کۆمه‌ڵه‌ کورد و کوردستانییه‌کان له‌ سوید.

ئامانجێکی دیکه‌ی پرۆژه‌که‌، به‌ربڵاوترکردنی ئه‌و هاوکارییه‌یه‌ له‌ نێوان کۆمه‌ڵه‌ی داڵده‌ده‌ری (Skyddsvärnet) و فیدراسیۆنه‌کانی به‌شدار له‌ پرۆژه‌که‌دا و ته‌نانه‌ت درێژه‌ی ئه‌و هاوکارییانه‌ دوای کۆتایی هاتنی پرۆژه‌که‌ش.

یا خود شوێندانان له‌ سه‌ر خانووه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌کان بۆ بوونه‌ ئه‌ندام له کۆمه‌ڵه‌ی (Skyddsvärnet) دا یا کۆمه‌ڵه‌ هاوچه‌شنه‌کان. ئه‌م خانووانه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌کانی خۆیاندا ده‌توانن له‌ نۆره‌دا بن و خۆ بۆ جێگیرکردنی لاوه‌کان ئاماده‌ بکه‌ن.

به‌ڵام ئه‌م پرۆژه‌یه‌‌ کێ ده‌گرێته‌وه‌؟

ئیسابێللا کانۆڤ (Isabella Canow)، به‌رپرسیاری پرۆژه‌ی فامیلیێ هێم وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: ئه‌و لاو و گه‌وره‌ساڵانه‌ی ته‌مه‌نیان تا ٢٥ ساڵه‌ و له‌ یه‌که‌م قۆناغدا ئه‌و لاوه‌ بیانییانه‌ی پێویسته‌ له‌ خانووی بنه‌ماڵه‌ییدا جێگیر بکرێن. پرۆژه‌که‌ هه‌روه‌ها ئه‌و خانووه‌ بنه‌ماڵه‌ییانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ له‌ خه‌ریکن تازه‌ به‌رپا ده‌بن.

پرۆژه‌ی خانووی بنه‌ماڵه‌ بۆ سێ ساڵ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ. له‌ سه‌ره‌تای ٢٠٠٨ه‌وه‌ تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٠. بودجه‌ی پرۆژه‌که‌ له‌ یارمه‌تییه‌کانی میراتی گشتی (Allmänna Arvsfonden)، دابین ده‌کرێ و بۆ نموونه‌ خه‌ریکی دانی زانیاری و ڕاکێشانی سه‌رنجی خانووه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌کان ده‌بێ و سمینار و جڤینی جۆراوجۆر داده‌نێ و بابه‌تی فێرکاری ئاماده‌ ده‌کات.

به‌رپرسی ئابووری و به‌ڕێه‌به‌رایه‌تیی ئه‌م پرۆژه‌یه‌، کۆمه‌ڵه‌ی (Skyddsvärnet)ه‌ و ده‌سه‌ته‌کی به‌ڕیوه‌به‌ریی هه‌یه‌ که‌ له‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ و فیدراسیۆنه‌کانی ئه‌ندام له‌ SIOS پێکهاتووه‌. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ جارێ هه‌ر له‌ پارێزگای ستۆکهۆڵم به‌ڕێوه‌ ده‌چێ و له‌وانه‌یه‌ له‌ داهاتوودا خۆ بکشێبێته‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی وڵاتیشه‌وه‌.

گرنگیی زمان و فه‌رهه‌نگی هاوبه‌ش

 ئه‌وه‌ی لاوان، له‌و خانووه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌ ناسویدییانه‌دا جێگیر بکرێن که‌ به‌ هه‌مان زمان قسه‌ ده‌دوێن و هه‌ڵگری هه‌مان فه‌رهه‌نگن یه‌کجار گرنگه‌. ئه‌مه‌ به‌ لای به‌رپرسانی پرۆژه‌که‌وه‌ گه‌لێ گرنگه‌ که‌ ئه‌و لاوانه‌ به‌ چاوی خۆیان ببینن که‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێ گه‌وره‌ساڵ، کاری ناڕه‌وا و ناسازده‌ر ده‌که‌ن، ئه‌وا هه‌موو گه‌وره‌ساڵێک وا ناکه‌ن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".