هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له‌ هه‌واڵه‌کانی 14ی ئۆکتۆبه‌ر

له‌ دوێنێوه‌ ڕه‌وڕه‌وه‌ی بازاڕه‌کانی دراو جووڵه‌یه‌کی هێمنیان تێکه‌وتۆته‌وه‌‌، ئه‌مه‌ پاش کۆبوونه‌وه‌کانی کۆتایی هه‌فته‌ی ڕابووردوی ووڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپادا دێت له‌ پاریس، بازاڕی دراوی ستۆکهۆلم به‌ له‌سه‌دا 8.8 به‌رزبۆته‌وه،‌ ئه‌مه‌ شانبه‌شانی به‌رزبوونه‌وه‌ی بازاڕی دراوه‌کانی ئه‌مه‌ریکاو ووڵاتانی تری ئه‌وروپا. دووخاڵی گرنگ له‌ پلانه‌کانی ووڵاتنی ئه‌ندام له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپادا، بۆ ڕزگارکردنی بازاڕ له‌و قه‌یرانه‌ ئابووریه‌ی که‌ نزیکه‌ی مانگێکه‌ بازاڕی شێواندوه‌، ئه‌وه‌یه‌ :‌ یه‌که‌م حکومه‌ته‌کان گه‌ره‌نتی پرۆسه‌ی قه‌رزی بانقه‌کان تاکۆتای ما‌نگی دیسه‌مبه‌ری 2009 به‌ره‌دوامبێت، هه‌روه‌ها خاڵێکی تر به‌هێزکردنه‌وه‌ی توانای سه‌رمایه‌ی پشکه‌کانی بانقه‌. ئه‌م دوو هه‌نگاوه‌ پێده‌چێت متمانه‌ بۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بانقه‌کاندا بگه‌ڕێنێته‌وه‌. به‌ڵام که‌وتنه‌وه‌ گه‌ڕی بازاڕی دراو مانای کۆتای ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابووریه‌ ناگه‌ێه‌نێت، به‌ڕای (یۆران کۆله‌رGöran Collert- ) به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی لیژنه‌ی سه‌رۆکایه‌تی (سوێبانکه‌ن-Swebanken)

به‌ڵێ، بێشک ئه‌م جوڵه‌یه‌ی بازاڕ هه‌ستانه‌وه‌ی ته‌واونیه‌و به‌ڵکه‌  (یۆران کۆله‌ر) ده‌ڵێ، ده‌ستپێکردنی قۆناغێکی تره‌ له‌ خراپ بوونی بازاڕی ئابوwری.  ئه‌م قسانه‌ی )کۆله‌ر( له‌کاتێکدا دێت که‌ زۆر له‌ شاره‌زایانی بواری ئابووری که‌وتنه‌وه‌ گه‌ڕی بازاڕی دراو به‌ خاڵی وه‌رچه‌رخانی قه‌یرانه‌ ئابووریه‌کان ده‌ژمێرن. (یۆران کۆله‌ر) به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی لیژنه‌ی سه‌رۆکایه‌تی (سوێبانکه‌ن) ده‌ڵێ له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابووردودا فاکته‌ری مه‌ترسیداری ئابووری وا له‌ بازاڕدا که‌ڵه‌که‌کراون که‌ چه‌ند ساڵێکی ئه‌وێت بۆ خۆگرتنه‌وه‌و هه‌ڵسانه‌وه‌ی بازاڕ له‌م قه‌یرانه‌.

له‌گه‌ڵ داڕشتنی پلانه‌چاره‌سازخوازه‌کانی ووڵاتانی ئه‌وروپا سویدیش لای خۆیه‌وه‌ پلان بۆ داڕشتنی ڕێسای ئابووری نوێ ئاماده‌ده‌کات. (ئه‌نده‌رش بۆری Anders Borg- ) وه‌زیری دارایی سویدو سه‌رۆک وه‌زیرانی سوید (فرێدریک ڕه‌ینفێڵدFredrik Reinfeldt- ) جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی گونجاندنی یاساو ڕێسا ئابووریه‌کانی سوید له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ووڵاتانی تری ئه‌وروپادا ده‌که‌نه‌وه. هه‌روه‌ها له‌و چاوپێکه‌وتنانه‌دا که‌ ڕۆژنامه‌ی داگه‌نسنیهێته‌ری دوێنی له‌گه‌ڵیاندا ئه‌نجامی داوه‌، هه‌ردوو(ئه‌نده‌رش بۆری) و (ڕه‌ینفێڵد) ‌جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی ڕۆڵی حکوومه‌ت له‌ گه‌ره‌نتی کردنی پرۆسه‌ی قه‌رزی بانقه‌کان و یاسای نوێی ئابووری ده‌که‌نه‌وه‌، وه‌ک دوو هه‌نگاوه‌چاره‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه‌ به‌ بازاڕو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بانقه‌کان.

.....................................

سێ نوێنه‌ری به‌ره‌ی هاوپه‌یمان له‌ حکومه‌تی سویدا بڕیاری وه‌ستاندنی فرۆشتنی خانوی کرێی کۆمونه‌کان و گۆڕینیان به‌ خانوبه‌ره‌ی موڵکداری له‌ووتارێکی هاوبه‌شدا که‌له‌ داگه‌نسنیهێته‌ری ئه‌مڕۆدا بڵاوبۆته‌وه‌، ڕاگه‌یاند. هه‌ر له‌و ووتاره‌دا هاتووه‌ که‌ پرۆسه‌ی فرۆشتنی خانووی کرێ له‌ کۆمونه‌کانی ناوشاری ستۆکهۆلمدا ژماره‌ی خانووی کرێ و خانووی موڵکی گه‌یانده‌ ئاستێکی خوازراو. ئاستێک که‌ حکوومه‌ت ئاوه‌ته‌خوازی بوو، ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌ک که‌ خانووی کرێ له‌ ناوچه‌کانی سه‌نته‌ری شاردا ئێستا له‌سه‌دا 40- 50 ه‌یه‌. وه‌ستاندنی فرۆشتنی خانووی کرێ له‌ کۆمۆنه‌کانی ناوشاری ستۆکهۆلمدا له‌کاتێکدا دێت که‌ خواستی به‌کرێ گرتنی خانوو له‌ ستۆکهۆلمدا زیادی کردووه‌. هه‌روه‌ها هه‌رسێ نوێنه‌ری به‌ره‌ی هاوپه‌یمان له‌ حکوومه‌تی سویدا، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌م بڕیاره‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ گۆڕانکاریه‌کانی بارودۆخی بازاره‌وه‌ نیه‌، به‌ڵکو ئه‌مه‌ پرسێکه‌ که‌ ده‌مێکه‌ حکومه‌ت تاووتوێی ده‌کات.

.....................................

سه‌ندیکای فه‌رمانبه‌ران (Tjänstemensfacket) TCO داواده‌کات که‌ یاسا‌ نوێکانی تایبه‌ت به‌ بیمه‌ی نه‌خۆشی چاویان پێدا بخشێنرێته‌وه‌. به‌پێی یاسای نوێی بیمه‌ی نه‌خۆشی (sjukförsäkring) که‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی حه‌وتدا خرایه‌ کار، مافی بیمه‌ی نه‌خۆشی له‌ سه‌دا )80( وه‌ که‌مکرایه‌وه‌ بۆ له‌سه‌دا )75(، ئه‌م که‌مکردنه‌وه‌یه‌ به‌رای سه‌ندیکای فه‌رمانبه‌ران نا عه‌داله‌تی ناوه‌ته‌وه‌و زۆر له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی که‌ توشی نه‌خۆشی سه‌خت هاتوون و توانای کارکردنیان بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ نابێت، زه‌ره‌رمه‌ند بوون. هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌یه‌کی تر که‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌و یاسا نوێیه‌ی تایبه‌ت به‌ بیمه‌ی نه‌خۆشی ده‌کرێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ مامه‌ڵه‌ی یه‌کسان له‌گه‌ڵ که‌سانی نه‌خۆشدا ناکرێت، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ زۆر که‌س که‌ هه‌مان بارودۆخی نه‌خۆشیان هه‌بووه‌ به‌ شێوه‌ی جیاواز مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا کراوه‌ به‌تایبه‌ت ڕێژه‌ی ئه‌وبیمه‌یه‌ی که‌ له‌کاتی نه‌خۆشیدا وه‌ریان گرتووه‌. هه‌ربۆیه‌ سه‌ندیکای فه‌رمانبه‌ران داواده‌کات که‌ حکوومه‌ت ده‌ستوبرد گروپێکی تایبه‌ت بۆ به‌دواداچونه‌وه‌ی ئه‌و یاسا نوێیه‌ پێکبهێنێت.

...................................

دوو هه‌واڵی ته‌ندروستی بۆ ئه‌و که‌سانی مه‌یخۆر و جگه‌ره‌کێش.

هه‌واڵی یه‌که‌م سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی ڕێژه‌ی مه‌یخواردنه‌وه‌و قه‌باره‌ی مێشک، له‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کدا که‌ له‌ یه‌کێک له‌ زانکۆکانی ئه‌مریکادا ئه‌نجامدراوه‌ ده‌رکه‌ووتوه‌ که‌ ئه‌و که‌سانه‌ی مه‌ی ده‌خۆنه‌وه‌ قه‌باره‌ی مێشکیان بچوکده‌بێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ چه‌ند مه‌ی زۆرتر بخۆیته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ قه‌باره‌ی مێشکت بچوک ئه‌بێته‌وه‌. ئه‌م ئه‌نجامه‌ نوێیه‌ ئه‌وه‌ ده‌رئه‌خات که‌ مه‌یخواردنه‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ دڵ و ده‌ماره‌کان له‌ نه‌خۆشی ئه‌پارێزێت، مێشک توشی زه‌ره‌رێکی به‌رچاو ئه‌کات.

به‌پێی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ خواردنه‌وه‌ی زیاد له‌ (14) په‌رداخ مه‌ی له‌ هه‌فته‌یه‌کدا قه‌باره‌ی مێشک ئه‌که‌وێته‌ به‌رمه‌ترسی بچووکبونه‌وه به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا( 2 ) ‌له‌ماوه‌ی( 10‌) ساڵدا. له‌ ئه‌نجامه‌کانی تری ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ژنان زیاد له‌پیاوان، مه‌یخواردنه‌وه‌ کار له‌ قه‌باره‌ی میشکیان ئه‌کات، هه‌رچه‌نده‌ پیاوان زیاتر مه‌ی بخۆنه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ پیاوان وابزانن مه‌ترسیه‌کان له‌وان دووره‌و هه‌ر ژنانان که‌ زیاتر ز‌ه‌ره‌ر مه‌ندن، به‌ڵام نا،  پیاوان دڵتان خۆشنه‌بێت به‌و ئه‌نجامه‌ ئێوه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌‌کی ترتان له‌سه‌ره‌، هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌مه‌ن کورتی به‌هۆی جگه‌ره‌ کێشانه‌وه‌.  له‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی نوێی به‌رفراوان که‌ به‌ هاوکاری یه‌کێک له‌ زانکۆکانی  ‌ووڵاتی فینلاندا و ئینستیتیوتی ته‌ندروستی میللی ئه‌و ووڵاته‌دا  ئه‌نجامدراوه‌ ، ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ ئه‌و پیاوانه‌ی که‌ جگه‌ره ده‌کێشن (10) ساڵ که‌متر له‌و پیاوانه‌ ده‌ژین که‌ جگه‌ره‌کێش نین. جگه‌ له‌مه‌ ئه‌و پیاوانه‌ی که‌ جگه‌ره‌کێشنین له‌ش و لارێکی ته‌ندروست ترو تواناو گووڕێکی باشتریان له‌و که‌سانه‌ هه‌یه‌ که‌ جگه‌ره‌کێشن.

nazanin.mahmod@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".