هه‌ڵبژارده‌ی هه‌واڵه‌کانی پێنجشه‌ممه‌ ١٦/١٠/٢٠٠٨

ئاماده‌کردنی ناسری سینا

جان مه‌ککه‌ین و باراک ئوباما، له‌ دوایین موناقه‌شه‌ی تله‌فزیۆنیی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماریی خۆیاندا به‌شدار بوون. له‌ حاڵێکدا‌ که‌ ته‌نیا سێ هه‌فته‌ بۆ ده‌نگوه‌رگرتنی ڕۆژی چواری نۆڤه‌مبه‌ر ماوه‌، سناتۆر مه‌ککه‌ین به‌رئه‌ندامی کۆماریخوازه‌کان ده‌بێ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی مه‌ودای خۆی له‌گه‌ڵ خه‌نیمی دیمۆکراتی به‌ هێزه‌وه‌ تێبکۆشێ. بیروڕاپرسینه‌کان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن که‌ سناتۆر ئوباما، له‌ ڕاکێشانی سه‌رنجی ئه‌رێنیی خه‌ڵکدا، وه‌پێش خه‌نیمه‌که‌ی که‌وتووه‌.

مه‌ککه‌ین و ئوباما، له‌ سه‌ره‌تای مو‌ناقه‌شه‌که‌ی خۆیاندا پارێزگارییان له‌ گه‌ڵاڵه‌ ئابوورییه‌کانی خۆیان کرد و ره‌خه‌یان له‌وه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ریان گرت.

مه‌ککه‌ین پێشنیاری که‌مکردنه‌وه‌ی ٥٢ میلیارد دۆلاریی باجی کرد بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و خانه‌نشینانه‌ی له‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی دوایی، زیانیان وێکه‌وتووه‌.

ئوباماش له‌ به‌رامبه‌ردا، ویستیاری ئه‌وه‌ بوو که‌ ٦٠ میلیارد دۆلار، پاره‌ی زێده‌ بۆ یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ ویلایه‌ته‌کان و شه‌ریکه‌کان و ئه‌و که‌سانه‌ی نه‌یانتوانیوه‌ کار بدۆزنه‌وه‌ ته‌رخان بکات، ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی کار.

مه‌ککه‌ین له‌ هێرشێکدا بۆ سه‌ر ئوباما گوتی که‌ پرۆژه‌کانی ئه‌و بۆ به‌رزکردنی باج، ئه‌ویش له‌ ڕه‌وتی سستیی بازاڕدا، کاره‌سات ده‌خوڵقێنێ.

ئوباماش له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌وڵی دا که‌ سیاسه‌ته‌ تێکشکاوه‌ ئابوورییه‌کانی بوش، به‌ سیناتۆر مه‌ککه‌ینه‌وه‌ گرێ بدات، به‌ڵام جان مه‌ککه‌ین گوتی که‌ ئه‌و بوش نییه‌ و ئوباما و حیزبه‌که‌ی ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یان له‌ سیاسه‌تی بوش هه‌بووه‌ ده‌بوا ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئه‌و له‌ سه‌ر کار بووه‌، بیانکردبایه‌.


٢٧ وڵاتی ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا، به‌سته‌ی ڕزگاریده‌ری ئابووریی وڵاتانی یۆرۆیان په‌سند کرد. سه‌رۆکانی وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا، به‌محاڵه‌وه‌ له‌ سه‌ر کێشه‌ی ژینگه‌دا یه‌کده‌نگ نه‌بوون و ده‌یانگوتی له‌ به‌ر قه‌یرا‌نه‌ ئابوورییه‌ جیهانگیرییه‌

نیکۆلاس سه‌رکوزی، سه‌رۆککۆماری فه‌رانسه‌ و سه‌رۆکی ئێستای یه‌کێتیی ئه‌ورووپا گوتی: ”ئێمه‌ ده‌بێ چاوێکمان له‌ هه‌ندێ وڵاتی ئه‌ندام بێت که‌ خاوه‌نی گرفتی تایبه‌تیی خۆیانن. به‌ڵام پرسی ژینگه‌، له‌ سه‌رووی هه‌موو گرفته‌کانه‌وه‌یه‌. ئه‌مه‌ به‌رپرسییه‌کی مێژووییه‌.”

فرێدریک ڕه‌ینفێڵد سه‌رۆکوه‌زیری سوید گوتی هه‌رچه‌ند ئه‌و مو‌ناقه‌شانه‌ له‌م جڤینه‌دا کران و سه‌رۆکده‌وڵه‌ته‌کان پاساوی خۆیان هێنایه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئێمه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٧دا بۆ بڕیاردان له‌ سه‌ر پرسی ژینگه‌، شتێکی زۆر گه‌وره‌ بوو و ژینگه‌ و که‌ش و هه‌واش، خۆ ناتوانی له‌ سه‌ر که‌س ڕاوه‌ستێ و چاوه‌ڕێی بکات.


له‌ گوێن توێژینه‌وه‌یه‌کی نوێی ده‌زگای باج، ساخته‌کاری له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی شیرکه‌تگه‌لی تاکسی ئاژۆتن له‌ سێ شاری‌ گه‌وره‌‌ی ستۆکهۆڵم، یۆتێبۆری و مالموێ دا که‌مبۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م ده‌زگایه‌ به‌مه‌ ڕازی نییه‌ و ده‌یه‌وێ تاکه‌که‌سه‌کانیش که‌ تاکسی لێده‌خوڕن بخاته‌ ژێر کۆنترۆڵه‌وه‌ تا نه‌توانن به‌ ڕه‌ش، موسافیر بگوازنه‌وه‌.


ئوتومبیله‌‌کانی ڤۆلڤۆ و ساب، له‌ لایه‌ن شه‌ریکه‌کانی خاوه‌نیانه‌وه‌ واتا فۆرد و جێنراڵ مۆتۆرزه‌وه‌، مه‌ترسیی ڕکه‌به‌رییان له‌ سه‌ره‌. له‌ مانگی سێپته‌مبه‌ردا، ڕێژه‌ی فرۆشی ئوتومبیلی ساب له‌ ئه‌ورووپا، نزیکه‌ی ۳٢ له‌سه‌د و ڤۆڵڤۆ، نزیکه‌ی پازده‌ له‌سه‌د که‌مبۆوه‌.

ئاندێرش زیگا، شرۆڤه‌وانی شه‌ریکه‌ی ستاندارد ئه‌ند پوور، گه‌وره‌ترین شه‌ریکه‌ی نرخاندن له‌ جیهاندا، ده‌ڵێ مه‌ترسیی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م دوو شه‌ریکه‌یه‌، گشت پاره‌کانیان ته‌واو بێت زۆره‌. بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش، ڕێژه‌ی متمانه‌مان به‌م دوو شه‌ریکه‌یه‌، دابه‌زێنین‌. ‌


سزای تاوانکاریی به‌ شێوه‌ی به‌کارهێنانی توندوتیژیی جیددی، قورستر ده‌بێت. هه‌روه‌ها دووباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌م تاوانکارییه‌، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش سزای گه‌وره‌تری به‌دواوه‌ ده‌بێت. ئه‌مانه‌ له‌ گوێن پێشنیارێک که‌ ئه‌مڕۆ به‌دوای توێژینه‌وه‌ له‌ سه‌ر ڕێژه‌‌ی سزادرانه‌کان، پێشکه‌ش به‌ بیاتریس ئاسک وه‌زیری دادی سوید کرا. توێژینه‌وه‌که‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ کۆمه‌ڵگا وه‌ک جاران ته‌حه‌مولی به‌کارهێنانی توندوتیژی ناکات، ئه‌مه‌ش هۆیه‌کی باشه‌ بۆ قه‌رسترکردنی سزای تاوانکاریی توندوتیژانه‌.

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".