پلانی سه‌قامگیریی دارایی ده‌وڵه‌تی سوید

حوکوومه‌تی سوید، پێشنیارێکی وه‌ک پلانی سه‌قامگیریی سیسته‌می ئابووریی وڵات، هێنایه‌ گۆڕێ. به‌ پێی ئه‌و پلانه‌ که‌ ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مانی سویددا پێشکه‌ش کرا، سوید هه‌ندێ به‌رنامه‌ی له‌به‌رچاو گرتووه‌ که‌ باری دارایی وڵات، له‌و ته‌نگژه‌یه‌ی تێی که‌وتووه‌ ده‌رباز بکات و ئاسایشی ئه‌م باردوخه‌ سه‌قامگیر بکات. هه‌روه‌ها ئه‌و کارتێکه‌رییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ی له‌ سه‌ر دارایی جیهانی، شوێن داده‌نێن، له‌ به‌ر چاو بگرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ، سیسته‌مێکی گه‌ره‌نتی  پێشنیار ده‌کرێ که‌ بڕوا و متمانه‌ی خه‌ڵک، به‌رێته‌وه‌ سه‌رێ و به‌م جۆره‌ خه‌رجی قه‌رزه‌کان، له‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ و شه‌ریکه‌کان، دابشکێنێت.

به‌ پێی قسه‌ی وه‌زیری کۆمۆنه‌کان و بازاڕی ئابووریی سوید، ماتس ئودێل، حوکوومه‌ت پێشنیار ده‌کات که‌ هه‌نگاوی به‌هێز بۆ سووککردنه‌وه‌ی کاریگه‌ریی نیگه‌رانییه‌ ئابوورییه‌کان له سه‌ر بنه‌ماڵه‌ و شیرکه‌ته‌کانی سوید، هه‌ڵبگیرێن. ده‌زگای بانکه‌کانی سوید، زۆر به‌ باشی ته‌یار کراوه‌ و ڕێکوپێکه‌ که‌چی ده‌کوێته‌ ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و نیگه‌رانییه‌ ئابوورییه‌ی جیهانی گرتۆته‌وه‌. بۆیه‌ش حوکوومه‌ت داوای وه‌کاله‌تدارییه‌کی به‌رفره‌وان ده‌کات تا بتوانێ ئه‌و ڕێگه‌چار‌انه‌ی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵک، پێویستن جێبه‌جێ بکات.

ئاندێرش بۆری، وه‌زیری دارایی سوید ده‌ڵێ: ئێمه‌ هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ده‌مانه‌وێ سه‌قامگیریی دارایی وڵات بپارێزین و متمانه‌ی خه‌ڵک بگه‌ڕێنینه‌وه‌، ده‌شمانه‌وێ باجده‌ره‌ سویدییه‌کان، باری ئه‌و خه‌رجانه‌ی له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێ ڕێگه‌چاره‌ له‌ داهاتوودا لێیان بکه‌وێته‌وه‌ هه‌ڵنه‌گر‌ن. سنووربه‌ندیی ڕوون و ئاشکرا بۆ نموونه‌ هه‌قده‌ست و پاداشت (بونوس) ی سه‌رۆک بانکه‌کان، ده‌بێ به‌ گوێره‌ی ئه‌و ڕێگه‌چارانه‌ی ئێمه‌ بن و ئه‌مه‌ به‌ سوودی هه‌ندێ دامه‌زراوه‌ی ئابووری ده‌شکێته‌وه‌.

پلانی سه‌قامگیریی ئابووری، ئه‌و وه‌کاله‌تدارییه‌ی ده‌داته‌ حوکوومه‌ت که‌ به‌‌و شێوانه‌‌ی پێشبینی ده‌کرێن و به‌رژه‌وه‌ندیی باجده‌ران ده‌پارێزن، گرفتی که‌میی نه‌غدینه‌ له‌ داهاتوودا چاره‌سه‌ر بکه‌ن. پێشنیاره‌که‌ی حوکوومه‌تی سوید، له‌ گه‌ڵ ده‌سکه‌وته‌کانی شۆرای ئه‌ورووپا له‌م باره‌وه‌، شێوه‌ وه‌رده‌گرێ و له‌ قاڵب ده‌درێت.

پلانی سه‌قامگیریی دارایی سوید، هه‌ڵگری ئه‌م ڕێگه‌چارانه‌یه‌:

  •  به‌رنامه‌ی گه‌ره‌نتی: حوکوومه‌تی سوید، لانی زۆر هه‌زار و پێنسه‌د میلیارد کرۆن وه‌ک گه‌ره‌نتی بۆ پشتگیری له‌ بانک و دامه‌زراوه گه‌وره‌‌کانی خانووبه‌ره، له‌ به‌رچاو گرتووه‌. شیرکه‌ت و دامه‌زراوه‌کان بێتوو بیانه‌وێ ده‌توانن بۆ ئه‌م شته‌ له‌ گه‌ڵ حوکوومه‌ت ڕێککه‌ون و خه‌رجی ئه‌و گه‌ره‌نتییه‌ بده‌ن.
  •  فۆندی سه‌قامگیری: بۆ چاره‌کردنی گرفتی که‌میی نه‌غدینه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌کی ئابووریی سوید، فۆندێکی سه‌قامگیری بنیات ده‌نرێ و حوکوومه‌ت نزیکه‌ی ١٥ میلیارد کرۆن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ته‌رخان ده‌کات. ئامانجی ئه‌م فونده‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌گه‌ڵ فۆندی گه‌ره‌نتیی پاره‌دانان، که‌ هه‌ر ئێستا ١٨ میلیارد کرۆن، پاره‌ی هه‌یه‌، دوو و نیو له‌ سه‌دی سه‌رجه‌می به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی (بێ ئێن پێ)، له‌ ماوه‌ی پازده‌ ساڵدا پێک بێنێت.
  •  زێده‌کۆمه‌کیی سه‌رمایه‌: گشت کۆمه‌که‌ زێده‌ییه‌کانی سه‌رمایه‌ له‌ داهاتوودا له‌ قۆناغی یه‌که‌مدا، به‌ شێوه‌ی پێباشبوون و لێکدانه‌وه‌ی حوکوومه‌ت ده‌درێن به‌و واتایه‌ که‌ حوکوومه‌ت بڕیار ده‌دا که‌ ئاخۆ، هه‌بوونی ئه‌م دامه‌زراوه ئابوورییه‌ به‌ گشتی، چه‌نده‌ به‌ سوودی ‌سیسته‌می دارایی وڵات ده‌شکێته‌وه‌.
  •  به‌شه‌پشک کڕینه‌وه به‌ زۆر‌: ده‌وڵه‌ت ئه‌و مافه‌ی ده‌درێتێ که‌ له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تدا، وه‌ک خاوه‌نی هه‌ره‌ زلی دامه‌زراوه‌که‌، به‌شه‌پشکی خاوه‌نانی دیکه‌ش به‌ تۆبزی، به‌ نرخی بازاڕ بکڕێته‌وه‌.
  • ـ مه‌رجی دیکه‌: ئه‌و دامه‌زراوه ئیعتبارییه‌ی یارمه‌تی له‌ ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گرێ ده‌بێ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ قه‌بوڵ بکات‌، که‌ ڕێژه‌ی هه‌قده‌ست و پاره‌ی قه‌ره‌بووی سه‌رۆکانی بڕیارده‌ری خۆی، سنووردار بکاته‌وه‌.
  •  خه‌زێنه‌داریی سوید ده‌وری سه‌ره‌کیی ده‌بێت و وه‌ک به‌رپرسێکی حوکوومه‌تی، ئه‌رکی جێبه‌جێکردنی سیسته‌می گه‌ره‌نتی، فۆندی سه‌قامگیری و فۆندی زێده‌کۆمه‌کیی سه‌رمایه‌ی له‌ سه‌ر شان ده‌بێت.
  •  به‌رده‌و‌امبوون له‌ سه‌ر ڕێگه‌چاره‌کان: پشکێنه‌رانی دارایی، ئه‌و ئه‌رکه‌یان پێده‌سپێردرێ که‌ به‌ سوودی بنه‌ماڵه‌ و شه‌ریکه‌کان، چاوه‌دێری له‌ ڕێگه‌چاره‌ گه‌وره‌کان بکه‌ن.

ناسری سینا

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".