هه‌واڵه‌کانی ڕۆژی پێنج شه‌ممه، 8ی یانوه‌ری‌

ئاستی مایه‌پووچی کارگه‌کان له ماوه‌ ساڵی ڕابووردودا به‌ له‌سه‌دا 12 زیادیکرد، هه‌روه‌ها له‌ ئاماره‌کانی کۆمپانیای زانیاریدان له‌سه‌ر قه‌رزداری کرێدیتئوپلیسنینگسفیۆرێتاگ، (kreditupplysningsföretag UD)ده‌رکه‌ووتوه‌ که‌ به‌ته‌نها له‌مانگی دێسه‌مبه‌ری ڕابووردودا مایه‌پووچی کارگه‌کان گه‌یشته‌ له‌سه‌دا 41 واتا نزیکه‌ی زیاد له‌ 500 کارگه‌ توشی مایه‌پووچی هاتن.

که‌رتی گواستنه‌وه‌ له‌ پێشه‌نگی ئه‌و مایه‌پووچیه‌ دابوون و پاش ئه‌وان سه‌رۆکی به‌شی کاروباری بازاڕ له‌ کۆمپانیای زانیاریدان له‌سه‌ر قه‌رزداری ڕۆلاند سیگبلاد (Roland Segblad) ده‌ڵێت، پاش ئه‌وان که‌رتی ڕینماییدان و که‌رتی چێشتخانه‌کان هه‌روه‌ها که‌رتی دوکانداری، له‌لیستی مایه‌پووچاندان.

له‌ پێشبینیه‌کانی کۆمپانیای زانیاریدان له‌سه‌ر قه‌رزداری بۆ ساڵی 2009 زیادکردنی مایه‌پووچیه‌ به‌ ڕاده‌ی له‌سه‌دا 25. ئه‌م قه‌یرانه‌ له‌ بازاڕی ئابووری سویدا سه‌ره‌تاکانی ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانمان به‌بیر دێننه‌وه‌، به‌رای ئه‌وان سه‌رۆکی به‌شی کاروباری بازاڕ له‌ کۆمپانیای زانیاریدان له‌سه‌ر قه‌رزداری ڕۆلاند سیگبلاد.


‌جه‌نگی گاز له‌نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا که‌له‌ یه‌که‌م ڕۆژی ساڵی نوێوه‌ که‌وته‌وه‌ تا ئیستا به‌رده‌وامه‌و بۆریه‌ گازه‌کانی نێوان روسیا ئه‌وروپا که‌ به خاکی ئۆکرانیادا تێپه‌ڕده‌بن گیراونه‌ته‌وه‌. بۆ گفتوگۆ له‌سه‌رئه‌و کێشه‌یه‌ ڕوسیاو ئۆکرانیا ئه‌مڕۆپێنج شممه‌ له‌ برۆکسلی پایته‌ختی به‌لجیکا له‌گه‌ڵ ووڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا کۆده‌بنه‌وه‌. له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا به‌قسه‌ی سه‌رۆکی کۆمیسێۆنی یه‌کێتی ئه‌روپا خوسێ مانوێل بارۆسۆ  (José Manuel Barros) پرسی گرنگ  چۆنیه‌تی چاوه‌دێرکردنی یه‌کێتی ئه‌وروپایه‌ بۆ گازی تێپه‌ڕبوو له‌ خاکی ئۆکرانیاوه‌ بۆ ئه‌وروپا.  جێی باسه‌ بوترێت که‌ زه‌ره‌رمه‌ندی گه‌وره‌ له‌م کێشه‌یه‌دا ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپایه‌ وه‌ک بولگاریا ،رۆمانیا، پۆلۆنیا که‌ زۆربه‌ی شوێنه‌ گشتیه‌کان وه‌ک خوێندنگاو کارگه‌کان، به‌هۆی نه‌بوونی گه‌رمکه‌ره‌وه‌ داخراون،  ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ پله‌ی گه‌رما دابه‌زیوه‌ته‌ ئاستی 28 پله‌ی خوار سفری سه‌دی.  به‌ڵام چاوه‌ڕێناکرێت کۆبونه‌وه‌کانی ئه‌مڕۆ بۆ تاوتوێ کردنی جه‌نگی گازی نێوان ڕووسیاو ئۆکرانیا ئه‌نجامی خێراو به‌رده‌ته‌یان لێبکه‌ونه‌، هه‌ربۆیه‌ پێ ناچێ ئه‌وروپای سه‌رمابردووله‌م کێشه‌یه‌دا هه‌روا زوو گازی ڕووسیان پێبگات و گه‌رمیان بێته‌وه‌.

سوید له‌ چاوی ووڵاتانی ئه‌روپادا بۆته‌ هیوای چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا که‌ ستۆکهۆلم  له‌ساڵی 1977ه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاو یه‌کێتی سۆڤیه‌تی ئه‌کاته‌وه‌ وه‌ک‌ بنکه‌ی چاره‌سه‌رکردنی ته‌نگژه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، دیاریکرا.  


ژماره‌ی په‌ناخوازان به‌شیوه‌یه‌کی به‌رچاو له‌ماوه‌ی ساڵی ڕابووردودا دابه‌زی، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا بوو که‌ هه‌ر له‌وساڵه‌دا ده‌ستگای کۆچ بڕیاری له‌سه‌ر ژماره‌یه‌کی زۆری داوای په‌نابه‌رانی دا. له‌ به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م گۆڕانکاریانه‌دا ده‌ستگای کۆچ به‌هیوایه‌ ماوه‌ی چاوه‌ڕوانی په‌ناخوازان بۆ وه‌ڵامی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ له‌ شه‌ش مانگ تێپه‌ڕ نه‌کات. هه‌ر له‌ ئاماره‌کانی ده‌ستگای کۆچدا هاتووه‌ که‌ له‌ماوه‌ی ساڵی ڕابوردودا نزیکه‌ی 25هه‌زار که‌س داوای په‌نابه‌ریان له‌سوید کردوه‌ ئه‌مه‌ ژماره‌یه‌کی که‌مه‌ به‌راورد به‌ ساڵی پیشووتر که‌ زیاد له‌ 36 هه‌زار که‌س بۆ په‌نخوازی هاتنه‌‌ سوید.  به‌ڵام ژماره‌ی په‌ناخوازی منداڵ واتا ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌خوار هه‌ژده‌ ساڵانه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌ی ساڵی 2008دا زیادیکرد، ئه‌و مناڵانه‌ زۆرینه‌یان له‌ ووڵاته‌کانی عێراق و سۆماڵ هه‌روه‌ها ئه‌فغانستانه‌وه‌ هاتبوون.


هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ پرسی په‌ناخوازان ڕۆژنامه‌ی داگه‌نسنیهێته‌ر (Dagensnyheter) ی سویدی له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا باس له‌ به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی هه‌زاران په‌ناخوازی عێراقی ده‌کات که‌ له‌لایه‌ن ده‌ستگای کۆچ و دادگای باڵاوه‌ داواکانیان ڕه‌تکراوه‌توه‌و بڕیاری نردنه‌وه‌یان دراوه‌. سوید داوا ده‌کات ئه‌و که‌سانه‌ سوید به‌جێ بهێڵن گه‌رنا به‌زۆر ده‌نێردرێنه‌وه‌، به‌رگرێک له‌به‌ر جێبه‌جێنه‌کردنی ناردنه‌وه‌ی په‌ناخوازاندا نه‌بوونی هێڵی ئاسمانی پێویست بووه‌ بۆ ناردنه‌وه‌یان، پیشتر ته‌نها یه‌ک هێڵی ئاسمانی بۆ ناردنه‌وه‌ی په‌ناخوازان دابینکرابوو، ئێستا جگه‌ له‌ چاوه‌ڕوانکردنی هێڵێکی تری ئاسمانی بۆ ئه‌مه‌به‌سته‌،  ده‌ستگای پۆلیسی سویدییش له‌م دواییانه‌دا فڕۆکه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌ناخوازانێک که‌ داکانیان ڕه‌تکراوه‌ته‌وه‌. ته‌رخانکردووه‌.   له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ی سوید و ووڵاتنی تری ئه‌روپا، ئۆرگانی پرسی کۆچبه‌ران له‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، داوا له‌ هه‌موو وولاتانی ڕۆژئاوا ده‌کات بڕیاری ناردنه‌وه‌ی په‌ناخوازانی عێراقی ڕابگرن، ئه‌مه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی که‌ عێراقی پێدا تێده‌په‌ڕێ.

له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ده‌ستگای کۆچ جه‌خت له‌ ناهه‌مواری بارودۆخی عێراق ده‌کاته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ش دڵنیا ئه‌کاته‌وه‌ که‌ به‌پێی بڕیاره‌کانی ئێستای ده‌ستگای کۆچ ته‌نها ڕێگه‌ی مانه‌وه‌ به‌و که‌سانه‌ ئه‌دات که‌ وه‌ک تاکه‌ که‌س به‌به‌ڵگه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌روه‌ ژیانیان له‌مه‌ترسیدایه‌. هه‌روه‌ها له‌سه‌ردانێکی مافناسی ده‌ستگای کۆچ یواکیم هیوگۆسۆن له‌ماوه‌ی مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ڕابوردودا بۆ عێراق ئه‌و رستیه‌ی لا ڕوونه‌ که‌ عێراق پیویستی به‌پسپۆڕان و ده‌ستی کاری شاره‌زایانی کۆچکردووی ئه‌و وولاته‌یه‌و هه‌ربۆیه‌ ڕێکخراوه‌کان و ده‌ستگا حکوومیه‌کانی عێراق کار بۆ دابین کردنی ژیانیان له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا ده‌کات. 

چاوه‌ڕێده‌کرێت له‌ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا ده‌ستگای کۆچ ڕاپۆرتێکی نوێ سه‌باره‌ت به‌  بارودۆخی ئه‌منی له‌عێراق پێشکه‌ش بکات، هه‌ر ئام راپۆرته‌ش ئه‌بێته‌ بنه‌مای بڕیاره‌کانی ده‌ستاگای کۆچ سه‌باره‌ت به‌ پرسی په‌ناخوازان.


مۆزه‌خانه‌ی ته‌کنیکی له‌ ستۆکهۆلم به‌م نزیکانه‌ چالاکیاکه‌ی تایبه‌ت به‌ پرسی ووزه‌ بۆ مناڵانی نێوان 10تا 15 ساڵان ئاماده‌ده‌کات. چالاکیه‌که‌ بریتییه‌ له‌ پێشانگایه‌کی یاری ئامێز که‌ میوانان به‌به‌شداری له‌ وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیاردا ئه‌خرێنه‌ به‌رده‌م بڕیاری هه‌ڵبژاردنی ڕێگه‌ چاره‌ی جیاواز له‌سه‌ر پرسی ووزه‌، ئه‌وه‌ش له‌شیوه‌ی بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی بۆنموونه‌ جۆری خوارد، شوێنی ژیان و مال، سه‌فه‌رکردن، بازاڕکردن به‌گشتی که‌ ئه‌مانه‌ به‌شێکن له‌و چالاکیه‌ ڕۆژانانه‌ی که‌ کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ووزه‌ی به‌کارهاتوو له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا به‌گشتی، هه‌یه‌.


زیادبوونی پاسکیله‌وانانه له‌ شاره‌ گه‌وره‌کانی سوید به‌ڕێژه‌ی دووجا به‌راورد به‌ 10ساڵ له‌مه‌و به‌ر زیادی کردوه‌. ده‌ستگای گواستنه‌وه‌ له‌ لینشیۆپینگ (Lingköping) جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ کۆمه‌ڵگا به‌شیوه‌یه‌کی گشتی له‌ دیارده‌ی به‌کارهێنانی پاسکیل وه‌ک هۆکارێکی گواستنه‌وه‌ سودمه‌ند ئه‌بێت هه‌ربۆیه‌ کارێکی باشه‌ گه‌ر سوید ئاسانکاری زیاتر له‌ ڕێگاوبانه‌کان بۆ پاسکیلوانان بکات.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".