چاودێریه‌کی توندوتیژتری ئه‌وکه‌سانه‌ ده‌کرێت که‌ بیمه‌ی بێکاری وه‌رده‌گرن

به‌پێی به‌دواداچونێکیان له‌ کۆتایی ساڵی ڕابووردودا کاردۆزگه‌ ئاربێتسفیۆرمێدلینگه‌ن     (Arbetsförmedlingen)،که‌ له‌ شه‌ش ناوچه‌ی‌ باشوری سوید ئه‌نجامیدابوو، بۆیان ده‌رکه‌وت که‌ له‌هه‌ر پێنج که‌س یه‌کێک له‌وانه‌ی که‌ گوایا به‌دوای کاردا گه‌راون، ڕاستیان نه‌گووتوه‌. کاردۆزگه‌ ئاربێتسفیۆرمێدلینگه‌ن به‌نیازه‌ له‌مه‌ودوا له‌و زانیاریانه‌ بکۆڵێته‌وه‌ که‌ بێکاران سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وتی به‌دوای کار گه‌ڕان و کاردۆزینه‌وه‌یان ده‌یده‌نه‌ کاردۆزگه‌.

- ئێمه‌ به‌رپرسیارێتیه‌کمان له‌سه‌رشانه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی بیمه‌ی بێکاران له‌ کاردۆزگه‌، له‌یف تالسکوگ (Leif Tallskog) ئه‌ڵێت، ئه‌و پارانه‌ی که‌ بۆ بێکاران ته‌رخانکراوه‌ له‌شێوه‌ی بیمه‌دا ئاکاسا (A-kassa) ئه‌بێت به‌ ڕێکوپێکی دابه‌ش بکرێن، گه‌ر که‌سێک مه‌رجه‌کانی بێکاری پڕنه‌کاته‌وه‌ ناکرێت پاره‌ی ته‌واوی بدرێتێ.  هه‌روه‌ها له‌ ڕاپۆرتێکی به‌دواداچوونی تردا بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ی له‌ کارده‌گه‌ڕێن ده‌رکه‌وتبوو که‌ له‌سه‌دا 25ی ئه‌وکه‌سانه‌ی له‌ کارده‌گه‌ڕان زانیاری دروستیان نه‌دابوو، واتا بۆ کار نه‌گه‌ڕاوون. هه‌ردوای ئه‌و به‌دواداچوون و لێکۆڵینه‌وانه‌بوو که‌ کاردۆزگه‌ ئاربێتسفیۆرمێدلینگه‌ن بڕیاری دا، گه‌ر بێتو که‌سێک زانیاری نادروست بداته‌ کاردۆزگه‌ ئه‌وا بیمه‌که‌ی که‌مده‌کرێته‌وه‌و له‌ سه‌ری سێیه‌م جاریشدا به‌ته‌واوی بیمه‌که‌ی لێده‌بڕدرێت.

- هیچ نکوڵی له‌وه‌دا نیه‌ که‌ ئه‌وکه‌سانه‌ی زانیاری نادروستیان داوه‌ حه‌وسه‌ڵه‌ی گه‌ڕان له‌ کاریانه‌بووه‌ و له‌هه‌مانکاتدا ویستویانه‌ بیمه‌که‌شیان به‌ته‌واوی وه‌ربگرن، به‌ڕیوه‌به‌ری به‌شی بیمه‌ی بێکاران له‌ کاردۆزگه‌، له‌یف تالسکوگ ئه‌ڵێت ئه‌م کرداره‌ جۆرێکه‌ له‌ درۆکردن.

ئه‌و شێوازه‌ کۆنترۆڵ و به‌دواداچونه‌ی که‌ له‌ باشوری سوید ئه‌نجامدراوه‌‌ سه‌رکه‌وتو‌بووه هه‌ربۆیه‌ چاوه‌ڕێده‌کرێت له‌و جۆره‌ به‌دواداچونانه‌ له‌ کۆمۆن و هه‌رێمه‌کانی تری سویدیشدا ئه‌نجامبدرێت. زانیاریش سه‌باره‌ت به‌م جۆره‌ به‌دواداچوونانه‌ به‌ڕای له‌یف تالسکوگ ده‌رئه‌نجامی باشی ئه‌بێت به‌ شیوه‌یه‌ک ئیتر بێکارانێک که‌ بیمه‌ی بێکاری- ئاکاسا وه‌رده‌گرن و له‌کارده‌گه‌ڕێن زانیاری نادروست ناده‌نه‌ کاردۆزگه‌ و بیمه‌ی بێکاریش عادیلانه‌تر دابه‌شده‌کرێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".