ئوباما بوو به‌ سه‌رۆککۆماری ئه‌مه‌ریکا

باراک حوسێن ئوباما، چل و چواره‌مین سه‌رۆککۆماری ئه‌مریکا، ڕۆژی ڕابردوو سوێندی هه‌ر به‌م ئینجیله‌ خوارد که‌ ئابراهام لینکۆڵن، ئه‌و سه‌رۆککۆماره‌ی کۆتایی به‌ سیسته‌می کۆیله‌تی له‌ ئه‌مه‌ریکا هێنا، ساڵی ١٨٦١ سوێندی پێخواردبوو.

قسه‌کانی ئوباما له‌ کۆبوونه‌وه‌ی میلیۆنیی خه‌ڵکدا له‌ ڕێی تله‌فزیۆنه‌کانه‌وه‌ به‌ هه‌موو جیهاندا بڵاو بۆوه‌. ئوباما له‌ قسه‌کانیدا وێڕای سوپاس له‌ جۆرج بوش، سه‌رۆکۆماری پێشوو له‌ به‌ر خزمه‌ته‌کانی به‌ نه‌ته‌وه‌ و وهاوکارییه‌کانی له‌ کاتی خواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا، گوتی: نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ دژی تۆڕێکی به‌ربڵاوی توندوتیژی و بێزاری له‌ شه‌ڕدایه‌. ئابوورییه‌که‌مان زۆر بێهێز بووه‌، ئه‌ویش له‌ ئاکامی چاوچنۆکی و نابه‌رپرسێتیی هه‌ندێ که‌س و لایه‌ندا و بێتوانایی له‌ بڕیاردانه‌. بازاڕی خانووبه‌ره‌ و کار، له‌ بارودۆخێکی خراپ دایه‌ و که‌سب و کار ڕاگیراوه‌. سیسته‌می نه‌خۆشه‌وانییمان پڕخه‌رجه‌ و فێرگه‌کانمان هیچ سه‌رنه‌که‌وتنێکیان به‌ دیاری نه‌هێناوه‌. هه‌موو ڕۆژێ به‌ڵگه‌ی نوێ ده‌رده‌که‌وێ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌کارهێنانی وزه‌، دوژمنانمان به‌هێز ده‌کا و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ گۆی زه‌وی ده‌کات. ئه‌مانه‌ که‌ گشتیان زانیاریی سه‌ربه‌خۆ و ئامارن،  نیشانه‌ن له‌ قه‌یران.

به‌شی به‌رچاوی قسه‌کانی باراک ئوباما له‌ سه‌ر قه‌یرانی دارایی وڵاته‌که‌ی بوو. ئوباما داوای یه‌کگرتوویی و ڕۆحی هه‌ره‌وه‌زی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مریکای کرد بۆ نووژه‌نکردنه‌وه‌ی وڵات.

سه‌رکۆماری نوێی ئه‌مه‌ریکا باسی هه‌ندێ کێشه‌ی جیهانیشی هێنایه‌ گۆڕێ بۆ نموونه‌ عێراق و ئه‌فغانستان:

ئێمه‌ ده‌بێ به‌شیوه‌یه‌کی به‌رپرسانه‌ عێراق بگه‌ڕینینه‌وه‌ بۆ خه‌ڵکه‌که‌ و ئاشتی به‌رینه‌‌ ئه‌فغانستانه‌وه‌. ئێمه‌ ده‌بێ هاوڕێی دۆستان و دوژمنانی پێشوومان کار بکه‌ین بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌کی ئه‌تۆمی و دوورخستنه‌وه‌ی زیانگه‌لی ئاڵوگۆڕ له‌ که‌شی جیهاندا.

ئێمه‌ له‌ به‌ر شێوه‌ی ژیانمان داوای لێبوردن له‌ که‌س ناکه‌ین و لێبڕاوانه‌ پارێزگاری لێده‌که‌ین. با ئه‌وانه‌ش که‌ ده‌یانه‌وێ به‌ ڕێگه‌ی ترس و قه‌ڵتوبڕی که‌سانی بێتاوان،  به‌ ئامانجه‌کانیان بگه‌ن بزانن که‌ ئێمه‌ ڕۆحمان هه‌ر وا به‌هێزه‌ و به‌ سه‌ریاندا زاڵ ده‌بین.

کارل بیلد وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید ده‌ڵێ سه‌رکه‌وتنی که‌سێکی ڕه‌ش پێست که‌ میانناوه‌که‌ی حوسینه‌، مانایه‌کی زۆر ده‌به‌خشێ.

به‌ڵام تۆ بڵێی هه‌ڵبژێردرانی ئوباما له‌ کرده‌وه‌دا، ببێته‌ هۆی خێر و به‌خته‌وه‌ری و ئاشتی و ئازادی؟ کارل بیلد ده‌ڵێ زۆر خواسته‌نییه که‌ ئه‌و هه‌موو خه‌ونه‌ خۆشانه‌ به‌ جارێک چاره‌سه‌ر بن به‌ڵام کاروباری جیهان له‌ کرده‌وه‌دا وا ساناش نییه‌.‌  به‌ڵام ئه‌مجار به‌ شێوه‌یه‌کی دیکه‌ گوێمان له‌ واشنگتۆن ده‌بێت. سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌مریکا ده‌سه‌ڵات و ئه‌رکێکی دیکه‌ی ده‌بێت. بو مانایه‌ که‌ ئه‌مریکا ده‌رفه‌تی دیکه‌ی بۆ دێته‌ پێشێ که‌ ده‌توانێ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئاشتییانه‌‌ی کێشه‌کان به‌ تایبه‌ت ئێستا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا به‌کاری بێنێ. 

کارل بیلد ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنی ئه‌مریکا له‌مبواره‌دا ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ خودی وان بێت، ئاسانتره‌ به‌ڵام کێشه‌کان له‌وه‌ ئاڵۆزترن و پێویستییان به‌ هاوکاری نێوان ئه‌مریکا و ئه‌رووپا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ده‌بێ حه‌زی چاره‌سه‌رکردن له‌ خودی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا هه‌بێت.

یان ئێلیاسسۆن وه‌زیری پێشووی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی سویدیش له‌ حیزبی سوسیال دیمۆکراتیش هه‌ر هه‌مان روانگه‌ی کارل بیلدی هه‌یه‌ و پێی وایه‌ ئوباما ده‌بێ بیر له‌ هاوکاریی جیدیی نێوان وڵاته‌که‌ی و یه‌کێتیی ئه‌ورووپا بکاته‌وه‌، نه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌موو کاره‌کان هه‌ر بۆ خۆی بیانکا. ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستێکی نه‌رمونیان و به‌کاره‌ و شانسێکیش ده‌داته‌ ئه‌ورووپا تا ببێته‌ هاوکاری ئه‌مریکا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی جیهان.

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی، نووسه‌ر و چاوه‌دێری سیاسیی نیشته‌جێی ستۆکهۆڵمیش له‌ سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌یه‌ که‌ به‌کرده‌وه‌کردنی وتاره‌ جوان و بریقه‌داره‌کانی ئوباما، به‌ سه‌رنجدان به‌ ساختومانی سیاسیی ئه‌م وڵاته‌، ڕه‌نگه‌ زۆر ئاسان نه‌بێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".