تورکیه داوا له‌ سوید ده‌کات‌ له‌قاوده‌ری ده‌زگای نهێنیی سوپای وڵاته‌که‌ی ته‌سلیم کاته‌وه‌

عه‌بدولقادر ئایگانی په‌نجا ساڵه‌، کۆنه‌ سیخوڕی ده‌زگای هه‌واڵگریی تورکیه‌ که‌ به‌ ڕه‌گه‌ز کورده‌ و له‌ ساڵی ٢٠٠٥ه‌وه‌ وه‌ک په‌نابه‌ر له‌ سوید ده‌ژی، ماوه‌یه‌که‌ بۆته‌ یه‌کێک له‌ بابه‌ته‌ گر‌نگه‌کانی ده‌نگوباسی میدیاکانی سوید، به‌ تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی تورکیه‌وه‌ داوای ته‌سلیمکرانه‌وه‌ی هاته‌ گۆڕێ.

ژیانی ئایگان ئاوێته‌ی هه‌ندێ ڕاستی و ناڕاستی و پرسیاری وه‌ڵامنه‌دراوه‌ بووه‌. راسته‌ که‌ خۆی نکۆڵی له‌وه‌ ناکا‌ زۆر له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداری کوژرانی ۳٦ چالاکی فه‌رهه‌نگی، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی تورک و کورد بووه‌ به‌ڵام که‌س نازانێ‌ ئاخۆ ئه‌و خۆی به‌ شێوه‌ی راسته‌وخۆ، ده‌ستی له‌ کوشتن که‌سیاندا هه‌بووه‌ یان نا.

ئێستا دادگه‌ی دیاربه‌کر له‌ به‌ر کوشتنی نووسه‌ر و ڕووناکبیری کورد مووسا عه‌نته‌ر له‌ ساڵی ١٩٩٢، داوای له‌ سوید کردووه‌ که‌ عه‌بدولقادر ئایگانی ته‌سلیم بکه‌نه‌وه‌ ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوایا په‌که‌که‌ کوشتوویه‌تی هه‌رچه‌ند زۆربه‌ی به‌ڵگه‌کانی به‌رده‌ست ژیته‌م و حوکوومه‌تی تورکیه‌ به‌ بکوژی مووسا عه‌نته‌ر داده‌نێن. ئایگان ده‌ڵێ ئه‌و مووساعه‌نته‌ری نه‌کوشتووه‌ به‌ڵام ده‌زانێ چۆن به‌ ده‌ستی ژیته‌م کوژراوه‌. چه‌ند ئه‌ندامێکی بنه‌ماڵه‌ی عه‌نته‌ر که‌ له‌ سوید ده‌ژین ده‌ڵێن بلا ئایگان له‌ سوید محاکه‌مه‌ بکرێت چونکه‌ بنێردرێته‌وه‌ تورکیه‌، بۆ بێده‌نگکردنی، ده‌یکوژن.

په‌روه‌نده‌‌ی داواکرانه‌وه‌ی عه‌بدولقادر ئایگان، ئێستا له‌ به‌ر ده‌ست دادستێنی ده‌وڵه‌تی سویددایه‌ که‌ ده‌بێ پاش توێژینه‌وه‌، وه‌ڵامی خۆی بداته‌ دادگه‌ی به‌رزی وڵات تا بیکاته‌ بڕیار و چاره‌نووسی ئایگان دیاری بکات. بێت و دادگای به‌رزی سوید، وه‌ڵامی ئا بداته‌وه‌، ئه‌وا نۆره‌ی حوکوومه‌تی سویده‌ که‌ بڕیاری یه‌کجاریی له‌ سه‌ر بدات. ئایگان ئێستا له‌ سوید له‌ کۆمۆنی خۆی ده‌ست به‌ سه‌ره‌ و بۆی نییه‌ به‌ بێ ئیزنی پۆلیس به‌جێی بێڵێ، چه‌ند جارێک له‌ هه‌فته‌ش ده‌بێ بوونی خۆی، به‌ به‌رپرسان رابگه‌یێنێ.

زایه‌ڵه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا دیدارێکی له‌گه‌ڵ عه‌بدولقادر ئایگان پێکهێنا که‌ ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌یبیسن به‌شێکێتی:

ڕێکخراوی نهێنی پاراستنی سوپای تورکیه‌ ناودێر به‌ ژیته‌م، له‌ ساڵانی ١٩٩٠دا چه‌ندین هه‌زار که‌س نه‌یاری حوکوومه‌تی له‌ ناوبردووه‌، بۆ وێنه‌ به‌ گوێره‌ی ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ، هه‌ر له‌ کوردستانی باکوور، زیاتر له‌ حه‌ڤده‌ هه‌زار که‌سی کوشتوه‌. چه‌ند ژه‌نه‌راڵێکی سه‌ر به‌م ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌ی سوپا،‌ ئێستا له‌ تورکیه‌ به‌ تاوانی پلانی کووده‌تا دژی حوکوومه‌تی ئه‌ردۆغان، خراونه‌ته‌ به‌ر ده‌م مه‌حکه‌مه‌.

یه‌کێ له‌ سیخوره‌کانی ئه‌م ده‌زگایه‌ که‌ ئێستا له‌ سوید ده‌ژی و ده‌وڵه‌تی تورکیه‌ داوای ده‌کاته‌وه‌، عه‌بدولقادر ئایگانه‌ که‌ پێشتر له‌ ساڵی ١٩٧٧دا ئه‌ندامی پارتییا کارکه‌رێن کوردستانێ، په‌که‌که، بووه‌ که‌ هه‌ر پاش کووده‌تای ١٢ی ئیلۆن، خۆی به‌ ده‌ست حوکوومه‌ته‌وه‌ دابوو و ده‌ ساڵ کاری بۆ کردن.‌ دواتر ئایگان بۆ له‌قاودانی تورکیه‌ و ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌ ئاشکرا و نهێنییه‌کانی په‌ڕیوه‌ی سوید بوو و لێره‌وه‌ ده‌ستی به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی وتار و وێنه‌ و دوکیۆمێنتی ئه‌م کوشتارانه‌ کرد. بۆ نموونه‌ له‌ ڕێی له‌قاودانه‌کانی ئه‌وه‌وه‌، ئێسک و پرووسک و پاشماوه‌ی ته‌رمی چه‌ند کوژراوێک له‌ تورکیه‌ دۆزرانه‌وه‌، که‌ به‌ نهێنی چاڵکرابوون. ئایگان ئێستا به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی وتاره‌کانی له‌ میدیاکانی تورکیه‌دا وه‌ک شاهیدی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی چالاکییه‌ ته‌واو نهێنییه‌ خوێناوییه‌کانی ڕێکخراوی ژیته‌م، ناسێنراوه‌. میدیاکانی تورک هه‌روه‌ها ئایگان وه‌ک ئاگاداری په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان سیاسه‌توانان و ڕێکخراوی سوپایی ژیته‌م له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

عه‌بدولقادر ئایگان ده‌ڵێ من حازرم که‌ دادگه‌ی سوید، مه‌حکه‌مه‌م بکا به‌ڵام نه‌ک تورکیه‌ چونکه‌ من بۆ تورکیه‌ مه‌ترسیم هه‌یه‌ و ئه‌م داوای ته‌سلیمکردنه‌وه‌ی بۆ کوشتن و بێده‌نگکردنی یه‌کجاریمه‌ نه‌ک بۆ تیشکخستنه‌ سه‌ر نه‌درکاوه‌کان.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".