Foto: Henrik Montgomery / SCANPIX

SAAB داوای قه‌رز له‌ بانکی سه‌رمایه‌گوزاری ئه‌وروپی ده‌کات

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ‌ کۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی ماشێنی ساب ئاوتۆمۆبایلSaab Automobile ، پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تدا بۆ دیاریکردنی داهاتووی کۆمپانیاکه‌، کۆبونه‌وه‌. به‌ڵام به‌رپڕسی مێدیا له‌ ساب ئاماده‌نه‌بوو‌ زانیاریه‌کی ئه‌وتۆ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ ڕابگه‌یه‌نێت. تا دواتر له‌ زاری ڕێنمایی ده‌رێکی بانکی سه‌رمایه‌گوزری ئه‌وروپی EIB ده‌رکه‌وت که کۆمپانیای ساب داوای قه‌رزی له‌و بانکه‌ کردووه‌.

هێشتا ڕوون نه‌بۆته‌وه‌ گه‌ر داوای قه‌رزه‌که‌ی ساب له‌لایه‌ن بانکی سه‌رمایه‌گوزاری ئه‌و‌روپیه‌وه‌ قبووڵده‌کرێت یان نا، ئه‌و بانکه‌ له‌ لێدوانێکیاندا بۆ به‌شی هه‌واڵه‌کانی ڕادیۆی سوید ئێکۆت و له‌زاری ڕێنمایده‌رێکی ئه‌و بانکه‌ به‌ناوی ماتس گونارسۆن ده‌ڵین، ئێمه‌ په‌یڕه‌و‌ی ڕۆتینه‌کانی قه‌رزدان ده‌که‌ین به‌ڵام کۆمپانیای ساب که‌ جێنرال مۆتۆرس خاوه‌نێتی، متمانه‌ی قه‌رزی نیه، هه‌ربۆیه‌ گه‌ربێت وبانکی سه‌رمایه‌گوزاری ئه‌وروپی بڕیاربدات قه‌رزبداته‌ ساب، داوای گه‌ره‌نتی له‌ حکوومه‌ت ده‌کات.

شێوازی مامه‌ڵه‌ی ئه‌م بانکه‌ له‌گه‌ڵ ساب ته‌نها پرسی دارایی و قه‌رز نیه‌ به‌ڵکه‌ تێکه‌ڵێکه‌ له‌ سیاسه‌تیش، ماتس گونارسۆن ده‌ڵێت، ئێمه‌، واتا بانکی سه‌رمایه‌گوزاری ئه‌وروپی EIB، بانکێکی سیاسین که‌ له‌لایه‌ن ووڵاتانی ئه‌ندام له‌یه‌کێتی ئه‌وروپاوه‌ خاوه‌ندارێتیمان ده‌کرێت، ئه‌وه‌ش به‌ومانایه‌ی که‌ ئه‌و بانکه‌ جگه‌ له‌ بڕیاره‌ ئابووریه‌کان، بریاری سیاسیش  به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.

جێی باسه‌ که‌ کۆمپانیای ساب که‌ گه‌وره‌ کۆمپانیای جێنراڵ موتورس  General Motorsی ئه‌مه‌ریکی خاوه‌ندارێتی ده‌کات و بنکه‌ی به‌رهه‌مهێنانی له‌ کۆمۆنی ترۆلهێتانه‌ له‌ سوید، که‌وتۆته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی مایه‌پووچی و نزیکه‌ی 4000 کارمه‌ندو کرێکار له‌به‌رده‌م مه‌ترسی بێکاریدان. هه‌رزوو و له‌سه‌رتای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا جێنرال موتورس ڕایگه‌یاند که‌ ئاماده ‌نیه‌ پشتگیری دارایی ساب، بۆ ڕزگارکردنی له‌و قه‌یرانه‌ی تێیکه‌وتوه،‌ بکات.

حکوومه‌تی سویدیش به‌تایبه‌تی وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی ماود ئولوفسۆن هه‌روه‌ها سه‌ره‌ک وه‌زیران فرێدریک ڕاینفێلد ڕایانگه‌یاند که‌ ئاماده‌نین له‌ پاره‌ی باجی هاووڵاتیان کۆمپانیای ساب، که‌ ئه‌رکی پشتگیریی ئه‌که‌وێته‌ سه‌ر ئه‌مریکا، ڕزگاربکه‌ن. سه‌ره‌ک وه‌زیرانی سوید فرێدریک ڕاینفێڵد ده‌ڵێت:

- من ئاماده‌نیم بکه‌ومه‌ ته‌ڵه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ره‌ ئه‌مریکیه‌کانی کۆمپانیای ساب، ئه‌و ته‌ڵه‌یه‌ی که‌  مۆنا سالینیش پشتگیری لێ ده‌کات. من ئاماده‌نیم 8 ملیارد کرۆن بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی ساب له‌ پاره‌ی باجی هاووڵاتیان بده‌م.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی حکوومه‌ت له‌ دووڕاپرسی جیاوازدا،که‌ یه‌کێکیان ده‌ستگای ئاماری سیفۆ ئه‌ویتریان ماڵپه‌ڕی ئه‌له‌کترۆنی ڕۆژنامه‌ی ئێکسپرێسه‌ن، ئه‌نجامیان داوه‌، هاووڵاتیان پشتگیری خۆیان بۆ هه‌ڵوێستی نه‌رێیانه‌ی حکوومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ پشتگیری نه‌کردنی ساب، ده‌ربڕێوه‌. به‌ڵام ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ لاوان ده‌نگ بۆ پشتگیری ساب ده‌ده‌ن.

ئه‌مڕۆش کۆمپانیای ساب له‌ ناچاری و له‌ بێ پشتیدا داوای رێکۆنستروکشونی کردووه‌، واتا سه‌رله‌نوێ دامه‌زراندنه‌وه‌، که‌مانای که‌مکردنه‌وه‌ی کارمه‌ندو کرێکاران و گۆرینی جۆری به‌رهه‌مهێنان ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ساب خۆلادانه‌ له‌ کۆنکورش یان مایه‌پوچی‌.

جێی باسه‌ که‌ دامه‌زراندنه‌وه، ریکۆنستروکشون ‌، مانای دیاریکردنی سه‌رپه‌رشتیکارێکه‌ له‌لایه‌ن داگاوه‌، که‌کاری پێداچوونه‌وه‌ی تواناکانی کۆمپانیای سابه‌، و له‌ به‌ر ڕۆشنایی دیاریکردنی تواناکانیدا پلانێک بۆ خاوه‌ن قه‌رزه‌کانی ساب دیاریده‌کرێت. پاشان کارگه‌ بچوکه‌کانی گه‌یاندنی به‌رهه‌می ساب و ئه‌و لایه‌نانه‌ی تر که‌ په‌یوه‌ندی دارایی به‌ سابیان ده‌به‌ستێته‌وه‌، پرسیاری ئه‌وه‌یان لێده‌کرێت که‌ ئه‌گه‌ر ڕازیده‌بن به‌وه‌ی که‌ ته‌نها به‌شێکی قه‌رزه‌کانیان له‌  ساب وه‌ربگرنه‌وه‌.

لایه‌نێکی باشی ئه‌م رێگه‌ چاره‌یه‌ واتا دامه‌زراندنه‌وه‌، ڕیکۆنستروکشون، ئه‌وه‌یه‌ که‌ خاوه‌ن قه‌رزه‌کانی ساب هیچ نه‌بێت به‌شێکی پاره‌که‌یان واتا قه‌رزه‌کانیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام گه‌ربێت و ساب به‌ته‌واوه‌تی مایه‌ پووچ بێت، مانای له‌ناوچوونی قه‌رزی خاوه‌ن قه‌رزه‌کانه‌ به‌تایبه‌ت له‌ کارگه‌ بچوکه‌کانی گه‌یاندنی به‌رهه‌می ساب، ئونده‌رلێڤه‌رانتیۆره‌ر، Underleverantörer .

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".