بژاری باج ملیاردێک قازانجی دایه‌وه
ده‌ستگای باج ژماره‌یه‌کی بێشوومار ساخته‌ی باجیان ئاشکراکردووه. پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستگایه به‌پێی یاسای تۆمارکردنی کاسه، چه‌ند چێشتخانه‌و کۆمپانیای گه‌مه‌ی پاره و کافێتریایان بژار کردووه، چه‌ندین حاڵه‌تی فرۆشتنی تۆمارنه‌کراویان بۆ ده‌رکه‌وتووه.
بژاری ده‌ستگای باج (Skatteverket) بۆ 1320 کۆمپانیا له‌نێوان ساڵی 2005 تا ساڵی 2008 نزیکه‌ی 1ملیارد کرۆنیان بۆ کاسه‌ی ده‌ستگای باج گه‌ڕاندۆته‌وه. نزیکه‌ی 600 کۆمپانیاش سکاڵای تاوانیان له‌سه‌ر تۆمارکراوه. بڕیاریشه له‌ساڵی داهاتتووهوه 250 هه‌زار کۆمپانیا یاسای نوێی تۆمارکردنی کاسه بیانگرێته‌وه. به‌پێێ ئه‌و یاسا نوێیه ناتوانرێت هیچ کارێکی فرۆشتن به‌بێ تۆمارکردنی ئه‌نجام بدرێت. سندووقێکیش به‌ناوی سندووقی ڕه‌ش که تۆماری هه‌موو فرۆشتنه‌کانی تێدا کۆده‌بێته‌وه، بواری ده‌ستتێوه‌ردان ناهێڵێته‌وه. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی که هه‌میشه ده‌بێت پسوڵه‌ی تۆماری کڕێنهکان بدرێته کڕیار.