هه‌ندێ زانیاری له‌ سه‌ر سوید و یه‌کێتیی ئه‌ورووپا له‌ ساڵی ٢٠٠٩دا

هه‌ڵبژاردن

له‌ نێوان ۴ تا ٧ی مانگی جوون، یوونیی ئه‌مساڵ، نوێنه‌رانی خولێکی نوێی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا هه‌ڵده‌بژێردرێن. له‌ زوربه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا و بۆ نموونه‌ سوید، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ ٧ی یوونی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. سه‌رجه‌م ٧۳٦ که‌س و له‌ سویدیش ١٨ که‌س وه‌ک ئه‌ندام ده‌چنه‌ ناو ئه‌و په‌رله‌مانه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت بێت و ڕێککه‌وتننامه‌ی لیسابۆن (لیشه‌بۆنه‌) له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١۴ دا جێبه‌جێ بکرێ ئه‌وا ڕێژه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بۆ ٧٥۴ که‌س و له‌وانه‌ ٢٠ که‌س له‌ سویده‌وه‌، به‌رز ده‌کرێته‌وه‌.

نوێنه‌رانی ئێستای سوید له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا:

سه‌رجه‌م: ١٩ که‌س
حیزبی سوسیالدیمۆکرات: ٥ نوێنه‌ر (یان ئاندرشۆن، یۆران فه‌رم، ئاننا هێد، ئینگر سێگلستروێم، ئۆسا ڤێستلوند)

حیزبی ژینگه‌، سه‌وزه‌کان: ١ نوێنه‌ر (کارل شیلتر)

حیزبی لیبرال: ١ نوێنه‌ر (ئوللێ شمیت)

حیزبی ناوه‌ند: ١ نوێنه‌ر (لێنا ئێک)

حێزبی مودێراته‌کان: ۳ نوێنه‌ر (شارلۆت سێدرخوێلد، کریستۆفر فیه‌لنر، ئااننا ئیبریساجیج)

حیزبی لیستی یوونی: ٢ نوێنه‌ر (هێلێن گۆدین، نیلس لوندگرێن)

حیزبی دیمۆکراته‌ مه‌سیحییه‌کان: ۳ نوێنه‌ر (گوننار هوێکمارک، ئاندرش ڤیکمان، لارش ڤولین)

حیزبی چه‌پ: ٢ نوێنه‌ر (یێنس هۆلم، ئێڤاـ بریت سڤێنسۆن)

حیزبی داهێنانی فیمینیستی: ١ نوێنه‌ر (مارییا رۆبسام ”پێشتر لیبرال”)

سه‌رۆکایه‌تی:

له‌ یه‌کی مانگی حه‌وتدا (جوڵای، یوولی)، سه‌رۆکایه‌تیی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا ده‌درێته‌ وڵاتی سوید. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌یه‌ که‌ سوید، کاروباری سیاسیی ئه‌م یه‌کیتییه‌ی ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شان، که‌چی ته‌نیا چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌کی وه‌زیران له‌ سوید ده‌کرێن (بۆ نموونه‌ جڤینی وه‌زیرانی به‌رگری له‌ کۆتایی مانگی هه‌شت له‌ باژاری یۆتێبۆری). له‌ ده‌ستپێکی ساڵی ٢٠١٠ش، ئه‌م سه‌رۆکایه‌تییه‌ ده‌درێته‌ وڵاتی سپانیا.

له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا چه‌ند جارێک کۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیران له‌ سوید پێکدێت. جڤینه‌کان، به‌ شێوه‌ی ره‌سمی نابن و هیچ بڕیارێکیش ده‌رناکه‌ن. دانیشتنه‌ فه‌رمییه‌کانی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا به‌ به‌شداریی سه‌رۆک حوکوومه‌ته‌کان، وه‌ک پێشوو هه‌ر له‌ بروکسل پێته‌ختی به‌لژیک ده‌کرێن.‌

له‌ مانگی دیسه‌مبه‌ردا، کۆنفرانسێکی مه‌زن له‌ سه‌ر که‌شوهه‌وا له‌ کۆپنهاگ ده‌کرێت که‌ ئه‌رکی نووسینی ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی جیهانیی نوێی بۆ ئه‌م پرسه‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شان که‌ جێی ڕێککه‌ووتننامه‌‌که‌ی پێشوو ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌م کۆنفرانسه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا که‌ سوید، سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌م یه‌کێتییه‌ی ده‌درێتێ، ئاماده‌کارییه‌کانی جێبه‌جێ ده‌کرێت. هۆی ئه‌مه‌ش ئه‌و بایخه‌ زۆره‌یه‌ که‌ سوید به‌ کێشه‌ی که‌شوهه‌وای داوه‌ و حوکوومه‌تیش وه‌ک‌ یه‌کێ له‌ کاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی خۆی، گرنگایه‌تیی پێداوه‌.

سوید پێشتر له‌ ساڵی ٢٠٠١دا سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌م یه‌کێتییه‌ی ده‌کرد. ئه‌و کات، ته‌نیا ١٥ وڵات ئه‌ندام بوون که‌چی ئێستا ڕێژه‌ی ئه‌ندامان گه‌یشتۆته‌ ٢٧ وڵات.

مه‌زنده‌ی ئه‌وه‌ ده‌کرێت که‌ سه‌رۆکایه‌تیی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا، ٨٩٠ میلیۆن کرۆن پاره‌ی تێبچێت که‌ حوکوومه‌تی سوید ده‌بێ دابینی بکات.

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".