سوێد خۆی ئاماده‌ده‌کات
ته‌ندروستی

سوێد خۆی بۆ په‌تایه‌کی دنیاگر ئاماده‌ ده‌کات.

وڵاتێکی تری ئه‌ورووپا ڕایگه‌یاند که‌ هه‌ڵامه‌تی به‌راز لێیدا سه‌ری هه‌ڵداوه‌، ده‌ستگه‌کانی سویسرا ئه‌م به‌یانییه‌ ڕایانگه‌یاند پیاوێک له‌ شاری زیوریخ ڤایرۆسی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ی پێوه‌ دیار که‌وتووه‌. ڕێکخراوی له‌شساغیی جیهانیش ئاستی گه‌فی هه‌ڵامه‌ته‌ نوێیه‌که‌ی له‌ چوار له‌ شه‌شی پله‌کانی مه‌ترسیی په‌تاوه‌ بۆ پێنج له ‌شه‌شی به‌رز کردووه‌ته‌وه‌، که‌ به‌و مانایه‌ ده‌که‌وێته‌وه‌ ئه‌م هه‌ڵامه‌ته‌ له‌ دوو وڵات زیاتری گرتووه‌ته‌وه‌. سوێد بڕیای داوه‌ ده‌واوده‌رمانی عه‌مباره‌کانی وڵات ببه‌شێنێته‌وه‌. به‌پێی سه‌رۆکی ڕێکخراوی له‌شساغیی جیهان مارگه‌رێت چان مه‌ترسیی ئه‌م په‌تایه‌ زیادی کردووه‌ ‌

مارگه‌رێت چات له‌ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌گه‌ریدا ڕایگه‌یاند که‌ مه‌ترسیی ئه‌وه‌ که‌وتووه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌م په‌تایه‌ له‌ هه‌ڵامه‌تێکی سووکه‌وه‌ به‌ نه‌خۆشییه‌کی سه‌خت ته‌واو ببێت و داوای له‌ هه‌موو وڵاتان کرد زێده‌تر ئاماده‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ببن و وریای ته‌واوی نیشانه‌کانی ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ بن که‌ به‌ هه‌ڵامه‌ت ده‌چن

سوێد به‌م هۆیه‌وه‌ بڕیاری داوه‌، چاو به‌ نه‌خشه‌ی تایبه‌ت به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌واودرمان بگێرێت. ئاندێرش تێگنێل که‌ سه‌رۆکی یه‌که‌ی په‌تابڕیی سه‌ر به‌ سه‌رۆکایه‌تیی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ده‌ڵێت ده‌بێت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کاروباری له‌شساغیی پارێزگه‌کان ئاماده‌ بن ده‌واوده‌رمانێکی زۆر وه‌ربگرن و به‌سه‌ر بنکه‌کانی له‌شساغیدا دابه‌شی بکه‌ن

به‌گوێره‌ی ئاندێرش تێگنێل سوێد له‌گه‌ڵ کارگه‌یه‌کی ده‌رمانسازیی به‌ریتانیدا ڕێک که‌وتووه‌ پێکوته‌ی تایبه‌ت به‌م په‌تایه‌ به‌رهه‌م بهێنێت کاتێک ڕێکخراوی له‌شساغیی جیهان بڕیاری بڕنده‌ ده‌دات که‌ ئه‌م په‌تایه ئیتر دنیای گرتووه‌ته‌وه‌ و ئه‌نجوومه‌نی یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپایش ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ پێکوته‌ی تایبه‌ت به‌م هه‌ڵامه‌ته‌ ده‌شێت له‌ ماوه‌ی 100 ڕۆژدا بۆ هه‌موو کیشوه‌ره‌که‌ ئاماده‌ بکرێت.

ئه‌م ئێواره‌یه‌ وه‌زیرانی له‌شساغیی وڵاتانی یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپا به‌و مه‌به‌سته‌وه‌ کۆ ده‌بنه‌وه‌ له‌م هه‌ڵامه‌ته‌ نوێیه‌ بکۆڵنه‌وه‌. وه‌زیرانی له‌شساغی ده‌یانه‌وێت بۆ وڵاتانی خۆیانی دیار بخه‌ن که‌ ئاماده‌ی هه‌موو جۆره‌ په‌رچه‌کردارێکی دژ به‌م هه‌ڵامه‌ته‌ن، به‌ڵام داوا له‌ هاووڵاتییانیان ده‌که‌ن هێمنیی خۆیان له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن.

چاوه‌ڕێ ده‌کرێت جه‌ختی بکه‌نه‌وه که‌ به‌ڵگه‌یه‌ک نییه‌ بیسه‌لمێنێت که‌ ڤایرۆسی ئه‌م هه‌ڵامه‌ته‌ له‌ نێوان ئاژه‌ڵ و ئینساندا ته‌شه‌نه‌ بکات، یان به‌ خواردنی گۆشتی به‌راز تووشی مرۆڤ ببێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista