یه‌کییه‌تی ئه‌ورووپا ده‌نگ بۆ گۆڕینی سیاسه‌تی کۆچ ده‌دات

دوێنێ پێنج شه‌ممه‌ په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا ده‌نگی به‌ ڕێسایه‌کی نوێی هاوبه‌شدا که‌ تێیدا ئاماژه‌ به‌ گرنگی گۆڕێنی ڕێساکانی تایبه‌ت به‌ سیاسه‌تی کۆچ کراوه‌. له‌ نێوان ئه‌و خاڵانه‌ی که‌ ده‌نگی گۆڕینیان پێ دراوه‌ جه‌خت کردنه‌وه‌یه‌ له‌ به‌هێزکردنی سیاسه‌تی هاوبه‌شی تایبه‌ت به‌ پرسی کۆچ‌ له‌ وڵاتانی یه‌کیه‌تیی ئه‌و‌رووپا و هه‌روه‌ها دووپاتکردنه‌وه‌ی مافه‌کانی کۆچبه‌ر، به‌تایبه‌ت باشکردنی هه‌لومه‌رجه‌کانی پیشوازیکردن له‌ کۆچبه‌ران . بۆ گه‌یشتن به‌م گۆڕانکاریانه‌، به‌پێ په‌رله‌مانتاران، ده‌بێت هاوکاریه‌کی توندوتۆڵ له‌ نێوان وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌کیه‌تیه‌کدا هه‌بێت.

من پێم وایه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکی باشه‌، وه‌زیری کۆچ Tobias Billström ده‌ڵێت ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا که‌ سوید سه‌رۆکایه‌تی یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپای له‌به‌رده‌م دایه‌.  داڕشتنی سیاسه‌تی نوێی کۆچ و ده‌نگدان له‌سه‌ری ئا له‌م کاته‌دا مانای ئاسانکارییه‌ بۆ کاره‌کانی داهاتووی سوید سه‌باره‌ت به‌ پرسی کۆچ.

شایه‌نی باسه‌ یه‌کێک له‌ خاڵه‌کانی ئه‌و به‌ندگه‌له‌ نوێیه‌ی که‌ په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا ده‌نگی پێداوه ئه‌وه‌یه‌ که‌ وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێت ئاماده‌ی پێشوازی و وه‌رگرتنی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ بن که‌ له‌ وڵاتێکی تری ئه‌ندام مۆڵه‌تی مانه‌وه‌یان وه‌رگرتووه‌، ئامانج له‌م کاره‌ش یارمه‌تی دان و بار سووک کردنی سه‌رشانی ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ که‌ به‌هۆی شوێنی جوگرافیان, بۆ نموونه‌ یۆنان، ژماره‌یه‌کی زۆری کۆچبه‌ر و په‌نابه‌ریان تێدا کۆده‌بێته‌وه‌.

په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا هه‌روه‌ها به‌نیازه‌ نوسینگه‌یه‌کی هاوبه‌شی ئه‌ورووپی تایبه‌ت به‌ پرسی کۆچبه‌ران بکاته‌وه‌. وه‌زیری کۆچ توبیاس بیلستریۆم باس له‌ لایه‌نه‌ باشه‌کانی ئه‌م جۆره نوسینگه‌یه‌ ده‌کات.

- گه‌ربێت و ئه‌م به‌ندگه‌له‌ نوێیه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ سیاسه‌تی کۆچ له‌ ئه‌ورووپا بچه‌سپێندرێت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پشتگیری لێبکات ، ئه‌وا هه‌بوونی نوسینگه‌ی تایبه‌ت به‌ پرسی کۆچ به‌ران گرنگیه‌که‌ی له‌وه‌دایه‌ که‌ ئه‌و نوسینگه‌یه‌ ده‌بێته‌ یاریده‌ده‌رێکی باش له‌ به‌راوردکردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی داواکانی کۆچبه‌ران و بڕیاردان له‌سه‌ریان. 

جێێ باسه‌ په‌رله‌مانتاران جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگی دابینکردنی بژێویی و شوێنی ژیان و کار هه‌روه‌ها یارمه‌تی به‌ زمانی دایک بۆ کۆچ به‌ر و په‌نابه‌ران کردۆته‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌نگ به‌ گرنگی ورده‌کاری له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی داوای په‌نابه‌ریی کۆچ به‌ران داوه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ گرنگییه‌کی تایبه‌ت به‌ ژنانی دووگیان و قوربانیانی ئه‌شکه‌نجه ‌و که‌مته‌مه‌نان بدرێت ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی که‌ داوای قه‌ده‌غه‌کردنی له‌ که‌مپنانی ئه‌و منداڵانه‌یان کردووه‌ که‌ به‌ته‌نها کۆچ ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها داوای دامه‌زراندنی شوێنی ژیانی وه‌ختی بۆ ئه‌و په‌نابه‌رنه‌ کراوه‌ که‌ هێشتا دیار نییه‌ کامه‌ وڵات له‌ خۆیان ده‌گرێت.

گه‌ربێت داوای کۆچبه‌ران له‌ که‌مپه‌کاندا لێ بکۆڵرێته‌وه‌ چه‌ند لایه‌نێکی باشی هه‌ن، بۆنموونه‌ ئه‌و وڵاته‌ی که‌ به‌نیازه‌ کۆچبه‌ران له‌ خۆ بگرێت به‌ هاوکاری ئۆرگانی پرسی کۆچبه‌رانی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان هه‌ر له‌ که‌مپی په‌نابه‌راندا بواری هه‌ڵبژاردنی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌ڕه‌خسێت که‌ زیاد له‌وانی تر پێویستیان به‌ یارمه‌تی و پاراستن هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها توبیاس بیلستریۆم ده‌ڵێت ئه‌مه‌ بوار بۆ کۆچبه‌رانیش ده‌ڕه‌خسێنێت که‌ هه‌ر له‌ که‌مپه‌کانه‌وه‌ بۆچوون و داواکانی خۆیان به‌ وڵاتی پیشوازیکار لێیان پیشکه‌ش بکه‌ن که‌ ئه‌مه‌ش به‌ڕای توبیاس بیلستریۆم له‌ به‌رژه‌وه‌ندی که‌سی کۆچبه‌ره‌. ئه‌مه‌ به‌شیوه‌یه‌ک که‌ ئیتر بوار بۆ به‌خت تاقیکردنه‌وه‌ ناهێڵێته‌وه‌ به‌ڵکه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی پێویستیی که‌سی کۆچبه‌ر به‌ مۆله‌تی مانه‌وه‌ عادیلانه‌تر و بێلایه‌نانه‌تر بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت.

جێێ سه‌رنجه‌ که‌ پێشنیازی ئه‌م به‌ندگه‌له‌ نوێیه‌ی که‌ په‌رله‌مانی ئه‌و‌رووپا دوێنێ ده‌نگی پێداوه‌،  بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پاشان و له‌داوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپا و له‌کاتی سه‌رۆکایه‌تی کردنی سوید بۆ ئه‌و یه‌کیه‌تییه‌ جارێکی تر ئه‌م پێشنیازه‌ ده‌خرێته‌وه‌ به‌ر باس تا پاش ئه‌وه‌ گه‌ر په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر پرسه‌که‌ کۆک بوون بکرێته‌ بڕیار.

ئه‌و مه‌رج و به‌ندانه‌ی له‌م پێشنیازه‌ نوێیه‌دا په‌رله‌مانی ئه‌و‌رووپا ده‌نگی پێداوه‌ جێی بایه‌خ و گرنگن به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه به‌ ڕای وه‌زیری کۆچ‌ که‌ ئه‌و کاته‌ی که‌ سوید سه‌رۆکایه‌تی یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپا ده‌گرێته‌ ده‌ست ده‌بێت هه‌میشه‌ به‌ شێوازی کارو په‌یڕه‌وی کردنی به‌نده‌کانی ئه‌و به‌ندگه‌له و سیاسه‌تی نوێێ کۆچدا بچێته‌وه‌، هه‌روه‌ها وڵاتانی ئه‌ندام له‌ گرنگی په‌یڕه‌وکردنی به‌نده‌کانی ئه‌و بڕیاره‌ ئاگادار بکاته‌وه‌.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".