سوید ئاماده‌یه‌ هێزی زیاتر بنێرێته‌ ڕۆخی ده‌ریاکانی ده‌ره‌وه‌ی سۆماڵ

وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپا دوێنێ له‌ لوکسه‌مبۆرگ بڕیاری مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌یان بۆ ماوی ساڵێک دا که‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌ته‌کانی ده‌ریا نێردراونه‌ته ڕۆخی ده‌ریاکانی ده‌ره‌وه‌ی سۆماڵ. به پێی ئه‌و بڕیاره‌ نوێیه‌ هه‌وڵه‌ دژه‌ چه‌ته‌کان تا ناوه‌ڕاستی مانگی دیسێمه‌به‌ری ساڵی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێت. ‌ 

شایه‌نی باسه‌ سویدیش لای خۆیه‌وه‌ ئاماده‌یی خۆی بۆ ناردنی هێزی زیاتر به‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ وڵاتانی تری باکور بۆ ڕۆخی ده‌ریاکانی ده‌ره‌وه‌ی سۆماڵ داوه‌. به‌ڕای وه‌زیری به‌رگری ستێن تولگفۆرش Sten Tolgfors  له‌ کاتێکدا که‌ چاوه‌ڕوان ناکرێت ئه‌و چه‌تانه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا ڕۆخی ده‌ریاکانی ده‌ره‌وه‌ی سۆماڵ جێبهێڵن،  ناردنی ئه‌و هێزانه‌ بۆ پاراستنی ئه‌و کۆمه‌ک و یارمه‌تیانه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان‌ که‌ بۆ خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ی‌ ده‌نێردرێن هه‌روه‌ها پاراستنی هێزه‌ ده‌ریاییه‌ مه‌ده‌نییه‌کان، گرنگن.

له‌هه‌مان کاتدا ناردنی ئه‌و هێزانه‌ بۆ هه‌ڵوێستی  سوید گرنگه به‌تایبه‌ت که‌ سه‌رۆکایه‌تی یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپای له‌به‌رده‌م دایه‌، به‌و مانایه‌ی سوید ده‌بێت له‌م پرسه‌دا پێشڕه‌وی خۆی نیشان بدات.