کۆنترۆڵی ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێل ده‌خرێته‌ که‌رتی تایبه‌ته‌وه‌

حوکوومه‌ت ئه‌مڕۆ بڕیار له‌سه‌ر لابردنی پاوانی حوکوومی له‌سه‌ر ده‌ستگه‌ی کۆنترۆلکردنی ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێل لا ده‌بات. له‌ یه‌کی مانگی یولی ساڵی داهاتووه‌وه‌ ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ ده‌که‌وێته‌ بازاڕی کێبه‌ڕکێی کۆمپانیاکانی که‌رتی تایبه‌ته‌وه‌. 

وه‌زیری پرسه‌کانی ژێرخانی ده‌وڵه‌ت ئۆسا توشتێنسێن پێی وایه‌ لابردنی پاوانی حوکوومی له‌سه‌ر ئه‌و که‌رتی خزمه‌تگوزارییه‌ مانای به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزاری و ئاسانکردنه‌وه‌ی ده‌ستپێگه‌شتنی ئه‌و ده‌ستگایه‌یه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌.

 به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ جێی نیگه‌رانییه‌ له‌م بڕیاره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ وێستگه‌کانی کۆنترۆلکردنی ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێل ڕه‌نگه‌ ئه‌وکاته‌ له‌ هه‌موو شوێنێک به‌رده‌ست نه‌که‌ون و به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌ گه‌وره‌کان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی کۆنترۆلکردنی چۆنییه‌تی کاری ئه‌و ده‌ستگه‌یه‌ کاتێک ژماره‌یان زۆر ده‌بێت ڕه‌نگه‌ هه‌روا ئاسان نه‌بێت.