یاساکانی تایبه‌ت به‌ منداڵان و لاوان ده‌گۆڕێت

له‌مه‌و دوا منداڵان ئاسانتر ده‌توانن داوای هاوکاری له‌ ده‌ستگه‌ فه‌رمییه‌کانی ده‌وڵه‌ت بکه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست به‌ بڕیاری دایک و باوکیان بکات. ئه‌مه‌ پێشنیازێکه‌ که‌ له‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کدا سه‌باره‌ت به‌ پاراستنی مافی منداڵان و لاوان له‌سه‌ر داوای حوکوومه‌ت شه‌شتین ویگزه‌ل ئه‌نجامی داوه‌.

ئه‌و پێشنیازه‌ بۆ داڕشتنی یاسایه‌کی نوێ سه‌باره‌ت به‌ پاراستن و مافی منداڵان و لاوان  ده‌خرێته‌ به‌رده‌م وه‌زیری کار و باره‌کانی به‌ساڵاچوان و ته‌ندرووستی هاوڵاتیان، ماریا لارشۆن.

شایه‌نی باسه‌ هه‌ر له‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا سه‌باره‌ت به‌ پاراستنی منداڵان پێشنیاز کراوه‌ که‌ هه‌موو ئه‌و بڕیار و یاسایانه‌ی له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تیدا په‌یوه‌ستن به‌ سه‌رپه‌رشتی منداڵ و لاوان له‌ تاکه‌  یاسایه‌کدا کۆبکرێنه‌وه‌. 

پێشنیازێکی تری ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ خانه‌ی منداڵاندا ده‌ژین بۆ هه‌ریه‌کێکیان سه‌رپه‌رشتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌رخان بکرێت، که‌ له‌ماوه‌ی ساڵێکدا به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ چوار جار سه‌ردانی ئه‌و منداڵانه‌ بکه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ بڕیار له‌سه‌ر ژیانی منداڵان ده‌ده‌ن به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ بڕوانامه‌ی  تایبه‌ت به‌ سه‌رپه‌رشتیکاری کۆمه‌ڵایه‌تیان هه‌بێت.