له‌ناوبردنی مێشووله‌کان په‌سه‌ند کرا

حوکوومه‌ت له‌ناوبردنی مێشووله‌کانی دالئێلڤه‌نی په‌سه‌ند کرد، وه‌زیری ژینگه‌ ئه‌ندریاس کاڵگرێن دوێنێ له‌ گفتوگۆیه‌کیدا له‌گه‌ڵ به‌ شی هه‌واڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆنی سویدی ئێس ڤێ تێ، ڕایگه‌یاند که‌ ڕشتنی ده‌رمانی تایبه‌ت به‌ له‌ناوبردن و به‌رگرتن له‌ مێشووله‌ ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری دالئێلڤه‌ن ده‌ست پێده‌کرێت.

ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ ئه‌م کاره‌ ڕێگه‌ پێنه‌دراو بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ وه‌ک ناوچه‌ی سروشتپارێزی دیاریکرابوو. جێی سه‌رنجه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی حوکوومه‌ت له‌پاش په‌سه‌ندکردنی توێژه‌ره‌وانی ماده‌ کیمیاوییه‌کان ده‌خرێته‌ کار.

به‌پێی هیچ یاسایه‌ک به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌رمانه‌ کیمیاویانه‌ بۆ له‌ناوبردنی مێشووله‌کان قه‌ده‌غه‌نییه‌ و له‌هه‌مان کاتدا وه‌زیری ژینگه‌ باس له‌ گرنگی ئه‌نجامدانی ئه‌م کارڕاییه‌ ده‌کات ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا به‌هۆی لافاو و بارانه‌ زۆره‌کانی ئه‌م دواییه‌ له‌ هه‌رێمه‌کانی ناوه‌ڕاستی سویدا ڕێژه‌یه‌کی زۆر له‌ مێشووله‌ بوونه‌ته‌ هۆی بێزاری خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و ماڵانه‌ی خاوه‌ن گیانداران.