مه‌سیحییه‌کان‌ جارێکی تر هه‌ڵ دێنه‌وه‌

وێڕای هه‌ڵاواردنی به‌رده‌وامی گروپه‌ نا موسوڵمانه‌کان له‌ عێراقدا، سوید له‌ ناردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌عێراقییه‌کان به‌رده‌وامه‌. ده‌رئه‌نجام ژماره‌یه‌کی زۆری ئه‌و که‌س و خێزانانه‌ی که‌ نێردراونه‌ته‌وه‌ له‌ به‌ر بارودۆخی ناهه‌مواری ژیانیان دیسان عێراق جێ ده‌هێڵنه‌وه‌.

- من سویدم زۆر پێخۆشه‌، زۆر حه‌ز له‌ عێراق ناکه‌م، ته‌نها سویده‌ که‌ له‌ ژیانمدا  خۆشم لێی دێت.  میرنای 10 ساڵانه‌ و باقی خێزانه‌که‌ی بۆ یه‌که‌م جار له‌ساڵی 2005 دا عێراقیان به‌جێهێشت و پاش چوار ساڵ ژیان له‌ شاری یۆنشۆپینگ له‌ سوید به‌ زۆره‌ملێێی گه‌ڕێندرانه‌وه‌ عێراق. ئێستا دیسان هه‌ڵهاتوون بۆ ئه‌سته‌نبوڵ و له‌ چاوه‌ڕوانی ناونوسکردندان له‌ ده‌ستگه‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌ کاروباری کۆچبه‌ران ده‌بات به‌ڕێوه‌.  

جێی باسه‌ میرناو خێزانه‌که‌ی یه‌کێکن له‌و 25  خێزانه‌ کلدانی و ئاشوری و سریانیانه‌‌ی که‌  سوید ناردبونیه‌وه‌ بۆ عێراق  و به‌شی هه‌واڵه‌کانی ڕادیۆی سوید ئێکۆت له‌ حاڵیان کۆڵیوه‌ته‌وه‌، ده‌رکه‌وتووه‌ له‌و بیست و پێنج خێزانه‌ یه‌کێکیان نه‌بێت هه‌موویان دیسان عێراقیان به‌جێ هێشتۆته‌وه‌.

ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا له‌سه‌ر لیستی پارتی گه‌لی لیبرال سێسیلیا ڤیکستریۆم ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵوێستی سوید له‌ ناردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌عێراقییه‌کان ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت به‌ڕای من ئه‌مه‌ پرسێکی مرۆڤایه‌تییه‌ و سوید نابێت وه‌ک  که‌مته‌رخه‌م له‌ بواری مرۆڤایه‌تیدا بناسرێت. هه‌ربۆیه‌ من پێم وایه‌ ڤیکستریۆم ده‌ڵێت سوید ده‌بێت ده‌ست به‌جێ ناردنه‌وه‌ی عێراقییه‌ مه‌سیحییه‌کان بوه‌ستێنێت. 

شایه‌نی باسه‌ نزیکه‌ی چوار ملێۆن عێراقی وڵاتیان به‌ جێهێشتووه‌، دوو ملیۆنیان ژیانی کۆچبه‌ری له‌ ناو سنوری عێراق خۆیدا له‌ بێئاوی و بێ حاڵیدا ده‌گوزه‌رێنن. ئه‌م باره‌ له‌ ‌ هه‌ڵاواردن و ڕاوه‌دوونانی به‌رده‌وامی مه‌سیحییه‌ عێراقییه‌کان به‌تایبه‌ت له‌ پاش داگیرکردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ له‌ ساڵی 2003 وه‌ به‌رفراوانتر بووه‌. به‌شێوه‌یه‌ک که‌ ژماره‌ی مه‌سیحی و گروپه‌ ناموسوڵمانه‌کانی تر نیواو نیو له‌ عێراقدا که‌م بۆته‌وه‌.

به‌ڵێ ژیانی کلدانی وئاشوری و سریانییه‌کان له‌ عێراقدا هه‌میشه‌ ناهه‌مواربووه‌ به‌ڵام له‌ گه‌ڵ داگیرکردنی عێراقدا له‌ ساڵی 2003 وه‌ بارودۆخیان خراپتر بووه‌، به‌ڕای سێسیلیا ڤیکستریۆم ئه‌و باره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌رگیز کۆتایی نایه‌ت.

ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستی سوید و وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌کیه‌تی ئه‌ورووپا ده‌گرێت و ده‌ڵێت ده‌بێت سوید وه‌ک سه‌رۆکی ئێستای ئه‌و یه‌کیه‌تییه‌ ببێته‌ ده‌نگی هه‌موو وڵاتانی تری ئه‌ندام و کار بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و زوڵم و زۆره‌ له‌سه‌ر مه‌سیحییه‌عێراقییه‌کان بکه‌ن به‌شێوه‌یه‌ک به‌ڕوونی کار بۆ په‌یڕه‌و‌کردنی مافه‌کانی مرۆڤ بکرێت و ڕێزیان لێبگیرێت.

هه‌روه‌ها سوید و وڵاتانی تری ئه‌ورووپا به‌ نه‌شاره‌زا له‌ بواری ئایین دا له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و هۆکاریش بۆ سێکیولاریی واتا سیستێمی جیاکردنه‌وه‌ی دین له‌ ده‌وڵه‌ت له وڵاتانی ئه‌رووپیدا‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێ هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ له‌وه‌ تێ نه‌گه‌شتووین که‌ له‌ هه‌ندێک له‌ به‌شه‌کانی تری دونیادا ته‌نها ئه‌وه‌ی که‌ سه‌ربه‌ گروپێکی تایبه‌ت بیت مانای مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ژیانت.

جێێ باسه‌ و له‌ به‌رده‌وامی هه‌ڵاواردن و ڕاوه‌دوونانی مه‌سیحییه‌کان له‌ عێراقدا و بۆ وه‌بیر خستنه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی مانگی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی ڕابوردوودا له‌ پاش هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نفالکردنیان نزیکه‌ی 1500 خێزانی مه‌سیحی شاری موسڵیان به‌جێهێشت، ڕووداوێک به‌شی هه‌واڵه‌کانی سوید به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر جوله‌که‌کان و شه‌وه‌ کریستاڵییه‌که‌ی ئه‌ڵمانیای ده‌چوێنێت. له‌م دواییانه‌شدا له‌ 12ی مانگی یولیدا حه‌وت کڵێسا له‌ شاری به‌غداد ته‌قێنرانه‌وه.  سیسیلیا ڤیکستریۆم ئه‌م کارانه‌ به‌ پاکتاوی ئه‌تنیکیی ناو ده‌بات.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista