په‌روه‌رده‌ی پۆلیسی سوید، به‌ پاره‌ی کۆمه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی

حوکوومه‌تی سوید له‌ سه‌ر به‌کارهێنانی پاره‌ی کۆمه‌ک (biståndspengar) بۆ په‌روه‌رده‌ی پۆلیسی سویدی هاوده‌نگ نییه‌. وه‌زیری داد بیاتریس ئاسک پێی وایه‌ که‌ ئه‌م پاره‌یه‌ ده‌کرێ بۆ په‌روه‌رده‌ی گه‌لێ له‌و پۆلیسانه‌ی بۆ ناوچه‌ نائارامه‌کانی جیهان به‌ڕێده‌کرێن به‌کاربهێنرێ. مۆد ئۆلۆفسۆن سه‌رۆکی حیزبی سه‌نته‌ر دژی ئه‌م شته‌یه‌ که‌چی گونیللا کارلسۆن وه‌زیری کۆمه‌ک (biståndsminister) سه‌ر به‌ حیزبی مۆدێرات ئه‌م فکره‌ی پێ باشه‌.

گونیللا کارلسۆن پێشوازی له‌ وه‌ها گفتوگۆیه‌ک ده‌کا و ده‌ڵێ کۆمه‌کدابه‌شینه‌که‌ ئێستا دیاری کراوه‌ و ڕێساکانی ناودێر به‌ داک پێشی ئێمه‌ ده‌گرێ که‌ وه‌ها کارێک بکه‌ین به‌ڵام وێده‌چێ له‌ داهاتوودا پاش ده‌رکه‌وتنی پێویستییه‌ جیهانییه‌کان له‌مباره‌وه‌، پۆلیسی زیاتر بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاری بنیاتنانی حوکوومه‌ته‌ یاساییه‌کان به‌کار بهێنرێن.

دیاره‌ له‌ گوێن ڕێسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کۆمه‌ک ناسراو به‌ داک، په‌روه‌رده‌ی پۆلیسی سوید به‌ پاره‌ی یارمه‌تی، نایاساییه‌ و سویدیش ئه‌م ڕێسایانی په‌سند کردووه‌. سوید بڕیاری داوه‌ یه‌ک له‌ سه‌دی سه‌رجه‌می داهاتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ کاری یارمه‌تی ته‌رخان بکات. هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، سوید ده‌توانێ له‌ سه‌تا حه‌وت له‌ ده‌ی ئه‌م پاره‌یه‌ بدات و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌، واتا له‌ سه‌تا یه‌ک له‌ ‌ده‌ی بۆ کاری خۆی ته‌رخان بکات بۆ نموونه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ی ئه‌و پۆلیسانه‌ی ئه‌رکی یارمه‌تیگه‌یاندنی نێونه‌ته‌وه‌ییان پێ ده‌سپێردرێ. ئه‌مه‌ کورته‌ی پێشنیاره‌که‌ی بیاتریس ئاسک، وه‌زیری دادی سویده‌.

گونیللا کارلسۆن وه‌زیری یارمه‌تیی سوید، ئه‌م پێشنیاره‌ی زۆر پێ باشه. که‌چی سه‌رۆکی حیزبی سه‌نته‌ر، مۆد ئۆلۆفسۆن دژی ئه‌م پێشنیاره‌یه‌ و ده‌ڵێ ڕێسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کۆمه‌ک ناسراو به‌ داک ده‌بێ له‌ به‌ر چاو بگیرێن و ئه‌گه‌ر پێویست بێ  که‌ پۆلیسێکی زۆرتر په‌روه‌رده‌ بکرێن ئه‌وا ده‌بێ ئابوورییه‌که‌یان له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ دابین بکرێت.