هێشتا نازانرێت دزییه‌ گه‌وره‌که‌ کێ ئه‌نجامی داوه‌

تا ئێستا پۆلیس هیچ گومانلێکراوێکی دزییه‌ گه‌وره‌که‌یان ده‌ستگیر نه‌کردووه‌ و هێشتا زانیاری سه‌باره‌ت به‌ بڕی پاره‌ دزراوه‌که‌‌ش نییه‌. به‌ڵام پۆلیس به‌ هێزێکی گه‌وره‌وه‌ له‌دووی گومانلێکراوان ده‌گه‌ڕێن و توێژینه‌وه‌ی ته‌کنیکی به‌رده‌وامه‌ جگه‌ له‌وه‌ش پشکنینی دێ ئێن ئا له‌سه‌ر هه‌لیکۆپته‌ری دزییه‌که‌، که‌ له‌ناوچه‌ی ئارینگێ  دزه‌کان جێیان هێشتبوو ئه‌نجامده‌درێت. نزیکه‌ی 300 ڕێنماییش سه‌باره‌ت به‌و دزییه‌ گه‌شتووه‌ته‌ پۆلیس که‌ ئێستا کاریان له‌سه‌ر ده‌کرێت.  

شایه‌نی باسه‌ پۆلیسی سوید بۆ ده‌ستگیرکردنی گومانلێکراوان هاوکارییان له‌گه‌ڵ پۆلیسی ئینته‌رپۆل و ئێوروپۆل ده‌ستپێکردووه‌. کاری ئه‌و کۆمپانیایه‌ش واتا گه‌وره‌ کۆمپانیای پاراستن و گواستنه‌وه‌ی پاره‌ ناسراو به‌ گێ فیرا ئێس، که‌ توشی کاری دزییه‌که‌ هاتوون ده‌ستیان به‌ کاری ئاساییان کردۆته‌وه‌، به‌و مانایه‌ی چیتر مه‌ترسی که‌می پاره‌ له‌ بانکۆماته‌کاندا ناکرێت.

به‌ڵام هه‌رچی نرخێکی زیاده‌ ئه‌م دزییه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یهێنێ بۆ نموونه‌ زیادکردنی ئاستی پاراستنی گواستنه‌وه‌ی پاره‌، مانای زیادکردنی نرخی خزمه‌تگوزارییه‌کانه‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیانیش، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایش له‌ بازرگانی سویدی سڤێنسک هانده‌ل دیک مالملوند جه‌خت له‌م خاڵه‌ ده‌کاته‌وه‌.    

شایه‌نی باسه‌ هه‌ر ئه‌م دزییه‌‌ که‌ دوێنێ له‌ ستۆکهۆلم ڕوویدا پۆلیسی خستۆته‌ به‌ ڕه‌خنه‌ی که‌مته‌رخه‌میی له‌ کاری پاراستن و ئاسایشی هه‌لیکۆپته‌ره‌کاندا، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ دزه‌کان توانیان به‌ گومانی بۆمبی چێنراو پۆلیس له ‌وه‌دوو که‌وتنیان بخڵافێنن و به‌و‌ هه‌لیکۆپته‌ره‌ی که‌ هی پۆلیسه‌ و دزییه‌که‌یان پێ ئه‌نجامدا ده‌رباز بن.  

سه‌باره‌ت به‌و ڕه‌خنانه‌ی ئاڕاسته‌ی پۆلیس کراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ کاتێکدا پۆلیس له‌شوێنی ئه‌نجامدانی دزییه‌که‌دا ئاماده‌ بوون به‌ڕیوه‌به‌ری پۆلیسی سه‌رانسه‌ری بێنگت سڤێنسۆن پێی وایه‌ که‌ ئه‌م دزییه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌کانه‌وه‌، مانای به‌ئاگایی و توندتۆڵی کاری ئاسایشه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ئه‌مه‌ گه‌ر ناوازه‌یی و گه‌وره‌یی دزییه‌که‌ ‌ له‌به‌رچاوبگیرێت.  

جێی سه‌رنجه‌ ئه‌م دزییه‌ به‌ یه‌که‌م و گه‌وره‌ترین دزی که‌ به‌ هه‌لیکۆپته‌ر ئه‌نجامدراوه‌ له‌ سویددا له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت و بۆته‌ سه‌ردێڕی زۆر له‌ مێدیا جیهانییه‌کان بۆ نموونه‌ سی ئێن ئێن.