برەوەی خەڵاتی نۆبێل لە ئەدەبیاتدا، دیاری کرا

خەڵاتی ئەمساڵی نۆبێل لە ئەدەبیاتدا درا بە هەرتا موێللر (Herta Müller)، خاتوونی ئەڵمانینووسی ڕۆمانیایی، لە بەر ئەوەی "بە چڕکردنەوەی شیعر و بابەتێتیی پەخشان، وێنەی بێئەنوایی دەکێشێت."

هەرتا موێللر ڕۆژی ١٧ی ئاگوستیی ١٩٥٣ لە نیچیدۆرف لەو پەڕی تێمێسڤار لە دایک بوو. لە ژیننامەی بەڕۆماننووسراوی خۆیدا وەسفی ژیانی وەک کەمینەیەکی ئەڵمانینەژاد لە ڕۆمانیای کۆمۆنیستدا دەکات.

لە بەر ئەو ڕەخنەیەی لە ڕژێمی دەگرت، لێ بڕا لە ساڵی ١٩٨٧دا وڵات جێ بهێڵێ و لە بەرلین ڕۆنیشێ. موێللر ئێستا لە پەنا کاری نووسەرییدا، مامۆستای زانکۆشە.

هەرتا موێللر لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەواڵنێری بەشی فەرهەنگیی ڕادیۆ سوید، خۆشحالیی یەکجار ززۆری خۆی لەم خەڵاتپێدرانە دەربڕی و گوتی "ناتوانم باوەڕ بەوە بکەم. چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد. مێشکم ئەمەی پێ قەبووڵ ناکرێ."

پێتر ئێنگلوند سکرتێریی هەمیشەیی ئەکادیمیای زانستیی سوید، لەبارەی نووسەرەوە دەڵێ: "موێللر حەزی لێیە سەرنج ڕاکێشێ، بەڵام بۆ ئەم مەبەستە، هەرگیز وشەی قورس بەکار ناهێنێت."

ئێنگلوند ئەوانەی پێشتر کتێبی موێللریان نەخوێندۆتەوە، ڕادەسپێری کە وا کتێبی "ئەمڕۆ هیچ حەزم نەدەکرد چاوم بە خۆم بکەوێ" بخوێننەوە. شیاوی باسە کە تا ئێستا پێنج کتێبی هەرتا موێللر کراون بە سویدی.

هەرتا موێللر ڕایگەیاند کە بێگومان بۆ ڕێورەسمی درانی خەڵاتی نۆبێل لە مانگی دیسەمبەردا، دێتە ستۆکهۆڵم.

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".