پلاتفۆرمی هەڵبژاردنی حیزبی چەپی سوید

یەکسانی، خوشگوزەرانی و سەروەرێتیی کەسەکی. ئەمە چەند خاڵی گرنگی ئەو پلاتفۆرمەن کە حیزبی چەپی سوید بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی وڵات، لە بەرچاوی گرتوون و ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو پێشکەش کرا.

بەلای (Anki Ahlsten) سکرتێری ئەم پارتییە، ئەو پرسانە ئەوەندە گرنگ کە حیزبەکە دەیەوێ بەوانەوە خۆ پێناسە بکات و هەڵوێستییان لە سەر بنوێنێ. دیارە لە گەڵ دوو ڕێکخراوی دیکەی بەرەی هاوپەیمانیش کە سەوزەکان و سوسیالدیموکراتەکانن، دەخرێنە گفتوگۆوە.

سەرۆکانی حیزبی چەپ بە تەمان بەر لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠ بە ڕوونی ئەو خاڵانە دیاری بکەن کە بۆ دەنگدەران گرنگترن و دەبێ وە پێش خالەکانی دی بکەون. بەڕای ئانکی ئالستێن ئامانجەکە لێرەدا تەنیا ئەوە نییە کە ئەو زیانانەی دەسەڵاتدارانی حوکوومەتی دەستەڕاستیی سوید لە سیستەمی وڵات کەوتوون ساڕێژ کرێنەوە بەڵکوو پێویستە لە پێشووش باشتر بکرێن. حیزبی چەپ لە سەر ئەم بڕوایەیە کە سیستەمی خۆشگوزەرانیی سوید دەبێ گوڕێکی نوێی تێ بگێڕدرێتەوە. جگە لەوەش پرسی یەکسانییە کە حیزبەکە دەیەوێ جارێکی دی بەرززی بکاتەوە.

ئانکی ئالستێن دەڵێ یەکسانییەکە باسی مافی کارکردنی تەواوکات و سنووردارکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی کاری جاروبارە دەکەن دێنێتە گۆڕێ. لێرەدایە کە بێت و لایەنانی بازاڕی کار، نەگەنە ڕێککەوتنێک، ئەوا لە نێو هاوپەیمانانماندا باسی یاساگوزارییەک لەمبارەوە دەخرێتە گفتوگۆوە. هەروەها پێشنیارێکیشمان دەربارەی بەشکردنی پارەی بیمەی دایکوباوکێتی (föräldraförsäkring)  هەیە و پێمان وایە کە ئەوە زیاتر ژنانن کە داوای ئەو قەرەبوویە دەکەن.  

سەروەرێتیی کەسەکیش لە بەڵگەنامەی ناسێنەری حیزبەکەدا وەک گرنگترین پرسیاری دەنگدەران لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی سویددا بەناو کراوە و حیزبی چەپ دەیەوێ لەم ناوەدا یاسای کۆنترۆڵی شەپۆلەکانی ڕادیۆیی و ئینترنێتیی هاووڵاتیان ناسراو بە (FRA-lagen) و یاسای قەدەغەبوونی دابەشینی پەڕگە ئینترنێتییەکان (Iprd-lagen) هەڵوەشێنێتەوە کە حوکوومەتی ڕاستڕەوی ئێستا، لەم دواییانەدا پەسندی کرد.

حیزبی چەپ پێشنیارێکی دیکەشی لە سەر چۆنەتیی چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی سوید هێناوەتە گۆڕێ کە وەک خالەکانی دیکە ڕوون نییە.

بۆ وێنە لە پلاتفۆرمی هەڵبژاردنی حیزبی چەپدا هیچ باسێک لەوە کە دەیانەوێ باجەکان تا چ ڕادەیەک بەرزکەنەوە یا سندووقی بێکاری چی لێدێ، نەهاتۆتە گۆڕێ. یا خود ئەو پرسیارە ئابوورییانەی هێشتا ئۆپۆزیسیۆنی سەوز و سوور لەسەری یەک نین چ لێدەکەن؟ چاوەڕێ دەکرێ کە ئەو وەڵامانە لەبەرەبەری هەڵبژاردندا و پاش دانوستاندن لەگەڵ حیزبە هاوپەیمانەکانی ئوپۆزیسیۆن بدرێنەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا لەگەڵ نایلە ئاراس ئەندامی کوردی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی حیزبی چەپیش گفتوگۆ کراوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".