ڕاینفێڵد و ئوباما: دوو دیداری گرنگ

سەرۆکوەزیری سوید فریدرتیک ڕاینفێڵد، دوێنێ لە کۆشکی سپی لە واشنگتن چاوی بە باراک ئوباما سەرۆککۆماری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەوت و لە سەر سیاسەتی کەش وهەوا گفتوگۆیان کرد.

ئوباما بەر لەو جڤینە خێرایەی نیوسەعاتی خایاند پێخۆشحاڵیی خۆی لە دیدار لەتەک ڕاینفێڵد دەربڕی و گوتی بە سەرۆکایەتیکردنی ئەو لە کێشەی کەشوهەوادا موعجیبم. هەردووکیان جڤینەکەیان بە سەرکەوتوو ناودێر کرد و جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە گفتۆکەیان لە سەر سیاسەتی کەشوهەوا گەلێ گرنگ بووە. بۆ نموونە ئوباما گوتی کە جڤینی مەزنی ئاووهەوا لە کۆپنهاگ پێتەختی دانمارک، دەتوانێ لانی کەم ببێتە بناغەیەک بۆ ڕێککەوتنێکی جیهانی لەم بوارەدا، ئوباما دەڵێ بەڵام کۆبوونەوەی کۆپنهاگ ناتوانێ هەموو گرفتەکان چارەسەر بکات.

ئوباما لە سەر هاتنی خۆی بۆ سوید بە هەواڵنێری بەشی ناوەندیی دەنگوباسی ڕادیۆی سویدی گوت کە حەز دەکات هەرچی زووتر بێتەوە سوید، بەڵام لە مانگی دیسەمبەردا و هاوپێوەند لەگەڵ خەڵاتی نۆبێلدا نایەتە سوید هەرچەند لە گوێن قسەکانی ڕاینفێڵد ئوباما هێشتا بە ڕەسمی نەیگوتووە کە بەشداری ئەو ڕێورەسمە نابێت.

ڕاینفێڵد ئەم ئێوارەیەش وەک سەرۆکی یەکێتیی ئەورووپا دەچێتە کۆشکی سپی و کۆبوونەوەیەکی دیکەی لەگەڵ ئوباما دەبێت. ئەمجارەیان خۆزێ مانوێل بەرۆسسۆ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپاشی لەگەڵ دەبێت. هەرچەند یەکێتیی ئەورووپا چاوەڕێیە کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش بڕیارێکی ئاشکرا لە سەر سیاسەتی کەشوهەوا بگرێت کەچی ئوباما هێشتا نەیتوانیوە دەنگی یەکگرتووی کۆنگرەی وڵاتەکەی لەم بوارەدا وەدەست بێنێ. ڕاینفێڵد سەرۆکوەزیری سوید و سەرۆکی خوولی ئەمجارەی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ بێتوو ئوباما کاتێ دێتە جڤینەکەی کۆپنهاگ، پشتیوانیی ئەندامانی کۆنگرەی پێ نەبێ ئێمە دیسان هەر بۆ سیاسەتی یەکگرتووی کەشوهەوا تێدەکۆشین، تەنانەت پاش ئەم جڤینەش.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".