پرۆژه‌که‌ی ده‌ستگه‌ی کۆچ ڕه‌خنه‌ی ئاڕاسته‌ کراوه‌

پرۆژه‌ تازه‌که‌ی ده‌ستگه‌ی کۆچ که‌ به‌ "چاوه‌ڕوانییه‌کی که‌متر" ناو نراوه‌ و که‌ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی چاوه‌ڕوانیی په‌ناخوازان دیاری کراوه‌ و له‌ گه‌لێک ناوچه‌ی سوێددا ده‌ست پێ کراوه‌، یه‌کیه‌تیی پارێزه‌ران به‌ باشی نازانێت و سه‌رۆکه‌ گشتییه‌که‌ی که‌ ناننێ ڕامبێریی ناوه،‌ ده‌ڵێت گه‌لێک به‌شی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ مافی په‌ناخوازانیان پێ ناپارێزرێت.

به‌پێی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ په‌ناخواز ماوه‌یه‌کی کورتتری به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌بێت که‌‌ وه‌ڵامی ده‌ستگه‌ی کۆچ بداته‌وه‌ و ئه‌و به‌ڵگانه‌ی پێشکێش بکات که‌ هۆی په‌نازخوازییه‌کی ده‌سه‌لـێن؛ سا ئه‌گه‌ر ئه‌و کاته‌ به‌سه‌ر بچێت ده‌ستگه‌که‌ بڕیاری خۆی ده‌گرێت. سیسته‌مه‌ تازه‌که‌ی دابینکردنی پارێزه‌ریش بۆ که‌سی په‌ناخواز ڕه‌خنه‌ی یه‌کیه‌تیی پارێزه‌رانی به‌ گژدا کراوه‌، چونکه‌ له‌مه‌ولا په‌ناخواز پارێزه‌رێکی بۆ دیار ده‌کرێت که‌ له‌ نزیکی ئه‌و شوێنه‌‌ نیشته‌جێیه‌ که‌ لێپرسینه‌وه‌ی لێدا به‌ ڕێوه‌ ده‌بردرێت نه‌ک له‌ نزیکی په‌ناخوازکه‌وه‌، هه‌م له‌ کاتێکی دره‌نگتردا پارێزه‌ری بۆ دیاری ده‌کرێت، نه‌ک وه‌ک ئێستا که‌ له‌ یه‌که‌م لێدوان له‌گه‌ڵ ده‌ستگه‌ی کۆچدا، که‌ پارێزه‌ر بۆ په‌ناخواز دیاری ده‌کرێت.

سه‌رۆکی گشتیی ده‌ستگه‌ی کۆچ دان ئێلیاسسۆن ده‌ڵێت مه‌به‌ست له‌م پرۆژه‌یه ئه‌ویه‌ که‌ مافی په‌ناخواز باشتر بپارێزرێت. ئێلیاسسۆن ڕه‌خنه‌که‌ی یه‌کیه‌تیی پارێزه‌رانی پێ به‌جێ نییه‌ و ده‌ڵێت له‌و ده‌مه‌دا پارێزه‌ر ده‌ستبه‌جێ بۆ په‌ناخواز دابین ده‌کرێت که‌ هه‌موو شتێک دیاری ده‌خات‌ داوای په‌ناخوازه‌که‌ ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه‌. هه‌رچییه‌کیش پێوه‌ندیی به‌ ماوه‌ی کورته‌وه‌ هه‌یه‌، دانی ئێلیاسسۆن ده‌ڵێت ئه‌وه‌یان ئه‌رکی پارێزه‌ره‌ که‌ وریا بێت کاتی داوای په‌ناخواز به‌سه‌ر نه‌چێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".