ئابووریی سوید له‌ بوژانه‌وه‌دایه‌

ئابووریی سوید له‌وه‌ خێراتر ده‌بوژێته‌وه‌ که‌ حوکوومه‌ت چاوه‌ڕیی ده‌کرد ئه‌مه‌ له‌ پێشبینییه‌کانی وه‌زاره‌تی دارایی سویددا ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ئابووریی وڵات له‌ که‌وتنه‌وه‌ سه‌رپێ دایه‌ و  ئاستی بێکاریی له‌وه‌ که‌متر ده‌بێت که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرا‌. ئه‌م ڕووناکییه‌ له‌ ئابووریی هه‌موو جیهاندا به‌دی ده‌کرێت و هه‌لومه‌رجه‌کانی سوید بۆ بوژانه‌وه‌ی ئابووریی له‌ وڵاتانی تر له‌بارتره‌ به‌ڕای وه‌زیری دارایی ئه‌نده‌رش بۆری.

- که‌وتنه‌وه‌ سه‌رپێی ئابووریی جیهان جێی شادوومانییه‌، که‌ هه‌لومه‌رجه‌کانی سویدیش بۆ بوژانه‌وه‌ له‌ وڵاتانی تر له‌بارتره‌ شتێکی باشه، وه‌زیری دارایی ئه‌نده‌رش بۆری ده‌ڵیت ئێمه‌ واتا سوید بارودۆخێکی ئابووری وامان هه‌یه‌ که‌ بۆ بوژانه‌وه‌ی ئابووریمان پیویستمان به‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی دارایی به‌رفراوان له‌ بواری که‌رتی گشتیدا نابێت‌‌

جێی باسه‌ ئه‌و گه‌شه‌ ئابوورییه‌ توندوتۆڵه‌ی جیهان له‌ به‌رده‌میدایه‌ و متمانه‌ په‌یداکردنه‌وه‌ی کۆمپانیا و کارگه‌کان هه‌روه‌ها توندوتۆڵی ئابووری خێزان هه‌ندێکن له‌و هۆکارانه‌ی که‌ ئه‌م گه‌شبینییه‌ ئابوورییه‌یان هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌. 

پێشبینییه‌کانی وه‌زاره‌تی داراییش له‌ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا گه‌شبینانه‌ تره‌ به‌راورد به چه‌ند مانگی ڕابوردوو. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ چاوه‌ڕێ ده‌کرێت‌ ئاستی بێکاری له‌ ماوه‌ی ساڵی داهاتوودا بگاته‌ ئه‌وپه‌ڕی واتا له‌ سه‌دا 10 ، ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌وه‌ که‌متره‌ که‌ حوکوومه‌ت چاوه‌ڕوانی ده‌کرد واتا له‌ سه‌دا  12 تا ساڵی 2011 . هه‌روه‌ها چاوه‌ڕێ ده‌کرێت ئاستی گه‌شه‌ی ئابووریش بگاته‌ له سه‌دا دوو به‌راورد به‌ پێشوبینییه‌کانی ڕابوردوو که‌ ئاماژه‌یان به‌ له‌ سه‌دا نیو ده‌‌دا.

هه‌رچه‌نده‌ پێشبینییه‌کان ڕوون ده‌نوێنن به‌ڵام هێشتا بارودۆخه‌که‌ ناسکه‌ به‌ڕای ئه‌نده‌رش بۆری. 

- هه‌رچه‌نده‌ ئاستی بێکاریی ساڵێک به‌ر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرا ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕی و به‌ ئاستێکی که‌متر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرا، به‌ڵام له‌سه‌دا (ده‌) بێکاریی جێی نیگه‌رانییه‌ و هۆکارێکی به‌هێزیشه‌ بۆ خستنه‌ کاری سیاسه‌تێکی به‌رفراوان بۆ چاره‌سه‌رکردنی. 

هاوڕای ئه‌نده‌رش بۆری پرۆفێسۆری بواری ئابووری نه‌ته‌وه‌یی لارش کالمفۆرش پێی وایه‌ سیاسه‌تی ئابووری بۆ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی که‌م و کورتییه‌ ئابوورییه‌کان ده‌بێت به‌رده‌وام له‌ به‌رفراوانیدا بێت. له‌ هه‌مانکاتدا کالمفۆش نیگه‌رانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئاستی سوددی قه‌رز، ئه‌و پێی وایه‌ ئه‌و بوژانه‌وه‌ ئابوورییه‌ خێرایه‌ی به‌ڕێوه‌یه‌ پێویستی به‌ به‌رزکردنه‌وه‌یه‌کی خێراتری ئاستی سووده‌ له‌وه‌ی بانکی سه‌رانسه‌ریی ئاماژه‌ی پێ داوه‌.

 - بێ شک ئاستی سوود له‌ ئێستادا وه‌ک خۆی ده‌بێت به‌ڵام کاتی ئه‌وه‌ش هاتووه‌ به‌ڕای لارش کالمفۆش، ئاستی سوود له‌ ماوه‌ی ساڵی داهاتوودا ده‌بێت  خێراتر له‌وه‌ی پلانی بۆ دانرابوو به‌رز بکرێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ مه‌ترسییانه‌ چین که‌ کالمفۆشی نیگه‌ران کردووه‌؟ 

- ئێستا که‌ ئاستی سوودی بانکه‌کان نزمه‌ خه‌ڵکێکی زۆر قه‌رز بۆ کڕینی خانووبه‌ره‌ ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ نرخی خانووبه‌ره‌ به‌رزه‌ و ڕه‌نگه‌ به‌رزتریش بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ خۆی  له‌داهاتوودا کێشه‌ی ئابووری‌ ده‌نێته‌وه‌. 

له‌ حاڵی حازردا ده‌کرێت قه‌رزی خانووبه‌ره‌ به‌ سوودی له‌سه‌دا یه‌ک و نیوووه‌ربگیرێت، گه‌ربێت و ئه‌م سووده‌ له‌ داهاتوودا وه‌ک چاوه‌ڕوانده‌کرێت به‌رزبێته‌وه‌، ده‌بێته‌ هۆی نانه‌وه‌ی کێشه‌ی ئابووری. له‌ به‌رده‌م ئه‌م گۆڕانکارییانه‌دا  بانکه‌کان له‌ خۆ ئاماده‌ کردندان..

سه‌باره‌ت به‌ قه‌رزی خانووبه‌ره‌ ئێمه‌ به‌ر له‌ هه‌رشتێک ئه‌و خێزانانه‌ له‌ به‌رچاو ئه‌گرین که‌ قه‌رزێکی زۆر ده‌که‌ن و  ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی سوودی قه‌رز به‌هه‌ند ناگرن، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ ئاستی سوودی قه‌رز له‌ حاڵی حازردا له‌وپه‌ڕی نزمیدایه‌.  به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌ستگه‌ی چاوه‌دێریی دارایی مارتین ئه‌نده‌رشۆن، ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێک له‌و پرسانه‌ ده‌کات که‌ ده‌بێت بانکه‌کان له‌ کاتی قه‌رزداندا له‌به‌رچاوی بگرن. 

- هه‌ڵسه‌نگاندنی بانکه‌کان له‌کاتی قه‌رزداندا چۆنه‌ و چ جۆره‌ به‌دواداچونێکیان بۆ ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌ی سوودی قه‌رز هه‌یه‌ و بۆ ئه‌گه‌ری نه‌مانی مووچه‌ی قه‌رزدار له‌ ئه‌نجامی بێکار که‌وتندا. ئه‌مانه‌ له‌و پرسیارانه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌ستگه‌ی چاوه‌دێریی دارایی مارتین ئه‌نده‌رشۆن، ده‌ڵێت ئاڕاسه‌تی ئه‌و بانکانه‌ی ده‌که‌ین که‌ قه‌رزی خانووبه‌ره‌ ده‌ده‌نه‌ هاوڵاتیان.  ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ی له‌ ئاستی سوودی قه‌رزدا به‌ڕێوه‌یه‌ ته‌نها به‌هۆی بوژانه‌وه‌ی ئابوورییه‌وه‌ نیه‌ به‌ڵکه‌  په‌یوه‌نده‌ی به‌و گۆڕانکارییانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ‌ له‌ ڕێسای بانکه‌کاندا له‌ یه‌کییه‌تی ئه‌ورووپادا کراون.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".