ڕه‌ینفێڵد به ‌گومان نییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی مالمستریۆم

سه‌ره‌ک وه‌زیرانی سوید فرێدریک ڕه‌ینفێلد به‌ره‌و ڕووی پرسیاری ئه‌وه‌ بۆته‌وه‌ که‌ ئاخۆ هه‌ڵبژاردنی که‌سێک که‌ سه‌ر به‌ پارته‌که‌ی خۆی واتا مۆدێراته‌کان نه‌بێت، بۆ نوێنه‌رایه‌تی سوید له‌ کۆمیسیۆنی یه‌کیه‌تی ئه‌ورووپادا تا چ ڕاده‌یه‌ک کارێکی گران بووه‌.

- هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ و به‌ ئاگاییه‌وه‌ ئه‌م بڕیاره‌م به‌ بڕیاری به‌ره‌ی هاوپه‌یمانانی حوکوومه‌ت زانیووه‌ و هه‌موو له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سیسیلیا کۆکین. ئه‌م وه‌ڵامه‌ی سه‌ره‌ک وه‌زیرانی سوید فرێدریک ڕه‌ینفێلد له‌ کاتێکدا دێت که‌ سیسیلیا مالمستریۆم له‌سه‌ر لیستی پارتی گه‌لی لیبراڵ وه‌زیری ناو یه‌کیه‌تییه‌که‌ بووه‌ و دوێنێ وه‌ک نوێنه‌ری سوید له کۆمیسیۆنی‌ یه‌کییه‌تی ئه‌ورووپا ده‌ستنیشان کرا.

‌ ڕه‌ینفێڵد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان دڵنیایه ‌و ده‌ڵێت، حوکوومه‌ت بڕیاری ده‌ستنیشانکردنی سیسیلیای وه‌ک نوینه‌ری سویدی له‌ کۆمیسیۆنی ناو یه‌کێه‌تییه‌که‌داوه‌ و سیسیلیا هه‌میشه‌ ئه‌و ژنه‌ بووه‌ که‌ توانیویه‌تی نوێنه‌رایه‌تی سوید بکات و وه‌ڵامی پرسیاره‌کان سه‌باره‌ت به‌ سوید له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ورووپادا و له‌ بواره‌کانی تردا بداته‌وه‌. 

هه‌ڵبژاردنی سیسیلیا مالمستریۆم به‌ نوێنه‌ری نوێی سوید له‌ کۆمیسیۆنی یه‌کیه‌تی ئه‌ورووپادا زۆر لایه‌ن پێشوازیی لێ ده‌که‌ن. له‌وانه‌ پارتی سۆسیالدیموکراته‌کان و سه‌رۆکیان مۆنا سالین که‌ به‌م هه‌ڵبژاردنه‌ خۆشحاڵه ‌به‌ڵام ڕه‌خنه‌ له‌ ڕه‌ینفێلد ده‌گرێت که‌ پێشوه‌خت به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی له‌م کاره‌ ئاگادار نه‌کردۆته‌وه‌، تا نیو سه‌عات پیش ڕاگه‌یاندنی بڕیاره‌که‌. 

جێێ باسه‌ سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی یه‌کیه‌تی ئه‌ورووپا ،خوسێ مانوێل بارۆسۆ، په‌یمانی ئه‌وه‌ی دابوو که‌ ئه‌و وڵاته‌ی ژنێک به‌ نوێنه‌ری خۆی له‌ کۆمیسیۆنه‌که‌دا ده‌ستنیشان بکات پۆستێکی گه‌وره‌ و قورسی پێ ده‌به‌خشرێت. له‌به‌رامبه‌ردا سیسیلیا مالمستریۆم ئاماده‌یی خۆی بۆ هه‌ر جۆره‌ پۆستێک نیشان ده‌دات و ده‌ڵێت له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ورووپادا له‌گه‌ڵ چه‌ندین پرسی جۆراوجۆردا کارم کردووه‌.

جێێ سه‌رنجه‌ ‌، سیسیلیا مالمستریۆم سه‌ر به‌ پارتی گه‌لی لیبراڵ، ئه‌و کاته‌ی به‌ره‌ی هاوپه‌یمانانی بۆرژوا له‌ ساڵی 2006دا حوکوومیان گرته‌ ده‌ست کرایه‌ وه‌زیری یه‌کیه‌تی ئه‌ورووپا. پێشتر و له‌ساڵی 1999ۆوه‌ ئه‌ندامی یه‌کیه‌تییه‌که ‌بووه‌ و له‌گه‌ڵ پرسه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ کاری کردووه‌.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".