ڕێژه‌ی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی نه‌خۆشیی منداڵ که‌می کردووه‌

ڕێژه‌ی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشیی منداڵان ناسراو به‌  ،ڤاب داگه‌ر،‌ که‌می کردووه‌، به‌پێی زانیارییه‌کانی وه‌زاره‌تی کاروباره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕێژه‌ی ئه‌و که‌مبوونه‌وه‌یه‌ له‌سه‌دا شه‌شه‌ و یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کان  ئه‌و ڕێسا نوێیه‌یه‌ که‌ پاییزی ساڵی ڕابوردوو خرایه‌ کار. وه‌زیری بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کرستینا هیوسمارک پێرشۆن، جه‌خت له‌ کاریگه‌ری ئه‌و مه‌رجه‌ نوێیه‌ ده‌کاته‌وه‌.

به‌ پێی ئه‌و ڕێسای که‌ حوکوومه‌ت له‌ پاییزی ساڵی 2008دا خستییه‌ کار مه‌رجێکی نوێ هاته‌ کایه‌، ‌به‌و پێیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دایک و باوکان مافی مۆڵه‌ت و وه‌رگرتنی بیمه‌ی نه‌خۆشیی منداڵیان هه‌بێت، ده‌بێت به‌ڵگه‌یه‌ک له‌ خوێندنگای منداڵه‌کانیانه‌وه‌، که‌ بیسه‌لمێنێت منداڵه‌که‌یان له‌ ماڵه‌وه‌یه‌، بنێرنه‌ ده‌ستگه‌ی بیمه‌ی گشتی، فیۆرشێکرینسکاسان،. ئامانجیش له‌م رێسایه‌ به‌رگرتن و که‌مکردنه‌وه‌ی ساخته‌ بوو له‌ وه‌رگرتنی بیمه‌ی نه‌خۆشی منداڵاندا.

 له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ده‌ستگه‌ی بیمه‌ی گشتی پێێان وانییه‌  که‌مبوونه‌وه‌ی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی نه‌خۆشی منداڵان له‌لایه‌ن دایک و باوکانه‌وه‌ ته‌نها به‌هۆی ‌ئه‌و ڕێسا نوێیه‌وه‌ بێت‌ ، له‌حالێ حازریشدا له‌ چاک و خراپیی ئه‌و ڕێسا نوێیه‌ ده‌کۆڵنه‌وه‌.