هه‌ڵمه‌تێکی نوێ بۆ ئازادکردنی ڕۆژنامه‌وان داویت ئیساک ده‌ستی پێکرد

ئه‌مڕۆ 91 ڕۆژنامه‌ی سویدی و چه‌ند ڕێکخراوێکی بواری مێدیا پشتگیریی خۆیان له‌ هه‌ڵمه‌تێکی نوێی تایبه‌ت به‌ ئازادکردنی ڕۆژنامه‌وانی سویدی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌ریتیریی ،داویت ئیساک، ڕاگه‌یاند، ئه‌و ڕۆژنامه‌وانه‌ له‌ساڵی 2001ه‌وه‌ به‌بێ دادگایی به‌هۆی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه‌ له‌ ئه‌ریتریا له‌ زینداندایه‌ و هه‌وڵه‌کانی سوید بۆ ئازادکردنی تا ئێستا ئه‌نجامی نه‌بووه‌.

- من پێم وایه‌ ده‌بێت فشاره‌کان له‌سه‌ر ڕژێمی ئه‌ریتێریا زیاد بکرێت و هه‌وڵ بدرێت ئه‌م پرسه‌ له‌ ئاستی یه‌کیه‌تیی ئه‌و‌رووپادا کاری بۆ بکرێت. ئه‌مه‌ ڕای نوسه‌ر و سکرتێری هه‌میشه‌یی ئه‌کادێمیای سویدیی پێته‌ر ئێنگلونده‌ که‌ له‌ پشت ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ نوێیه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ و ئامانج لێی ئاگادارکردنه‌وه‌ی حوکومدارانی ئه‌ریتیریایه‌ که‌ داکۆکیکاران له‌ مافی ئازادکردنی ئه‌و ڕۆژنامه‌وانه‌ گه‌لێکن و هه‌وڵه‌کانیش به‌رده‌وام ده‌بن. هه‌روه‌ها فشار هێنانه‌ بۆ حوکومه‌تی سویدیی و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ تا هه‌ڵوێستێکی ڕوونتر سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ بنوێنن.

له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری زانیارییه‌کان‌ سێسیلیا یولین ده‌ڵێت حوکوومه‌ت  سیاسه‌تی بێده‌نگی له‌م پرسه‌دا هه‌ڵبژاردووه‌، به‌و مانایه‌ی حو‌کوومه‌ت چه‌ندین سیاسه‌ت و ڕێگه‌ی جۆراوجۆری بۆ ئازادکردنی داویت ئیساکی ڕۆژنامه‌وان گرتۆته‌ به‌ر به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ بۆ ڕای گشتی  ئاشکرا بکرێن، به‌ڕای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ئه‌م سیاسه‌تی بێده‌نگییه‌، بواری سه‌رکه‌وتنی هه‌وڵه‌کان له‌بارتر ده‌کات.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista