خوێندەوارە بەرزەکان، تەندروستترن

تەندروستیی کەسانی خوێندەواری بەرز لەوانەی خوێندەوارییان کەمە، باشترە. ئەم هەڵسەنگاندنە لە لایەن ڕێکخراوی حوکوومەتیی کۆمۆن و پارێزگاکەکان سوید (Sveriges kommuner och landsting) و دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی (Socialstyrelsen) یەوە کراوە. وەک نموونە ڕێژەی مردن بە هۆی ئەو نەخۆشییانەی لە شێوەی ژیانەوە دەکەونەوە لە ناو خوێندەوارانی بەرزدا یەکجار زۆر کەمترە لە هەمان ڕێژە لە ناو گەنجانی کەمترخوێندەواردا. نەخۆشیی شەکرە، قەند، و هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە دوو نموونە لەم جۆرە نەخۆشییانەن.

 لارش ـ ئێریک هۆڵم بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی (Socialstyrelsen) دەڵێ نایەکسانی لە ئابووریی جڤاکیدا، گەورەترین لەمپەرە لە بواری نەخۆشەوانیدا و ئەم جیاوازییە زۆرە لە بواری نەخۆشەوانیدا جێی قەبووڵکردن نییە و وەک پرسێکی گرنگی داهاتوو دەبێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

ئەمە جاری چوارەمە ئەو بەراوردکردنە لە نێوان چۆنەتیی ئاستی نەخۆشەوانی و رادەی کاریگەربوونی لە نێوان پارێزگە جۆربەجۆرەکاندا دەکرێ. دەرئەنجامی ئەو توێژینەوەیە نیشان دەدات کە ڕەوش لە پارێزگاکاندا باشتر بووە. لەم ناوەدا جیاوازی لە نیوان پارێزگەکان، خۆیان، زۆرە. لە چۆنەتیی عیلاج، توێژینەوەی بواری دەرمان و شێوەی بەکارهێنانی ئیمکاناتدا.

جیاوازییەکی دیکە لە کورت یا درێژبوونی ماوەی چاوەڕوانی بۆ دەرمانکراندایە. نەخۆشێک کە تووشی شێرپەنجەی گوێ، لووت یا گەروو بووە لە یوێنشۆپینگ ١٧ ڕۆژ چاوەڕێ دەبێ تا دەست بە دەرمانی دەکرێ بەڵام لە پارێزگەی دراوسێی ـ واتا کرۆنۆبەری ـ زیاتر لە سێ مانگ. دیسان لارش ئێریک هۆڵم:

لارش ئێریک هۆڵم دەڵێ ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی دەزگە و ئیمکاناتی پزیشکی و ئەوەی کە چۆن بواری نەخۆشەوانی بەرنامەی بۆ دادەڕێژرێ و ڕێکدەخرێ. سێ مانگ چاوەڕوانی لە نێوان دۆزینەوەی هۆی نەخۆشی و دەست بە دەرمانکردنیدا، زۆرە و قەبووڵکردن نییە.