گرفتە‌گە‌ورە‌کانی پرسی ئاووهەوا چین؟

مێدیا شیخاغایی بەڕەگەز کورد، خوێندکاری دکتۆرا و توێژەری بواری ڤایرووسناسی لە زانکۆی پۆمپئووفابرا ی بارسێلۆنای سپانیا، دەڵێ گرنگیی کۆبوونەوەی وڵاتان لە کۆپنهاگ بۆ وێنە لەوە دایە کە دەبێ تەکنیکی پێویست بۆ بەرگری لە ئاڵۆگۆڕی کەش، بخریتە بەر دەست وڵاتانی هەژاریش.

مێدیا شێخئاغایی دەڵێ بۆ نموونە چینییەکان پاساوی ئەوەیان هێناوەتەوە کە ئەو شتانەی ئەوان دروستی دەکەن لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا بە کار ناهێنرێت، کەوابێ نابێ پارەیەکی زیاد بدەن لە حاڵێکدا کە کێشەکە مەسرەفکاری نییە بەڵکوو بەرهەمهێنانە کە بە سوود بۆ وڵاتەکەیان دەگەڕێتەوە.

بەڕای شێخئاغایی ناکرێ وڵاتە گەورەکان کە خۆیان خاوەنی گشت شتن، ئێستا بێن و بە خەڵکی وڵاتانی دواکەوتووی هەژار بێژن کە ئێوە دەبێ ژینگە و گۆی زەوی بپارێزن و بۆیەش هیچ بەرهەم مەهێنن.

بەرگری لە وێرانکردنی دارستانان، یەکێکی دیکە لەو خاڵانەیە کە بڕیاری گشتی و جیهانیی لە سەر بدرێ چونکە بە بڕینەوە و وێرانکردنی دارستانەکان، گازی ناودێر بە گوڵخانەییش زێدە دەبێ و زیان بە ژینگە دەگەیێنێ.

دانانی ئیدارەی تایبەت بۆ ئەوەی بەرپرسێتیی پاراستنی ژینگە بخرێتە سەر شانی شیرکەتگەلی فڕۆکەوانی و کەشتیڕانیش.

بەڵام لە هەموان گرنگتر ئەوە بووە کە کێ دەبێ ئابووریی ئەو گشتە خەرجەی پێویستە، دابین دەکات.

به‌ریتانیا و فه‌رانسه‌ بوونه‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ی گرێپووچکه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئه‌ورووپایان کرده‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بێ چه‌نده‌ پاره‌ بده‌نه‌ وڵاتانی هه‌ژار و دواکه‌وتوو تا بتوانن‌ هه‌رچی زووتر و له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا، ده‌ست به‌ چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌ر ئاووهه‌وا بکه‌ن. له‌ جڤینی به‌رزی وڵاتاندا له‌ به‌لژیک، سه‌رۆککوه‌زیی به‌ریتانیا  گودرون براون و سه‌رکۆماری فه‌رانسه‌ نیکولای سارکوزیش به‌شدار بوون. ئه‌و پاره‌یه‌ شه‌ش میلیارد یۆرۆیه‌.

به‌شی سویدیش که‌مێک زیاتر له‌ ٧٥٠ میلیۆن  یۆرۆیە کە لە چاو چکۆلەبوونی وڵاتەکەی، پارەیەکی یەکجار زۆرە. فرێدریک ڕاینفێڵدی سەرۆکوەزیر دەڵێ سوید لەم بوارەدا زلهێزێکە.

گەرمبوونی هەوا وەک گرفتی هەرە گەورەی گۆی زەوی لە لای توێژەران هۆیەکی سەرەکیی هەیە ئەویش مرۆڤ خۆیەتی. پرسیاری سەرەکی بۆ وان ئێستا ئەوەیە کە چلۆن دەکرێ ئەو خەسارە، قەرەبوو بکرێتەوە. میدیا شیخئاغایی باسی چەندێکیان دەکات:

تۆفان، شەپۆلی یەکجار گەورەی هەوای گەرم، کەمبوونەوە یا فەوتانی یەکجاریی گەلێ گیانلەبەری جۆربەجۆر، لەناوچوونی بەرد و خۆڵی زەریا کە مەرجانیان لە سەر دەڕوێ، ئاڵۆگۆڕ لە جۆری گیا و ڕسکایی، تێکچوونی ڕیتمی ژیانی گیانلەبەران، یا خود بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا.

میدیا شیخاغایی دەڵێ ئەم ئاڵۆگۆڕانەی لە ژینگەی سەرئەرز و ژێرئاودا باسیان لێوە کرا لە داهاتوودا دەبنە هۆی بەهێزبوونی دیاردەی پەنابەری، ئەویش نەک بە هۆی شەڕ بەڵکوو بە هۆی ڕێک ئەو ئاڵۆگۆڕانەی سیمای ژیانی سەر زەوی دەگۆڕن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista