وڵاتانی هه‌ژار کۆبونه‌وه‌‌کانی کۆبنهاگنیان جێ هێشت

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆش نوێنه‌رانی وڵاتانی ئه‌فه‌ریقی گروپی کاره‌کانی خۆیان له‌و کۆبونه‌وانه‌دا جێهێشتووه‌، داوایان ئه‌وه‌یه‌ که دوو په‌یماننامه‌ی جیا ببه‌سترێت، یه‌کێکیان تایبه‌ت به‌وه‌ی که‌ وڵاتانی هه‌ژار و تازه‌پێگه‌شتوو به‌هیچ مه‌رجێک نه‌به‌سرێنه‌وه‌ و په‌یماننامیه‌کی تریش بۆ کاری داهاتوویان که‌ بڕیاره‌ تا ساڵی 2050 بخایه‌نێت. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ زۆربه‌ی وڵاته‌ پێشکه‌وتووه‌ پیشه‌سازییه‌کان ده‌یانه‌وێت ته‌نها یه‌ک په‌یماننامه‌ هه‌موو مه‌رج و ڕێکه‌وتنه‌کان کۆ بکاته‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ کۆبونه‌وه‌کانی تایبه‌ت به‌ که‌شوهه‌وا له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابوردوودا له‌ سه‌ر ئاستی کارمه‌ندان له‌لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی ڕێکه‌وتنه‌کان به‌ڕێوه‌ ده‌چوون له‌ ماوه‌ی پشووی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا و له‌ درێژه‌ی ئه‌و کۆبونه‌وانه‌دا پرسی که‌شوهه‌وا له‌ئاستی سیاسیدا تاوتوێ کران. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ وه‌زیری  پرسه‌کانی ژینگه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانه‌وه‌ ئاماده‌ بوون. چاوه‌ڕێش ده‌کرێت ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی داهاتوو سه‌رۆک و سه‌ره‌کوه‌زیرانی وڵاتانی جیهان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست بێنه‌ کۆبنهاگه‌ن. 

وه‌زیری پرسه‌کانی ژینگه‌ ئه‌ندریاس کاڵگرێن، له‌و پرسانه‌ ده‌دوێت که‌ له‌و کۆبونه‌وانه‌دا تا ئێستا له‌سه‌ری ڕێککه‌وتوون 

 - ئاشکرایه‌ که‌ کارڕاییه‌کان بۆ وه‌ستاندنی پیسبوونی دارستانه‌چڕه‌کان به‌ره‌و پێش ده‌چن که‌ ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێکی گرنگه‌ بۆ پاراستنی که‌شو هه‌وا.  ئه‌ندریاس کاڵگرێن ده‌ڵێت هه‌روه‌ها خۆمان بۆ به‌رهه‌مهێنانی ته‌کنیکی ژینگه‌ پارێز ئاماده‌ کردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ پرسه‌ گه‌وره‌کان له‌م کێشه‌یه‌دا هێشتا گفتوگۆکان به‌رده‌وامن و پێده‌چێت بگه‌نه‌ ئاستێکی توند. 

ئه‌و پرسه‌ گرنگانه‌ی که‌ وه‌زیری ژینگه‌ی سوید ئاماژه‌یان پێ ده‌کات و گوایا گفتوگۆکان ده‌رباره‌یان گه‌رمه‌ و هێشتا وڵاتانی به‌شداری کۆنفرانسی که‌شوهه‌وا له‌سه‌ریان ڕێک نه‌که‌وتوون،  بۆ نموونه‌ که‌مکردنه‌وه‌ی ئاستی ده‌رچه‌ ژینگه‌شیوێنه‌کان چۆن له‌نێوان وڵاتاندا دابه‌ش بکرێت.  کام وڵات و چه‌ند له‌و ده‌رچانه‌ که‌م بکه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها بڕی چه‌ند کۆمه‌ک بۆ وڵاته‌ هه‌ژاره‌کان و وڵاتانی تازه‌ پێشکه‌وتوو ته‌رخان بکرێت تا کارڕاییه‌کانیان بۆ پاراستنی ژینگه‌ و که‌شوهه‌وا بخه‌نه‌ گه‌ڕ.

جێ وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه کۆبونه‌وه‌کانی کۆبنهاگه‌نی پایته‌ختی دانمارک‌ پانزه‌هه‌مین کۆنفرانسی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه‌ بۆ پرسی که‌شوهه‌وا، له‌ حه‌وتی ئه‌م مانگه‌دا ده‌ستی پێ کردوو تا کۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista