سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی سوید هه‌ڵسه‌نگێندرا

ئه‌مڕۆ سه‌رۆکایه‌تیکردنی سوید بۆ یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی یه‌کییه‌تی ئه‌ورووپاوه‌ له‌ ستراسبۆرگی فه‌ره‌نسا هه‌ڵسه‌نگێنرا، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ ماوه‌ی سه‌‌رۆکایه‌تیی سوید بۆ یه‌کیه‌تییه‌که‌ ته‌نها دوو هه‌فته‌ی ماوه‌. سه‌ره‌تای گفتوگۆکان به‌ وتاری به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌کیه‌تییه‌که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی سوید فرێدریک ڕه‌ینفێلد ده‌ستی پێ کرد.

 ڕه‌ینفێلد له‌ وتاره‌که‌یدا په‌سه‌ندی کاره‌کانی خۆیانی له‌ماوه‌ی ئه‌و سه‌رۆکایه‌تییه‌دا دا، به‌وه‌ی که‌ سوید له‌و ماوه‌یه‌دا پرسی ژینگه‌ی به‌رز کردۆته‌وه‌، به‌رده‌وام به‌دواداچوونی قه‌یرانه‌ ئابووریه‌که‌، کارکردن له‌سه‌ر پرسی ده‌ریای به‌لتیک، هه‌روه‌ها داڕشتنی پرۆگرامی ستۆکهۆلم بۆ پرسه‌کانی ناوخۆ و دادوه‌ریی و له‌نێوانیاندا پرسی په‌نابه‌ری. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ له‌ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی کردنی سوید بۆ یه‌کیه‌تییه‌که‌ په‌یماننامه‌ی لشبۆنه‌ خرایه‌ کار که‌ به‌و پێیه‌ شێوازی کاری یه‌کییه‌تییه‌که‌ گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت. 

هه‌ر له‌ ڕوانگه‌ی خستنه‌ کاری په‌یمانی لشبۆنه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمسیۆنی یه‌کیه‌تی ئه‌ورووپا خوسێ مانوێل بارۆسۆ، سه‌رۆکایه‌تیی سویدی بۆ یه‌کیه‌تییه‌که‌ و کاره‌کانی  فرێدریک ڕه‌ینفێلدی په‌سه‌ند دا و تێیدا کاری سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ سه‌رکه‌وتنێکی ئاست به‌رز له‌ قه‌ڵه‌مدا، به‌تایبه‌ت که‌ سه‌رۆکایه‌تی سوید بۆ یه‌کیه‌تییه‌که‌ له‌وه‌دا بووه‌ که‌ ڕێگه‌یان بۆ خستنه‌کاری ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ خۆش کردووه‌.

جێی باسه‌ فرێدریک ڕه‌ینفێلد له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا له‌ چه‌ند لایه‌کی تریشه‌وه‌ په‌سه‌ند دراوه‌، بۆ نموونه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند ڕۆژنامه‌وانێکی  ڕۆژنامه‌ی ،لا تریبون، ڕه‌ینفیلدیان له‌ نێوان سه‌رۆکی وڵاتانی یه‌کیه‌تی ئه‌ورووپا به‌ ئه‌ورووپیی ساڵ هه‌ڵبژارد یه‌كێک له‌ هۆکانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌وه‌بوو که‌ ڕه‌ینفیلد توانی سه‌رۆکی چێک ،ڤاسلاڤ کلاوس، باوه‌ڕ پێ بهێنێ تا په‌یماننامه‌ی لشبۆنه‌ ئیمزا بکات. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یه‌کیه‌تییه‌که‌ ڕه‌خنه‌یان له‌ فرێدریک ڕه‌ینفیلد گرتووه‌ که‌ گوایا کاره‌کان بۆ ئه‌و پرسه‌ شێواویان پێوه‌ دیار بوون. 

هه‌ر سه‌باره‌ت به ڕه‌خنه‌کان له‌ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی سوید بۆ یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپا له‌لایه‌ن ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپی له‌ سه‌ر لیستی سۆسیالدیموکراته‌کان ماریتا ئولڤسکوگ سه‌رنجی هه‌یه‌. 

 - من وه‌ک سویدییه‌ک ئاواتم ئه‌وه‌ بوو که‌ سه‌رۆکایه‌تییه‌کی به‌ بره‌وتر و به‌ به‌رهه‌مترمان  هه‌بواییه‌، به‌تایبه‌ت که‌ ئێمه‌ وڵاتێکی بچوکین له‌ یه‌کیه‌تییه‌که‌دا.  به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ،ماریتا ئولڤسکوگ، ده‌ڵێت تێگه‌شتنه‌کان سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی سوید ئه‌وه‌یه‌ که‌ سوید هێنده‌ له‌ که‌وتن ده‌ترسا، نه‌یوێراوه‌ هیچ به‌ده‌ست بهێنێت. کاره‌کانی سوید زیاتر خۆپارێزانه‌ بووه‌. ئولڤسکۆگ ده‌ڵیت له‌و ماوه‌یه‌دا وڵاته‌ گه‌وره‌کانی وه‌ک ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا خۆیان کز گرتبوو. سوید ده‌بوا چاونه‌ترسانه‌تر بوایه‌ و کاری باشتری بۆ پرسه‌کانی کار و مافه‌کانی موچه‌خۆران هه‌روه‌ها پرسی خۆشگوزه‌رانی کۆمه‌ڵایه‌تی  بکردایه‌. ئه‌مه‌ جگه‌له‌ پرسی ژینگه‌ که‌ ده‌بوا کاری زیاتری بۆبکرایه‌. ‌هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕای ماریتا ئولڤسکوگ کۆنفرانسی که‌ش له‌ کۆبنهاگه‌ن هێشتا هیوا به‌خشه‌.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista