مەسیحییەکانی عێراق، بۆ مانەوە لە سوید ئاسانکارییان بۆ دەکرێت

هاووڵاتییانی مەسیحی و کەسانی سەر بە کەمینەکانی تری ئایینیی عیراقی، هاسانتر لە پێشوو مۆڵەتی مانەوە لە سویدیان دەدرێتێ. بە پێی هەواڵێک کە بەشی ناوەندیی دەنگوباسی رادیۆی سوید بڵاوی کردەوە، ئەم پرسە ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی یاسای دەزگای کۆچدا تاووتوێ دەکرێ و لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی عێراقییەکی زیاتر کە لە بەر زوڵم و ڕاوەدوونانی ئایینی لە وڵاتی خۆیان ڕایان کردووە، لە سوید بمێننەوە.



لە گوێن ڕێساکانی هەیی دەزگای کۆچ، دەبێ هۆی کەسەکیی بەهێز هەبێت تا یەکێک بتوانێ لە سوید بمێنێتەوە بەڵام بە پێی هەڵوێستگرتنێکی پێشووی ئەنجومەنی یاسای کۆچ، ئەو عیراقییانەی دووجنیسخوازن یا خود هاوجنیسخوازن بۆیان هەیە لە سوید بمێننەوە چونکە سەر بە کەمینەیەک دەژمێردرێن کە زوڵمیان دەرهەق دەەکرێت. ئێستاش لەوانەیە کە هەمان بڕیار، مەسیحییەکان و کەمینەکانی نەتەوەیی و ئایینیی عێراقیش بگرێتەوە.

لە سەری ساڵی تازەوە سەرۆکی بواری یاسای دەزگای کۆچ، میکاییل ریببنڤیک، خەریکی ئامادەکردنی بەڵگەنامەیەک دەبێ کە بینێرێتە بەشە پەیوەندیدارەکانی ئەم دەزگایە. بەڵام نایەوێ لە ئێستاوە لە قاوی بدا کە ئاکامی ئەو بەڵگەنامەیە چیە، تەنیا ئەمە دەڵێ کە بەڵگەنامەکە بواری مانەوەی ئەو کەسانە لە سوید خۆشتر و ئاسانتر دەکات.

میکاییل ریببنڤیک گوتی بە پێی ئەو رەوشەی ناوخۆی عێراق کە بۆ کەمینەکان هەر دێ و زەحمەتتر دەبێت، بەڵگەنامەکە ئاسانکاری بۆ مانەوەیان دەکات نەك ئەوەی لێیان ناخۆشتر بکات. دیارە مەبەست مانەوەیان لە سویدە.

ڕێکارە ئامادەکراوەکە لە سەری ساڵەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو هەزاران عێراقییەش دەگرێتەوە کە پاش وەرگرتنی وەڵامی نا بە هەمان هۆ، بە نهێنی دەژین و هەلی ئەوەیان بۆ دەرەخسێ تا جارێکی دی چاو بە دۆسیەکەیاندا بخشێنرێتەوە.

هەر ئێستا بە هەزاران پەناخوازی عێراقی سەر بە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە سوید هەن کە بڕیاری دەرکرانیان بۆ دەرچووە. شێرزاد شێر، ئەندامی سەرپەرستکاری ماڵپەڕی (عەنکاوە دات کام) کە بە سی زمانی عەرەبی، سویدی و ئینگلیزی لە سەر ڕەوشی مەسیحی، کلد و ئاسوورییەکان دەنووسێ، باسی گرفتی کەمینەکانی ئایینی لە عێراقی ئێستادا دەکات.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista