ئاسۆ نادری

مایکرۆسۆفت، لە ئەورووپا سنووردار کرایەوە

زلشیرکەتی مایکرۆسۆفت چیدی بۆی نییە پێشاوپێش وێبگەڕی تایبەتی خۆی، ئێکسپلوورر، لەو کۆمپیوتێرانەدا کە لە ئەورووپا دەفرۆشرێن دامەزرێنێت بەڵکوو ئەوە بەکارهێنەران خۆیانن کە دەبێ لە هەڵبژاردنی وێبگەڕدا ئازاد بن و بتوانن لە ناو ئەو پازدە وێبگەرەی هەیە، بە دڵخوازی خۆیان یەکیان دامەزرێنن. ئەمە بڕیارێک بوو کە کۆمیسیۆنی ئەورووپا، پاش شەڕێکی درێژخایەنی دە ساڵە بە سەر مایکرۆسۆفتدا سەپاندی.

ئاسۆ نادری پسپۆری بواری کۆمپیوتەر ئەم بڕیارەی پێ دروستە و پێی وایە بە سوودی بەکارهێنەرانیش دەشکێتەوە.

بەکارهێنەری سیستەمی کارگێڕی ویندۆز لە ئەورووپا، لەمەودوا و لانی کەم بۆ پێنج ساڵان، لە ناو کۆمپیوتێرەکەیدا لاپەڕەیەکی بۆ دەکرێتەوە کە ئیزنی پێ دەدا لە ناو پازدە وێبگەڕاندا کامەی پێ باشە هەڵیبژێرێ و دایبەزێنێ. فایرفۆکس، سەفاری، ئوپرا یان خود ئینترنێت ئێکسپلورر. شیرکەتی سازکەری کۆمپیوتێرەکەش لە سەرێتی کە هەر هەموو وێبگەڕەکان لە ناو کۆمپیۆتێرەکەدا دانێ و بەکارهێنەر بە دڵخوازی خۆی وێبگەڕ هەڵبژێرێ.

ئەو شەڕە درێژخایەنەی کۆمیسیۆنی ئەرووپا لە گەڵ مایکرۆسۆفت دە ساڵی خایاند و ١٧ میلیارد کرۆن جەریمەش لە سەر مایکرۆسۆفت کەوت. هۆی سەرەکیی ئەم شەڕە، یاسای وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپایە لە سەر ئازادیی کێبەرکێ. بڕیارەکە هانی سازکەرانی وێبگەڕەکانی دیکەش دەدا هەتا لە داهاتوودا وێبگەڕی باشتریش بەرهەم بێنن.

بێت و مایکرۆسۆفت ئەم بڕیارەی کۆمیسیۆنی ئەورووپا جێبەجێ نەکا ئەوا دە لە سەدی فرۆشی دە ساڵی خۆی دەبێ وەک جەریمە بدات کە بە پارەیەکی یەکجار زۆر مەزەندە دەکرێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista