به‌ڵێنه‌کانی به‌ره‌ی هاوپه‌یمان چییان به‌سه‌ر هات.

به‌ره‌ی هاوپه‌یمان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2006 ـه‌دا جاڕنامه‌یه‌کی بۆ هه‌ڵبژاردن خسته‌ ڕوو له‌131 به‌ڵینی جیاواز پێک هاتبوو‌. زۆری ئه‌و به‌ڵێنانه‌ به‌ جێ گه‌یه‌ندران، که‌میان خرانه‌ لاوه‌ و هه‌شیانه‌ درانه‌ به‌ر لێوه‌کۆڵینه‌وه‌ که‌ تاکوو پاییزی هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوو یه‌کلا نابنه‌وه‌. به‌ڵێنه‌کان گه‌لێک بواریان ده‌گرنه‌وه‌ که‌ ده‌کرێت به‌م جۆره‌ی خواره‌ پۆلێن بکرێن:

1 ـ باج و کۆمه‌ک

 به‌ره‌ی هاوپه‌یمان به‌ڵێنی دا‌ باجه‌کان که‌م بکاته‌وه‌ و که‌سی به‌کار سوود له‌ کارکردنی خۆی وه‌ربگرێت و به‌ری ئه‌و شته‌ ته‌سک بکاته‌وه‌ که‌ به‌ دووره‌په‌رێزی ناو ده‌بردرێت.

باجی سامان و باجی خانووبه‌ره‌ له‌ نێو براوه‌ و باجی خانووبه‌ره‌ مزێکی خانووبه‌ره‌ جێی گرتووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی 6000 کرۆنی بۆ دیاری کراوه‌. له‌ بواری باجی مووچه‌دا داشکاندنی باجی کار چوار جار ئه‌نجام دراوه‌ و ڕاستکردنه‌وه‌ی باجی ئه‌و کارانه‌ی له‌ ماڵاندا ده‌کرێن جێبه‌جێ کرا. به‌ڵام به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موو داهاتێکی له‌ سه‌روو 42 هه‌زار و 250 کرۆنی مانگانه‌وه‌‌ 5% که‌م بکرێته‌وه‌ له‌م چوار ساڵه‌ی حوکمی به‌ره‌ی هاوپه‌یماندا به‌ جێ نه‌گه‌یه‌ندرا.له‌م بواری که‌مکردنه‌وه‌یه‌ی باجدا ئه‌وانه‌ی داهاتی کاریان هه‌یه‌ برنده‌ بوونه‌ و ئه‌گه‌ر خاوه‌ن داهاتی ناونجی به‌ نموونه‌ بگرین  1500 تا 1700 کرۆنی زیاتری مانگانه‌یان بۆ ماوه‌ته‌وه‌.

خاوه‌ن خانووبه‌ره‌ی گرانبایی باجی خانووبه‌ره‌یان به‌جارێ داشکاوه‌ و خاوه‌ن سامانی میلیۆن به‌ میلیۆنیش هیچ باجێکیان له‌سه‌ر نه‌ماوه‌. ئه‌وانه‌ی پێویستیان به‌ کاری ماڵانیان هه‌یه‌ و خاوێنکردن و باخچه‌وانییان پێویسته له‌ کاتی ڕاستکردنه‌وه‌ی باجدا یه‌کجار که‌میان له‌سه‌ر که‌وتووه‌. ئه‌و خانه‌نشینانه‌ی که‌ درێژه‌ به‌ کاری خۆیان ده‌ده‌ن باجی کاریان بۆ داشکێنراوه‌، له‌ کاتێکدا خانه‌نشینی بێداهاتی کار ئه‌م ڕاستکردنه‌وه‌یه‌ی باجیان بۆ نه‌کراوه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ لێدوانی له‌مه‌ڕ داد و یه‌کسانیی له‌م بواره‌دا ناوه‌ته‌وه‌. ‌کۆمه‌کی چاودێریکردنی منداڵی ساوای یه‌ک تا سێساڵان وه‌به‌ر هه‌موو شاره‌وانییه‌که‌وه‌ نراو که‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ دایبهێنن، ساڵی 2008 هه‌لومه‌رجێک بۆ ئه‌و دایک و باوکه‌ ڕه‌خسێنرا که‌ ده‌یانه‌وێت هێشتا چاودێریی منداڵی خۆیان بکه‌ن پاش ئه‌وه‌ی بیمه‌ی دایک و باوکان کۆتایی دێت. ئه‌م کۆمه‌که‌ 300 هه‌زار کرۆنی مانگانه‌یه‌ و شاره‌وانییه‌کان ده‌توانن ئاره‌زوومه‌ندانه‌ به‌ کاری بهێنن بێ ئه‌وه‌ی باجی لێ دابشکێنن...

2 ـ کار و بازاڕی کار

دابڕینی دووره‌په‌رێزی و وه‌کارخستنی که‌سانێکی زۆرتر یه‌کێکی کۆڵه‌گه‌کانی جاڕنامه‌‌که‌ی به‌ره‌ی هاوپه‌یمان بوو. به‌و پێیه‌ بڕیار درا‌ که‌سی که‌مته‌مه‌ن خانه‌نشین نه‌کرێت و ئه‌وانه‌ی ماوه‌یه‌کی درێژ به‌ نه‌خۆش تۆمار کراون و ئه‌وانه‌یش که‌ ساڵانێکی زۆر  بێکار ماون، به‌ره‌ی هاوپه‌یمان به‌ڵێنی دا بۆ بازاڕی کاریان بگێڕێته‌وه‌. ئه‌وی له‌م بواره‌دا کرا ئه‌و شته‌یه‌ که‌ به مسۆگه‌ره‌ی کار (Jobbgaranti) ناو ده‌بردرێت و لاوی ته‌مه‌ن 16 تا 24 ساڵان ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌ 50 ڕۆژ زیاتر بێکار ماون‌. ئه‌م گه‌ره‌نتییه هه‌موو ساڵێک 30 هه‌زار گه‌نج ده‌گرێته‌وه‌‌ که‌ یارمه‌تییه‌کی زێده‌ ده‌درێن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ڕێی مه‌شقکاری و خوێندنی پیشه‌ییه‌وه‌ کار په‌یدا بکه‌ن. مزی خاوه‌نکاران به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌یان که‌ گه‌نجی ته‌مه‌ن 19 تا 24 ساڵان له‌ کار داده‌مه‌زرینن نیوه‌ کراوه‌. پێشنیازی که‌مکردنه‌وه‌ی مزی ئه‌و خاوه‌نکارانه‌ی کۆمپانیای خزمه‌تکاری به‌ ڕێوه‌ ده‌به‌ن، یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپا ڕه‌تی کرده‌وه‌. کۆمپانیای بچووک چه‌ند ڕێسایه‌کی ئاسانیان بۆ دیاری کراوه‌، به‌ڵام هێشتا هێندێکی ماوه‌ته‌وه‌. کاری تازه‌ده‌ستپێکراویش (nystartsjobb) به‌ دابینکردنی هه‌لومه‌رج‌ بۆ ئه‌وانه‌ داده‌نرێت که‌ ماوه‌یه‌کی درێژه‌ بێکارن و ئه‌وانه‌یش ده‌گرێته‌وه‌ که‌ ماوه‌یه‌کی زۆر نییه‌ نیشته‌جێی سوێدن. جا ئه‌گه‌ر خاوه‌نکارێک که‌سی وا دابمه‌زرێنیت کۆمه‌کی ئابووریی ده‌کرێت. 

3 ـ بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی

داشکاندنی باجی کار ده‌بوو سوود به‌ هه‌موو که‌سێک بگه‌یه‌نێت که‌ کار ده‌کات و که‌مکردنه‌وه‌ی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی نه‌خۆشی و بیمه‌ی بێکاری هانی خه‌ڵک بدات بۆ کاری بگه‌ڕێته‌وه‌ ـ دیاره‌ به‌پێی به‌ره‌ی هاوپه‌یمان.

ئه‌وپه‌ڕی قه‌ره‌بووی سندووقی بێکاری له‌ 730 کرۆنی ڕۆژانه‌وه‌ کرایه‌ 680 کرۆن و هه‌شتا له‌ سه‌دی مووچه‌ له‌ کاتی بێکاریدا ئیتر ڕێی له‌ که‌سی وا بڕی که‌ مانگانه‌که‌ی 14 هه‌زار و 960 تێپه‌ڕێنێت. ئه‌م قه‌ره‌بووه‌ دوای 200 ڕۆژی بێکاری‌ بۆ 70 % داده‌شکێنرێت.

ئابوونه‌ی سندووقی بێکاری به‌جارێک زیاد کرا. ئه‌مه‌ کارێکی وای نایه‌وه‌ که‌ نیومیلیۆن که‌س خۆیان له‌ ئه‌ندامێتیی سندووقه‌که‌ کێشایه‌وه‌، بۆیه ئابوونه‌ مانگانه‌که‌‌ 50 کرۆن که‌م کرایه‌وه‌. سنووری قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی بێکارییش بۆ شه‌ش مانگی ئه‌ندامێتیی سندووقی بێکاری که‌م کرایه‌وه‌. به‌ڵام به‌ره‌ی هاوپه‌یمان نه‌یتوانی بیمه‌کردنی زۆره‌ملێی بێکاری بهێنێته‌ ئاراوه‌ که‌ به‌ مه‌به‌ستی گرتبوو. ئه‌وپه‌ڕی کۆمه‌کی نه‌خۆشیش هه‌ر 80% ـی مووچه‌ی بۆ دیاری کرا به‌و مه‌رجه‌ی 21 هه‌زار و 200 کرۆنی مانگانه‌ی به‌ر له‌ باجکردن‌ تێنه‌په‌ڕێنێت. ئه‌م کۆمه‌کی نه‌خۆشه‌ له‌ 364 ڕۆژدا ده‌درێت که‌ ده‌کرێت بۆ 550 ڕۆژ درێژ بکرێته‌وه‌. قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی نه‌خۆش له‌ بارودۆخێکدا ده‌درێت که‌ که‌سه‌که‌ نه‌توانێت هه‌شت سه‌عاتی ته‌واو کار بکات. ئه‌م قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یه‌ سنووری دیاری کراوه‌. کاتێکش ماوه‌ی کۆمه‌کی نه‌خۆش و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی نه‌خۆش کۆتاییان دێت، که‌سی وا به‌پێی سیستمه‌ نوێیه‌که‌ وه‌به‌ر‌ خولی سێمانگه‌ی کاردۆزگه‌وه‌‌ ده‌نرێت و له‌و ماوه‌یه‌دا قه‌ره‌بوویه‌کی پێ ده‌درێت که‌ به‌وه‌ی سندووقی بیمه‌ ده‌چێت.  دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ ئیتر بێبیمه‌ ده‌بێت و ڕووی له‌ کار و چالاکییه‌ ئاساییه‌کانی کاردۆزگه‌ ده‌نرێت. به‌ڵام به‌ هۆی نه‌خۆشی و زیانه‌وه‌ که‌سی وا ده‌کرێت سه‌رله‌نوێ بۆ سیستمی کۆمه‌ک و قه‌ره‌بووی نه‌خۆشی بگێڕدرێته‌وه،‌ به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌ نوێیه‌که‌ی هه‌ڵده‌سه‌نگێندریت.

4 ـ فێرگه‌

بڕیار وایه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی فێربوون ساڵی خوێندنی 2011/2012 له‌ پۆلی شه‌شه‌وه‌ بدرێت (ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی سه‌وزوسوور هه‌ڵبژارنه‌که‌ نه‌به‌نه‌وه‌ و بڕیاره‌که‌ نه‌گۆڕن) پله‌به‌ندییشی لێ به‌ کار ده‌بردرێت. هه‌ڵسه‌نگاندنی نووسراویش له‌ ساڵی 2008  و پۆلی یه‌کی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ کاری پێ کراوه‌. تاقیکردنه‌وه‌ی نیشتمانییش هه‌ر له‌‌ زمانی سوێدیدا ساڵی پار له‌ پۆلی سێوه‌ ده‌ست پێ کرا. فێرخوازی ته‌شقه‌ڵه‌باز و سرک ده‌کرێت بۆ فێرگه‌ی تر بگوێزرێنه‌وه‌ و فێرکاریش بۆی هه‌یه‌ ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو شتێکی فێرخوازی وا بگرێت که‌ بارودۆخی پۆله‌که‌ی پێ ده‌شێوێندرێت.

ئاستی هه‌موو فێرگه‌یه‌ک ده‌ستگه‌کانی فێرگه زیاتر هه‌ڵیده‌سه‌نگێنن. ئێستایش هه‌مان هه‌لومه‌رج بۆ  کۆمه‌کردنی فێرگه‌ی ئازاد و فێرگه‌ی شاره‌وانییه‌کان دیاری کراوه و کۆمه‌که‌ شاره‌وانییه‌کان ده‌یده‌ن. له‌میانی ئه‌مساڵدا پێشنیاز ده‌کرێت ناسنامه‌ی فێرکار بخرێته‌ ئاراوه‌ و ته‌نیا فێرکاری ده‌رچووی په‌یمانگه‌ و زانستگه‌ ڕێی ده‌درێت کاری هه‌میشه‌یی ده‌ست بکه‌وێت. ‌

5 ـ نه‌خۆشه‌وانی

ئه‌وه‌ی به‌ یاسای ڕاگرتن (stopplagen) له‌ بواری نه‌خۆشه‌وانیدا ناو،  ساڵی 2007 له‌ ناو برا و ڕێی به‌ڵێنده‌ری تایبه‌تی دا نه‌خۆشخانه‌ به‌ مه‌به‌ستی قازانجکردن به‌ ڕێوه‌‌ ببات. دیاریکردنی کاتی نه‌خۆشه‌وانییش داهێنرا که‌ پێی دیار ده‌خرێت به‌شه‌ جیاوازه‌کانی نه‌خۆشه‌وانی چۆن و چه‌ندێک بخایه‌نێت، به‌ نموونه‌، بۆ سه‌ردانی پزیشکێکی ناوچه‌ نابێت هیچ نه‌خۆشێک حه‌وت ڕۆژ زیاتری پێ بچێت و چاوه‌ڕێکردنی کاتێک بۆ سه‌ردانی پزیشکێکی تایبه‌تکاریش 90 ڕۆژ بخایه‌نێت. لایه‌نێک چاره‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی نه‌خۆشێکی پێ نه‌کرێت، ده‌بێت بواری ئه‌وه‌ بڕه‌خسیت که‌ نه‌خۆشی وا له‌ شوێنیکی تر چاره‌سه‌ر بکرێت. ده‌روونه‌وانییش پاره‌یه‌کی زۆرتری بۆ ته‌رخان کرا که‌ به‌ زیاتر بۆ ده‌روونه‌وانییه‌ سه‌ره‌تاییه‌که‌ی دیاری کرا. پیر و که‌سانی گه‌وره‌ساڵ ڕێی ئه‌وه‌یان بۆ خۆش کرا که‌ ئه‌و که‌سه‌ دیاری بکه‌ن خزمه‌تی ماڵیان ده‌که‌ن و پاره‌یه‌کی زۆرتر بۆ ئه‌وه‌یش دانرا‌ که‌ به‌ خانه‌ی تایبه‌تی پیران ناو براوه‌. پیر و په‌ککه‌وته‌کان بۆیان ڕه‌خساوه‌ له‌ خانه‌ی پیرانی شاره‌وانیی تردا نیشته‌جێ ببن. 

6 ـ تێکگونجان

گه‌لێکی به‌ڵینه‌کانی هه‌ڵبژاردن که‌ پرسی تێکگونجان (Integration)ـیان لێ ڕه‌چاو کراوه‌، له‌ گه‌لێکی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ نراون که‌ باس کران. به‌ڵام کاری تریش له‌م بواره‌دا کراوه‌. یاسایه‌کی کۆگری دژ به‌ هه‌ڵاواردن و جوداکاری خراوه‌ته‌ ئاراوه‌ و نوێنه‌رێکی تایبه‌ت به‌ پرسی جوداکارییش ده‌ستنیشان کراوه‌. کاری هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی بۆ کۆچهێنی نوێیش داهێنراوه‌ به‌و مه‌رجه‌ی‌ که‌سه‌که‌ له‌ ماوه‌ی 36 مانگدا مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی پێ درابێت. خاوه‌نکار 75% ـی ئه‌و مووچه‌یه‌ی که‌ به‌ که‌سی وای ده‌دات وه‌ک کۆمه‌ک پێ ده‌درێت دیاره‌ ئه‌گه‌ر که‌سی وا دامه‌زرێنیت و ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی 750 کرۆنی ڕۆژانه‌ی بۆ دیاری کراوه‌. ئه‌م جۆره‌ دامه‌زراندنه‌ ده‌بێت به‌ خوێندنی زمانی سوێدییه‌وه‌ گرێ درابێت و کاری تریش له‌م بواره‌دا کراوه‌ به‌ڵام هێشتا یه‌کلا نه‌کراونه‌ته‌وه‌.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".