Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på https://kundo.se/org/sverigesradio/

یاسای زمان مافی که‌مینه‌کانیش دابین ده‌کات

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 24 februari 2010 kl 14.00
  • سوێدی، زمانی سه‌ره‌کیی سوێده‌.
  • زمانی پێوه‌ندییه‌ فه‌رمییه‌کان ده‌بێت پاڕاو و ساده‌ و له‌ باری تێگه‌یشتندا بێت.
  • لایه‌نه‌ گشتییه‌کان ئه‌رکی تایبه‌تی ئه‌وه‌یان ده‌که‌وێته‌ سه‌ر که‌ سوێدی به‌ کار ببردرێت و پێش بخرێت.

له‌ یه‌کی جوڵایی ساڵی پار، 2009 ـوه‌، یاسایه‌کی زمان له‌ سوێد داهێنراوه‌ که‌ پله‌وپایه‌ و جێی زمانی سویدیی به‌هێز کردووه‌ و له‌ یه‌کی جانیوه‌ریی ئه‌مساڵیشه‌وه‌ یاسایه‌کی تر وه‌ کار خراوه‌ که‌ هه‌رپێنج که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی سوێد و زمانیانی پێ ده‌پارێزرێت. زمانی ئه‌م پێنج که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌یش فینلاندی و مێینکێیلی (واته‌ فینلاندیی تورنێدال) و سامی و ڕۆمانیی چیب و ییرێشن که‌ دوایینه‌که‌یان زمانی جووله‌که‌کانی ئه‌ورووپایه‌.

به‌ڵام سوێد یاسایه‌کی بۆ چییه‌ که‌ ده‌ڵێت زمانی سوێدی زمانی سه‌ره‌کی و زاڵی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ لای زۆر که‌سه‌وه‌ شتێک نییه‌ گومان هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام لێنا ئێکبه‌ری که‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی زمانه‌ ده‌ڵێت بارودۆخی زمان له‌ سوێد گه‌لێک ئاڵۆزه‌، ئێمه‌ زمانێکی یه‌کجار زۆری دایک یان زگماکمان هه‌یه‌، که‌ زمانی وایشیان دێته‌ پاڵ دابونه‌ریتی دێرین ده‌یانپارێزێت چونکه‌ ساڵانێکی زۆر لێره‌ به‌ کار براون و وه‌ک زمانیش مه‌ترسیی نه‌مانیان هاتووه‌ته‌ پێش و که‌ هه‌رپێنج زمانی که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی سوێدن

له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا زمانی هه‌موو خه‌ڵکه‌ کۆچهێنه‌که‌ هه‌ن و زمانی ئینگلیزییش که‌ جێی تایبه‌تی خۆی له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌ و وا خه‌ریکه‌ ده‌چێته‌ گه‌لێک بواری وه‌ک توێژینه‌وه‌ی زانستی و کاروباری ئابووری و کۆرکی کاره‌ داراییه‌کانه‌وه‌.

سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی زمانه، لێنا ئێکبه‌ری ده‌ڵێت

به‌م پێیه‌ به‌ گرنگ ده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ یه‌کلا بکرێته‌وه‌ که‌ زمانی سوێدی پله‌وپایه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و ملیۆنێکی نۆ میلیۆنه‌ دانیشتووه‌که‌ی سوێدیش 150 زمانی جیاوازین هه‌یه‌. به‌ڵام یاسای زمان ده‌یشڵێت که‌ هه‌موو که‌سێک مافی خۆیه‌تی زمانی خۆی به‌ کار بهێنێت و پێشی بخات و که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش که‌ له‌ یه‌کی جانیوه‌ریی ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌بێت خۆیان و زمانه‌که‌یان بپارێزرێن و پشگیری بکرێن.

فینلاندی و مێیێنکێیلی و سامی  به‌ هه‌موو شیوه‌زاره‌کانییه‌وه‌ به‌پێی جێ و ڕێی جوگرافییان، ناوچه‌ی تایبه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و ده‌ستگه‌ی تایبه‌تی به‌ڕێوه‌بردنیان له‌ ڕیزێک شاردا بۆ دابین کراوه‌، که‌ لێیاندا گه‌لێکی ئه‌م که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌یان ده‌ژین. له‌م شارانه‌دا ده‌سته‌ڵاتی ئه‌مان زیاد ده‌کرێت و پرس و ڕاوێژیی نێوان که‌مینه‌کان و ده‌ستگه‌کان به‌هێزتر ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌م ناوچه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ که‌مینه‌ی ڕۆمی ناگرێته‌وه‌، که‌ سکرتێری وه‌زاره‌تی تێکگونجان و یه‌کسانی، Kaisa Syrjänen Schaal  کایسا سیوریێنێن شال له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت بڕیاری وا له‌ ئارادا هه‌ن که‌ سه‌رانسه‌ری سوێد و هه‌موو که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌گرنه‌وه‌.

بڕیارێک هه‌یه‌ به‌ ئه‌رکی زانیارییه‌وه‌ گرێ دراوه‌ و پێوه‌ندیی به‌ ماف و ئه‌رکه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌مه‌یان ڕۆمه‌کان ده‌گرێته‌وه‌. کایسا شال ده‌یشڵێت بڕێارێکی تریش هه‌یه‌ که‌ له‌ ده‌ستگه‌کانی به‌ مه‌رج ده‌گرێت ڕاوێژ به‌ که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بکه‌ن و بڕیارێکی گشتییش له‌ ئارادایه‌ که‌ ده‌ڵێت شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی تر ده‌بێت له‌ کاره‌کانیدا به‌ شێوه‌یه‌کی چالاکانه‌ پشتی زمانی که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بگرن، که‌ زمانی ڕۆمانیی شیبیش ده‌گرێته‌وه‌.

به‌ڵام ڕۆمانییه‌کانی به‌راورد به‌ که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی تری سوێد هه‌مان پله‌وپایه‌یان پێ نه‌دراوه‌، که‌ شتێکه‌ به‌پێی کایسا شال بۆ ئه‌و پارێزه‌ به‌هێزتره‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ سوێد له‌ کاتی په‌سه‌ندکردنی په‌ییماننامه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی تایبه‌ت به‌م پرسه‌دا به‌ ڕێبزای گرتووه‌. ئه‌م پارێزه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ داهێنراوه‌ که‌ سوێد لای وایه‌ سامی و فینلاندی و مێیێنکیێلی پێوه‌ندییه‌کی جۆگرافییان به سۆنگه‌ی هۆکاری مێژووییه‌وه‌ هه‌یه‌ و ناوچه‌ی وایش ده‌بێت به‌ جیرێکی باشتر بپاریزرێن.

یاسای زمان به‌ مه‌رجی ده‌گرێت زمانی که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی بپارێزرێن، جا شاره‌وانییه‌ک که‌ بۆ نموونه‌ بڕیاری تایبه‌ت به‌‌ فێرگه‌وه‌ ده‌گرێت ده‌بیت سه‌رنجی وردی ئه‌و بدات که‌ فێرکردنی زمانی دایک چی بوارێکی بۆ ڕه‌خسێنراوه‌ و چی و چه‌ندێکی بۆ دابین ده‌کرێت ئه‌مه‌یان پێوه‌ندیی به‌ لایه‌نی فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ ـ کولتووره‌وه‌ ـ هه‌یه‌.

لێره‌دا کایسا شال کتێبخانه‌ به‌ نموونه‌ ده‌گرێت و ده‌ڵێت شاره‌وانی ده‌بێت له‌و بڕوانێت که‌ کتێب به‌ زمانی که‌مینه‌کان له‌ کتێبخانه‌دا هه‌بن. کاتێکیش پاره‌ بۆ بواری فه‌رهه‌نگی ته‌رخان ده‌کرێت، که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌رچاو ده‌گیرێن. ده‌ڵێت شاره‌وانی ده‌بێت له‌وه‌ دڵنیا بێت که‌ کتێب و کولتووری بۆ نموونه‌ ڕۆمانی له‌و ناوچانه‌دا هه‌بن که ڕۆمانییه‌کانیان لێ ده‌ژین.

حوکمه‌ت بۆ ئه‌مساڵ پاره‌ی بۆ مایه‌گوزاریی له‌سه‌ر منداڵانی که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ته‌رخان کردووه‌‌. به‌ڵام پاره‌یه‌کی زۆریش بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ زمانی پێ بپارێزرێت. ئه‌مه‌ کایسا شال جه‌ختی ده‌کاته‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت له‌ یه‌کی مارسی ئه‌مساڵه‌وه‌ پاره‌یه‌ک هه‌یه‌ که‌ به‌ پاره‌ی ـ ڕێڤیتالیسێرین ـ  گوڕتێگه‌ڕانه‌وه‌ ناو ده‌بردرێت و که‌ ڕێی بۆ خۆش کراوه‌ داوا بکرێت. سێ میلیۆن و 400 هه‌زار کرۆنی بڕێاره‌ ئه‌مساڵ بۆ کاری پێوه‌ندیدار به‌ بۆ بۆ نموونه‌ زمانی سامیی شیبه‌وه‌ دابین کراوه. جا ئه‌گه‌ر که‌سانی وا هه‌بن بیانه‌وێ کار له‌ پرۆژه‌یه‌کدا بکه‌ن ئامانجی به‌هێزکردنی زمانی ڕۆمیی شێب بێت، کایسا شال به‌ باشی ده‌زانێت له‌ یه‌کی مارسی داهاتووه‌وه‌ سۆراخی پاره‌ی وا له‌ ئه‌نجومه‌نی زمان بکه‌ن‌.

ئه‌نجومه‌نی ئه‌ورووپا له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌کردنه‌ی سوێدی په‌سه‌ند نه‌بووه‌ که‌ له‌گه‌ڵ که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆیدا ڕه‌چاوی کردووه‌، به‌ڵام پێ ده‌چیت زۆرێکی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ هه‌موار کرابێت و کایسا شالیش ئه‌مه‌ به‌ گرینگ ده‌زانێت و لای وایه‌ به‌م گۆڕانکارییه‌ی ئێستا سوێد ئامرازی باشتری به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ودای به‌رفراونتر له‌م بواره‌دا ببڕیت. به‌ڵام نابێت پاڵی پێ بده‌ینه‌وه‌ و لامان وابێت که‌ کاره‌کانمان جێبه‌جێ کردووه‌. به‌ڵکه‌ ئێستا کاره‌کانی ئه‌م بواره‌مان ده‌ست پی ده‌که‌ن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".