قادر عەبدوڵڵا، ڕۆماننووسی ئێرانی لە سوید

هەفتەی ڕابردوو نووسەری ئێرانی ـ هۆلەندی، حوسێن سەجادی قایم مەقامی فەراهانی کە نازناوی قادر عەبدوڵلای لە خۆ ناوە، بە دوای بانگهێشتنی وەشانگەرەکە سویدییەکەی (Norsteds)، میوانی باژاری ستۆکهۆڵم بوو. ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا کە طاهر جام بر سنگ، هاوکاری بەشی فارسیی رادیۆی نێونەتەوەیی سوید لەگەڵی کرد سەرەتا باسی ئەوەی کرد کە چۆن بوو ئەو نازناوەی لە خۆ نا.

ئەو دەڵێ قادر و عەبدوڵلا دوو هاوڕێی کوردی من بوون. قادر خوێندکاری پزیشکی بوو، عەبدوڵلاش خوێندکاری میعماریی زانکۆ. کاتێ سوپای ئێران هێرشی کردە سەر کوردستان من لەوێ بووم و خەریکی نووسینی یەکەم بەرهەمم بە ناوی "کردها چە میگویند؟" کتێبەکە کەس نەیدەوێرا چاپی بکات بەڵام کرێکاری چاپخانەیەک رازی بوو کتێبەکەم بۆ چاپ بکات بەو مەرجەی ناوی منی پێوە نەبێت. منیش ناوی ئەو دوو هاوڕێ کوردەم لە خۆ نا کە کۆماری ئیسلامی کوشتبوونی. لەو کاتەوە بوووم بە قادر عەبدوڵلا.

قادر عەبدوڵڵا دەگێڕێتەوە کە ئەو ڕۆژەی لە تاران خوێندکارانی موسوڵمان باڵوێزخانەی ئەمریکایان گرت، ئەو وەک هەواڵنێری ڕێکخراوی فەداییانی خەڵق لەوێ بوو. پاسدارەکان دەیگرن و لێی دەدەن. کچێکی گەنجی چاوجوان پێش بە پاسدارەکان دەگرێ و نایەڵێ لێدەن. ئەو خانمە کە لە باوکەوە کوردی سنە بوو، ئێستا هاوسەری نووسەرە.

قادر عەبدوڵلا دەڵێ دوو کچی جوانم هەیە کە چاویان کێوی یە. دیارە جوانیی کچەکانم لە جوانیی کوردستانەوە دێ.

قادر عەبدوڵڵا ساڵی ١٣٥٨ی کۆچی هەتاوی کاتێ کوردستان بە دەست حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانەوە بوو و کۆماری ئیسلامی هێرشی لەشکریی کردنێ وەک هەواڵنێری ڕێکخراوی فەداییانی خەڵق لەوێ دەژیا.

قادر عەبدوڵڵا هەر لە ساڵی ١٩٨٩وە، ئەو کاتەی وەک پەنابەرێکی سیاسیی چەپ، بە ڕێگەی تورکیەدا پەڕیوەی هۆڵندا ببوو، دەستی کرد بە نووسین بە زمانی هۆڵەندی.

قادر عەبدووڵڵا دەڵێ پاش چەند مانگێک بڕیارم دا بەو زمانە نوێیە بنووسم. دیارە سەرەتا زۆرم لێ هەڵە دەبوو و دارەدارەم پێ دەکرد بەڵام هەر پێم نووسی. تا ئەمڕۆ. ئەمەش بیست ساڵی خایاندووە!

تا ئێستا ١٤ کتێبی بڵاوکردۆتەوە و یەکێ لەم کتێبانە دەنگوناوی جیهانیی پەیدا کردووە. ڕۆمانی "ماڵەکەی بەر مزگەوت"، لە ساڵی ٢٠٠٥ بە هۆلەندی بڵاو بۆوە و پاش سێ ساڵ کرا بە سویدی و ئێستا لە بازاڕدا دەست ناکەوێ. رادیۆی سوید ئەم ڕۆمانەی لە چواردە بەشدا لە بەرنامەیەکی تایبەتی ڕۆمانخوێندنەوەدا، پێشکەش کرد. بەم جۆرە بوو کە قادر عەبدوڵلا وەک نووسەرێکی ئێرانیی دوورخراوە، بە خوێنەرانی سویدیش ناسێنرا. ڕۆمانەکە وەرگێردراوەتەوە نزیکەی بیست زمانان.

ماڵەکەی بەر مزگەوت، ڕۆمانێکە کە بە شێوەیەکی سادە مێژووی سەد ساڵی دوایی ئێران دەگێڕێتەوە. سەردەمی چیرۆکەکە ساڵانی چل و پەنجای کۆچی هەتاوی دەگرێتەوە. لەم ماڵەدا کە لە شاری زەنجان هەڵکەوتووەە، سێ بنەماڵە کە خزمی یەکتریشن، بۆ نزیکەی سەد ساڵ پێکەوە ژیاون. ئاغاجانی بازرگان و جێبڕوای خەڵک و مزگەوت، مجێوری مزگەوت و پێشنوێژی مەزگەوتی ئەلسابری.

ئەلسابری کە لە کاتی ڕوودانی چیرۆکەکەدا مردووە و جێی خۆی داوەتە ئیمامێکی دیکە بە ناوی خەلخال. خەلخال کە لەگەڵ کچی سابری زەماوەندی کردووە بشێوییەک لە مزگەوت و شارەکە دەنێتەوە. ئەو کە موسوڵمانیکی دەمارگرژە دژی فەرهەنگی باوی کۆمەڵگادا ڕادەپەڕێ و وا دەکا کە تەنانەت شابانووی ئێران، مەلەکە فرح دیباش لە کردنەوەی تاکە سینەمای شار، پاشەکشە بکات. خەلخال پاش ڕاوەدوونرانی لە لایەن ساواکەوە لە شار بەدەر دەبێ و پێشنوێژێکی دی، دەبێتە ئیمامی ئەو مزگەوتە. ئیمامی تازەش گیرۆدەی عەشقی زینەت خانم، بێوەژنی ئەسابری دەبێت و لە کۆڕێکی وانەی دینی گوتنەوەدا و خوێندنەوەی سوورەی ئەنکەحتوو، زەوتی دەکات.

لە گۆشەنیگای جۆراجۆرەوە دەکرێ سەیری ئەم ڕۆمانە بکرێ. بۆ نموونە فۆرمی سادەی چیرۆکگێڕانەوە و بردنەپێشی هێڵی چیرۆکەکە بە بێ هیچ گرێ و گۆڵێک. هەندێ ئیپیزودی ئەو ڕۆمانە، سەمەرە بەڵام جێبڕوان. بۆ نموونە دەرکەوتنی خدری پێغەمبەر و هاتنە دیی خەونی دایەگەورەکان بۆ چوونە حەج. ئەمانە زۆر بە سانایی روو دەدەن و خوێنەر بیر لە ڕاستبوونیشیان ناکاتەوە. ڕێک وەک شێوازی نووسینی ریالیسمی سیحریی چیرۆکەکانی ئەمریکای لاتین و لەوانە گابرێیل گارسیا مارکێز.


ئەمە تەنیا نموونەیەکە لەو دەیان نموونەیەی دەسەڵاتی نووسینی قادر عەبدوڵڵا دەسەلمێنێ. ڕۆمانی "ماڵەکەی بەر مزگەوت"، ئاکامی گەلێ ساڵ هزرکردنی شەهباڵە، ئەو وکەسایەتییە گەنجەی ناو ڕۆمانەکە کە پاش شۆڕشی ئیسلاامی ڕادەکاتە هۆڵندا. ئەم خاڵە لە کۆتایی چیرۆکەکەدا و لەو نامەیەوە کە شەهباڵ بۆ مامی ـ عەمووجان ـ دەنووسێ دەردەکەوێ.

عەموو جان کە لە ماوەی تەمەنی بازرگانیی خۆیدا گەلێ جار لە دەرەوەی وڵاتەوە نامەی بۆ هاتووە، زەرفی نامەکە ناناسێتەوە. لێی ڕوونە کە نامەکە لە ئەڵمانەوە پۆست نەکراوە چونکە تەمرەکانی ئەوێ زۆرتر وێنەی موزیکزانان و زانایانی پێوەیە. هەڵالە رەنگاورەنگەکانی سەر تەمری نامەکە، نیشانەی پۆستکرانی لە هوڵەندەوەیە.

قادر عەبدوڵڵا دەیەوێ چیرۆکە ئێرانییەکانی خۆی بە عەتر و بۆی زمانەکەیەوە، بۆ میواندارانی بگێڕێتەوە، یا خود خانەخوێیەکانی بباتە پشت پەردەی ماڵەکانی شەرقییەوە.

قادر عەبدوڵڵا لە ڕۆمان و تەنانەت کاتی قسە لە سەر کارە ئەدەبییەکانیشیدا، دەیەوێ پەیامێکی گرنگ بداتە نووسەرانی کۆچهێن و دوورخراوە، ئەویش نووسین بە زمانی کۆمەڵگای میواندار.

دوایین ڕۆمانی چاپکراوی قادر عەبدوڵلا بە سویدی، ناوی (sändebudet) واتا نێردراوەکە کە ژیانی محەمەد پیغەمبەری ئیسلام وەک مرۆڤێکی زەمینی دەگێڕێتەوە. قادر عەبدوڵلا پێشتر قورئانی بە زمانی هۆڵەندی چاپ و بڵاو کردۆتەوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista