هه‌شتی مارس سه‌د ساڵی پڕ کرده‌وه‌

ئه‌مڕۆ سه‌د ساڵه‌ و سه‌ده‌مین جاره‌ ڕۆژی جیهانیی ژنان یاد ده‌کرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ مێژوویه‌کی دوورتر له‌ سه‌د ساڵه‌وه‌ خه‌بات بۆ یه‌کسانی ژن و پیاو به‌رده‌وام بووه‌ به‌ڵام هێشتا نایه‌کسانی له‌ نێوان ژن و پیاودا له‌ زۆر بواردا به‌رقه‌راره‌، بۆ نموونه‌ له‌ سویدی ئه‌مڕۆدا ڕێژه‌یه‌کی یه‌کجار که‌م له‌ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کۆمۆنه‌کان به‌ده‌ست ژنانه‌وه‌یه‌.

هاوکاریی پیاوان له‌ نێو خۆیاندا به‌ر له‌ هاتنه‌ پێشی ژنان ده‌گرێت، به‌ ڕای توێژه‌وه‌ری سیاسسی له‌ زانکۆی ئوپسالا‌ کرستینا باریکڤیست. 

- لێکۆڵینه‌وه‌کان نیشانیان داوه‌ کاتێک کێبه‌ڕکێکان له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ گه‌رم و به‌رفراوان بن ژنان زۆر به‌ گرانتر ده‌توانن بێنه‌ پێشه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ زۆربه‌ی کات پیاوان ئه‌و پۆستانه‌ ده‌به‌نه‌وه‌، ئاخر، کرستینا باریکڤیست ده‌ڵێت هاوکاری نێوان پیاوان ژنان له‌ کایه‌که‌ به‌ده‌ر ده‌کات و دوریان ده‌خاته‌وه‌.

‌ له‌ کۆی 290 کۆمۆن له‌ سویددا ته‌نها له‌ 83 کۆموندا پۆسته‌ سیاسییه‌ به‌رزه‌کانی وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رۆکایه‌تی به‌ده‌ست ژنانه‌وه‌یه‌.

 کۆمۆنه‌کان ته‌نها یه‌کێکن له‌و نموونانه‌ی که‌ ئاماژه‌ به‌‌ نایه‌کسانی نێوان ژن و پیاو ده‌که‌ن و هه‌شتی مارس جگه‌ له‌ ئاهه‌نگی ڕۆژی جیهانیی داواکردنی مافه‌کانی ژنان ڕۆژی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و نایه‌کسانیانه‌یه‌ که‌ سه‌رباری گه‌شه‌ و به‌ده‌ستهێنانی چه‌نده‌ها ماف و هاتنه‌ مه‌یدانی ژنان له‌ زۆر له‌و بوارانه‌ی مۆرکی پیاوانی لێدرابوون، تا ئێستاش هۆشیاریی گشتی سه‌باره‌ت به‌ ژن و مافه‌کانیان که‌مهێنه‌، به‌ڕای پرۆفێسۆری بواری مێژوو له‌ زانکۆی ئیۆرێبرو ئان سۆفی ئۆلانده‌ر. 

هه‌رچه‌نده‌ یه‌کسانی له‌ نێوان ژن و پیاودا و له‌ زۆر بواردا هێشتا جێێ پرسیاره‌ به‌ڵام هه‌ندێک ده‌پرسن ئاخۆ له‌ ئه‌ورووپایه‌کی گه‌شه‌سه‌ندووی پارێزه‌ری مافی مرۆڤ و مافه‌کانی ژندا و له‌ ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ریکایه‌کدا که‌ ژنان بونه‌ته‌ ‌نموونه‌ی ئازادی و یه‌کسانی نێوان دوو ڕه‌گه‌زه‌که‌ ئاخۆ ڕۆژێکی تایبه‌ت به‌ ژنان چ پێویسته‌، 

- هه‌شتی مارس به‌هایه‌کی گرنگی له‌ سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌کاندا هه‌بووه‌، تا ئه‌مڕۆش ئان سۆفی ئۆلانده‌ر ده‌ڵێت ناوه‌ڕۆک و به‌هایه‌کی سیمبولیی گه‌وره‌ی له‌ جیهاندا هه‌یه‌.

سیمبولی خه‌باتی ژنان و ناوێک که به‌تایبه‌ت ‌له‌گه‌ڵ هه‌شتی مارسدا و هه‌موو ساڵیک زیندوو ده‌بێته‌وه‌ (کلارا زێتکه‌ن)ه‌ ژنه‌ خه‌باتکاری پرسی ژنان و کۆمۆنیستی ئه‌ڵمانی که‌ له‌ سالێ 1910دا دیاریکردنی ڕۆژێکی جیهانیی بۆ مافه‌کانی ژنان له‌ کۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیست له‌ کۆپه‌نهاگه‌ن که‌ تایبه‌ت بوو به‌ ده‌سته‌به‌رکردنی مافی ده‌نگدان بۆ ژنان  پیشنیاز کرد. ساڵێک دوای ئه‌و کۆنفرانسه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ چوار وڵاتدا کرایه‌ جه‌ژنی مافه‌کانی ژنان.  تا ساڵی 1977 له‌لایه‌ن ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ هه‌شتی مارس وه‌ک بۆنه‌یه‌کی جیهانی چه‌سپێندرا.  له‌ ساڵی 1912شه‌وه‌ له‌ سویدا ئه‌و ڕۆژه‌ یاده‌کرێته‌وه.‌ 

هه‌شتی مارس له‌ سه‌ره‌تادا و تا حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردووش به‌ سیاسه‌تی چه‌پ و خه‌باتی کۆمۆنیستانه‌وه‌ به‌سترابۆوه‌ به‌ڵام له‌ ماوه‌ی ئه‌و سه‌د ساڵه‌دا ڕۆژی هه‌شتی مارس جیهانی تر بووه‌‌ و به‌هایه‌کی سیمبولیی له‌ خۆ گرتووه‌. كه‌چی له‌ سوید تا ئه‌مڕۆش زۆربه‌ی ژنان به‌ پێی ئامارێکی نوێی ده‌ستگه‌ی ئاماری سیفۆ ده‌نگ به‌ به‌ره‌ی سووروسه‌وز واتا به‌ره‌ی چه‌پ ده‌ده‌ن. به‌ پێی ئاماره‌که‌ له‌سه‌دا 54 ژنان ده‌نگ به‌ به‌ره‌ی چه‌پ ئه‌ده‌ن له‌به‌رامبه‌ر له‌سه‌دا 42 بۆ به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی بۆرژوا. ئه‌م بارو ڕه‌وته‌ تازه‌ نییه‌ به‌ڕای توێژه‌وه‌ری بواری سیاسه‌ت له‌ زانکۆی ئوپسالاوه‌ کرستینا باریکڤیست. 

- یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌ زۆربه‌ی ژنان له‌ که‌رتی گشتیدا کارده‌که‌ن و ئه‌زموونی دایکایه‌تی و به‌رپرسێتی خێزان که‌ زۆربه‌ی کات له‌سه‌ر ژنان بووه‌ وای کردووه‌ که‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی به‌ره‌ی سوروسه‌وز واتا به‌ره‌ی چه‌پ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن زیاتر له‌گه‌ڵ بارودۆخی ژیانی ژناندا بگونجێت، کرستینا باریکڤیست هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، له‌ به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی بۆرژوادا به‌تایبه‌ت مۆدێراته‌کان نه‌یانتوانیوه‌ ژنان به‌لای خۆیاندا رابکێشن و سیاسه‌ته‌که‌یان به‌لای ژنانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاوات و خواسته‌کانیاندا نایه‌ته‌وه‌. ‌

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".