وزه‌ی ئه‌تۆم لێدوانی گه‌رم له‌ په‌رله‌ماندا ده‌نێته‌وه‌

حوکمه‌تی هاپه‌یمان ده‌یه‌وێت بنکه‌ی به‌رهه‌مهێنی وزه‌ی ئه‌تۆم بمێنێته‌وه. ساڵی پار دوای یه‌کلاییکردنه‌وه‌یه‌کی سیاسی، که‌ پارتیی ناوین ـ سێنته‌ر ـ ڕه‌زامه‌ندیی خۆی به‌وه‌ ده‌ربڕی که‌ بنکه‌ کۆنی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی ئه‌تۆم بنکه‌ی تریان له‌جێ دابهێنرێت، حوکمه‌ت له‌ میانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا پرۆژه‌یاسایه‌ک له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ په‌رله‌مان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری بڕنده‌ی له‌سه‌ر بدرێت. به‌ڵام سێ ئه‌ندامپه‌رله‌مانی پارتیی ناوین و یه‌کێکی پارتیی بۆرژووا ـ مۆدێراته‌کان ـ دوور نییه‌ ده‌نگ دژی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بده‌ن که‌ له‌ مانگی جونیی داهاتوودا ده‌نگدانه‌که‌ی په‌رله‌مانی ده‌رباره‌ ساز ده‌کرێت و به‌مه‌یش ڕه‌نگه‌ پێشنیازی له‌مه‌ڕ نوێکردنه‌وه‌ی بنکه‌ی وزه‌ی ئه‌تۆمساز شکست بێنێت.

دیاره‌ سی ساڵی له‌مه‌وبه‌ری ڕێک وه‌ک ئه‌مڕۆ بوو که‌ ده‌نگدانی گشتی ده‌رباره‌ی دامه‌زراندنی بنکه‌ی سازکردنی وزه‌ی ئه‌تۆم له‌ سوێد به‌ ڕێوه‌ برا ـ له‌ 23 ـی ئازاری 1980. چل ساڵی ته‌واو مشتومڕ و گفتوگۆی له‌م باره‌یه‌وه‌ درێژه‌ی هه‌بووه‌ و پارتییه‌کانیش قسه‌ی خۆیان لێ کردووه‌. سیاسه‌تی وزه‌ و به‌رهه‌مهێنای، ڕاڕاییه‌کی زۆری به‌ر هاتووه‌ و نه‌زانراوه‌ داهاتووی چۆن ده‌بێت و هێشتا به‌م ئاوایه‌ ماوه‌.

یه‌که‌م بنکه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م جۆره‌ وزه‌یه‌ ساڵی 1972 له‌ ئۆسکارسهامن خرایه‌ ‌کار. له‌ نێوه‌ڕاستی حه‌فتاکانیشدا شه‌ش بنکه‌ی وا هه‌بوون و لێره‌وه‌ مشتومڕی ده‌رباره‌ی هه‌بوون و نه‌بوونی ئه‌م بنکانه‌‌ گه‌رمتر ببوو. له‌ به‌ره‌ی بۆرژوادا پارتیی ناوین و مه‌سیحییه‌ دێمۆکراته‌کان دژی ئه‌م کاره‌ بوون و ده‌یانویست بنکه‌کان نه‌مێنن. پارتیی چه‌پیش ئه‌مه‌ی ده‌ویست، به‌ڵام سۆسیالدێمۆکراته‌کان و ڕێکخراوی سه‌ندیکاکان وزه‌ی ئه‌تۆمیان به‌ شتێکی پێوسیت بۆ دابینکردنی کاره‌بای پیشه‌سازییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کان ده‌زانی.

له‌ بانگه‌شه‌ی به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 1976 ـدا، ڕابه‌ری سۆسیالدێمۆکراته‌کان و ئولۆف پالمێی سه‌رۆکوه‌زیرانی ئه‌وسا ـ به‌ ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێکی زۆری شاری یۆتۆبۆری ـ ڕووبه‌ڕووی توربیۆرن فێلدینی سه‌رۆکی پارتیی ناوین بووه‌وه‌، که‌ لێیدا پالمێ سیاسه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی به‌ پرسێکی قورس دانا و گوتی دوودڵی و ڕاڕاییه‌که‌ی له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسه‌ی به‌ لاوه‌ سه‌یر نییه‌‌ و خۆیشی بیست ساڵیکی ته‌واو ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ئه‌م پرسه‌یه‌.

پالمێ ئه‌وسا گوتیشی که‌ بنکه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی ئه‌تۆمی به ‌لاوه‌ ئاسووده‌ترین ڕێی ڕوو له‌ به‌کارخستنی هاووڵاتییانی سوێده‌. هه‌ر ئه‌م پرسه‌ بۆ توربیۆرن فێلدینی پارتیی ناوین چاره‌نووسساز بوو.

فێلدینی پارتیی ناوین که‌ دوای چل ساڵی حوکمڕانی سۆسیالدێمۆکراته‌کان،‌ ساڵی 1976، بووه‌ سه‌رۆکوه‌زیرانی حوکمه‌تێکی بۆرژووا که‌ له‌ سێ پارتی پێکه‌وه‌ نرا، هه‌ر له‌و ڕێکه‌وته‌ی یۆتۆبۆریدا له‌ پالمێی به‌ پێویست گرت بیسه‌لمێنێ که‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی پاشه‌که‌وت کراوه‌ باش وایه‌ له‌ سازکردنی بنکه‌ی ئه‌تۆمدا خه‌رج بکرێت، یا‌ له‌ مسۆگه‌رکردنی وزه‌ بۆ هه‌موو ماڵێک به‌ کار ببردرێت.

وزه‌ی ئه‌تۆم له‌و ده‌وروده‌مه‌دا خاڵی لاوازی حوکمه‌ت بوو. پارتیی ناوین پێبه‌ستی دژایه‌تیکردنی وزه‌ی ئه‌تۆم بوو، به‌ڵام مابووه‌وه‌ بڕیار بدات که‌ ئاخۆ درێژه‌ به‌ سازکردنی بنکه‌ی ئه‌تۆم بدرێت و ئه‌گه‌ر وا بێت چه‌ندی تر بکێشێت و سوێد چی له‌و وزه‌یه‌ بکات؟ له‌مه‌وه‌ حوکمه‌ته‌ سێپارتییه‌که‌ نه‌یتوانی ته‌بایی خۆی بپارێزێت. پارتیی بۆرژووا و پارتیی گه‌ل دژ بوون ده‌نگدانی گشتیی له‌مه‌ڕ ساز بکرێت و له 1978 ـدا به‌ره‌ی حوکمه‌ت شێوا و حوکمه‌تێکی که‌مینه‌ی پارتیی گه‌ل پێکه‌وه‌ نرا که‌ ساڵی دوایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی چاوه‌ڕێ بوو.

ساڵیش 1979 بوو که‌ ئه‌وه‌ی که‌س چاو له‌ ڕێی نه‌بوو، هاته‌ ڕێ، ڕووداوێکی کاره‌ساتاسا له‌ بنکه‌ی وزه‌ی ئه‌تۆمسازی نزیک شاری هاریسبۆرگی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا پێش هات، که‌ په‌یامنێری ئه‌وسای ڕادیۆی سوێد  ـ ئوڤێ یوانسۆن ڕایگه‌یاند ئه‌و ڕووداوه به‌ لای به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریکییه‌کانه‌وه‌‌ کاره‌ساتێکی ئه‌ونده‌ مه‌ترسیداره‌، دنیا شتی وای به‌ خۆوه‌ نه‌دیوه‌.

ئه‌و ڕووداوه‌ لێدوانی له‌مه‌ڕ وزه‌ی ئه‌تۆمی له‌ سوێد به‌ لایه‌کی تردا برد. تاگێ دانیێلسۆن که‌ نووسه‌ر و لێوه‌دووی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌سایه‌تییه‌کی به‌رچاوی ئه‌و ساڵانه‌ بوو، پرس و مشتومڕه‌که‌ی له‌م باره‌یه‌وه‌ دایه‌ به‌ر توانج و گوتی پێش هارییسبۆرگ بیری که‌س بۆ ئه‌وه‌ نه‌ده‌چوو ئه‌و شته‌ی که‌ له‌ هارییسبۆرگ ڕووی دا ڕوو بدات، به‌ڵام هه‌رکه‌ ڕووی دا، بیر و بۆچوونی سه‌داسه‌د بۆ چوو و ئه‌وه‌یش که‌ ڕووی دا به‌ ڕاستی ڕووی دا.

وه‌رحاڵ ئه‌م ڕووداوه‌ گوڕی به‌ داواکردنی ده‌نگدانی گشتی له‌م باره‌یه‌وه‌ گه‌ڕاند و خه‌ڵک که‌وتنه‌ خۆ و بزووتنه‌وه‌ی ژنانیش خه‌ڵکیان دژ به‌ وزه‌ی ئه‌تۆم کۆکرده‌وه‌ و خۆپێشاندانیان ساز دا.

مابووه‌وه‌ بڕیار بدرێت که‌ چی جێی وزه‌ی ئه‌تۆم بگرێته‌وه‌ و له‌ ده‌نگدانه‌ گشتییه‌که‌ی ساڵی 1980 ـدا خه‌ڵک سێ بریتی به‌ به‌ره‌وه‌ بوو، که‌ هه‌رسێکی بۆ له‌نێوبردنی وزه‌ی ئه‌تۆم بوو به‌ڵام له‌ گۆشه‌نیگای سێ کاتی جیاوازه‌وه‌.

بریتی یه‌که‌م که‌ پارتیی بۆرژووای له‌پشت کردبوو، پێشنیازێک بوو بۆ له‌نێوبردنی بنکه‌ی وزه‌ی ئه‌تۆم به‌و مه‌رجه‌ی پێویستیی خه‌ڵک به‌ کاره‌بای لێ ڕه‌چاو بکرێت. بریتی دووه‌م که‌ سۆسیادێمۆکراته‌کان و پارتیی گه‌لی له‌پشت بوون، به‌رهه‌مهێنانی کاره‌بای ده‌یوست ده‌وڵه‌ت و شاره‌وانییه‌کان خاوه‌نی به‌شه‌ هه‌ره‌ زۆره‌که‌ی بن و ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی دوانزه‌ بنکه‌ی وا هه‌بن و دواتر بڕیار بدرێت‌ له‌ نیو ببرێن. به‌ڵام به‌ره‌ی سێ دژ بوون و ده‌یانویست چیتر بنکه‌ی ئه‌تۆم له‌و شه‌شه‌ تێنه‌په‌ڕێت که‌ هه‌بوون و ئه‌مانه‌یش له‌ ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی 1990 ـدا نه‌هێڵرێن. لایه‌نگرانی بریتی سێ پارتیی ناوین و پارتیی چه‌پ و مه‌سیحییه‌ دێمۆکراته‌کان و، پارتیی ژینگه‌ بوو که‌ هێشتا نوێنه‌ری له‌ په‌رله‌مان نه‌بوو.

له‌ ده‌نگدانه‌ گشتییه‌که‌دا بریتی یه‌ک و دوو 59 ـی‌ ده‌نگه‌کانی به‌ ده‌ست هێنا و ده‌نگدانی گشتییش له‌ سوێد به‌ ڕاوێژ داده‌نرێت با سیاسییه‌کان به‌ڵێنی ئه‌وه‌یشیان دابێت که‌ خواستی زۆرینه‌ی خه‌ڵک ڕه‌چاو ده‌که‌ن. جا له‌وه‌ولا شه‌ش بنکه‌ی تری وزه‌ی ئه‌تۆم دامه‌زرێنران و بوونه‌ دوانزه‌ به‌ڵام مشتومڕی له‌مه‌ڕ له‌ناوبردنیان درێژه‌ی کێشا. ساڵی 1997 سۆسیادێمۆکراته‌کان و پارتیی ناوین و پارتیی چه‌پ له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕێک که‌وتن که‌ دوو بنکه‌ وزه‌ی ئه‌تۆمسازه‌که‌ی بارشێبێک له‌ ناو ببه‌ن، که‌ داوایه‌ک بوو خه‌ڵکی دانیمارک ساڵانێک بوو خستبوویانه‌ ڕوو.

که‌ به‌ره‌ی هاوپه‌یمان نانگه‌شه‌ی خۆی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2006 ـه‌دا ده‌ست پێ کرد، پرسی وزه‌ی ئه‌تۆمی زۆر زه‌قه‌وه‌ نه‌کرد، که‌ پارتیی ناوینی لێ لا بوو. به‌ڵام به‌ڵێنیان دا بنه‌کی تری وا دانه‌مه‌زرێنرێت.

به‌ده‌م ڕه‌وتی ڕۆژگاریشه‌ پرسی که‌ش و ژینگه‌ بره‌وی برد و پرسی وزی ئه‌تۆمیش که‌وته‌ به‌ر بای مشومڕی نوێ، که‌ ده‌ڵێت وزه‌ی ئه‌تۆم مه‌ترسیی بۆ ژینگه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت که‌ کار دێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی چی له‌ پاشماوه‌که‌ی  بکرێت. به‌ڵام وزه‌ی ئه‌تۆم وه‌ک نه‌وت و به‌نزین و خه‌ڵووز گاز ده‌رنادات و زیانی وای بۆ ژینگه‌‌ و هه‌وا نییه‌.

له‌م هه‌موو ئاڵوگۆڕه‌دا ساڵی پار بوو که‌ مه‌سیحییه‌ دێمۆکراته‌کان و پارتیی ناوین هاتنه‌ سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی که‌ ئه‌و یاسایانه‌ بگۆڕدرێن که‌ به‌ پێویستی ده‌گرن بنکه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی ئه‌تۆم له‌ داهاتوودا بنکه‌ی وزه‌ی نوێ جێیان بگرێته‌وه‌. ئه‌م‌ گۆڕینه‌ی بیروبۆچوون به‌‌‌ لای گه‌لێک ئه‌ندامی پارتیی ناوینه‌وه‌‌ لادان و بێئه‌مه‌کی بوو. دیاره‌ حوکمه‌ت به‌ڵێنی دابوو کاری باش بۆ نوێکردنه‌وه‌ی وزه‌ بکات و له‌ بریتی ئه‌تۆم وزه‌ی ـ بۆ نموونه‌ ـ  که‌ڵک له‌ با ببات، به‌ڵام که‌ مل بۆ وزه‌ی ئه‌تۆم که‌چ بکرێت کارێک نه‌بوو ئه‌ندامانی پارتیی ناوین ملی بده‌نێ.

ئه‌مڕۆیش که‌ سی ساڵی ته‌واو به‌سه‌ر ده‌نگدانه‌ گشتییه‌که‌ تێده‌په‌ڕێت بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵکه‌وتووه‌ له‌ مانگی جونیدا بڕیار بگرێت وزه‌ی ئه‌تۆم تا ئه‌و ڕۆژه‌ی پێویسته‌ درێژه‌ بکێشێت. سۆسیالدێمۆکراته‌کان ده‌یانه‌وێت ئه‌و ده‌ بنکه‌ وزه‌ی ئه‌تۆمسازه‌ی که‌ هه‌ن نه‌هێڵرێن و بنه‌کی تریان له‌جیاتی ساز نه‌کرێت. ئه‌مه‌ ڕێبازی به‌ره‌ی سه‌وزوسووره‌. به‌ڵام له‌نێو سۆسیالدێمۆکراته‌کاندا خاوه‌ن بۆچوونی تریش هه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئه‌و شاره‌وانیانه‌دا که‌ پیشه‌سازییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانیان لێدا هه‌ن. ئه‌مان له‌سه‌ر هه‌مان بۆچوونی حوکمه‌تن، که‌ وزه‌ی ئه‌تۆمی پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌با له پیشه‌سازی نه‌بڕیت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێبازی وزه‌ی ئه‌تۆم له‌ ده‌نگدانی جونیی په‌رله‌ماندا سه‌ربگرێت و به‌ره‌ی سه‌وزوسوور له‌ هه‌ڵبژارنه‌کاندا برنده‌ بێت، دوور نییه‌ بڕیاره‌که‌ هیچ کاریگه‌رییه‌کی نه‌بێت. 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".