مامەڵەی میدیاکانی سوید لە گەڵ مۆنا سالین و فرێدریک ڕاینفێڵد، لێک جیاوازن

ئەو وێنەیەی میدیا گەورەکانی سوید لە مۆنا سالین ڕێبەری حیزبی سوسیالدیمۆکرات دەیدەن زۆر مەنفیترە لەو وێنەیەی لە فرێدریک ڕاینفێڵد، ڕێبەری مۆدێرات دەدرێ. بەشگەی ئینفوپەگ کە ئەرکی شیکاریی دەنگەوەرەکانی لە سەر شانە، لە سەر ڕاسپاردەی بەشی ناوەندیی دەنگوباسی ڕادیۆ سوید، ئێکۆت، لەمەی کۆڵیوەتەوە و چاوی بە ڕۆژنامە و دەنگەوەرە خەبەرییەکانی سویددا لە ٢٤ی مانگی مارسی ساڵی ڕابردووە تا ٢٣ی مارسی ئەمساڵ خشاندووە. لەم ماوەیەدا ٥٢٠ هەواڵ و وتار لە سەر فرێدریک ڕاینفێڵد نووسراوە و بڵاوبۆتەوە کەچی هەواڵەکانی سەر مۆنا سالین، تەنیا ٣٥٠ دانە بوون. لەوانەش ٣٣ لەسەدیان باری مەنفییان بۆ سالین هەبووە کەچی ئەوانەی راینفێڵد تەنیا ١٦ لەسەدیان مەنفی بوون.

مونا سالین لەم بارەوە دەڵێ کە لەم ساڵانەی دواییدا لێدوان و بۆچوونێکی زۆر دەربارەی هاوکاریی بلۆکی کەسکوسوور کران و لێی ڕوون نییە کە ئاخۆ ئەمە دەتوانێ هەندێ شت لەم بارەوە ڕوون کاتەوە یا خود ئەوە شیتەڵکارانن کە دەبێ بۆچوونی خۆیان دەرببڕن.

کێنت ئاسپ پرۆفیسۆری ڕۆژنامەوانی لە زانکۆی یۆتێبۆری،  نزمبوونی ڕادەی خۆشەویستیی مۆنا سالین دەگەڕێنێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی بەربفرەی دەنگوباسی مەنفی دژی ئەو و حیزبەکەی. بەڵام ئەوە دەتوانێ لە کۆتادا وەک فەنەرێک، هەڵبەزێتەوە و بە سوودی حیزبەکە تەواو بێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista