سه‌ربازی ئاره‌زوومه‌دانه‌ ده‌بێ

په‌رله‌مانی سوێد دوێنێ چوارشه‌ممه سیستمی سه‌ربازگیرییه‌ گشتییه‌ سه‌دساڵییه‌که‌ی‌ له‌ ناو برد. ‌له‌ یه‌کی ته‌مووز، جوڵایه‌وه‌ خزمه‌ته‌ سه‌ره‌تایی و په‌روه‌راندنه‌ سه‌ربازییه‌که، ئیتر ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌بێت.

‌که‌مکردنه‌وه‌ی بودجه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییه‌ی هێزی به‌رگریی سوێد، کارێکی کردووه‌، خزمه‌ته‌ گشتییه‌ سه‌ربازگیییه‌که‌ی سوێد نه‌‌هێڵڕێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ به‌ سیاسه‌تی گشتیی به‌رگریی ناوده‌بردرێت، هه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌یش مانای وایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئاماده‌یی به‌رگریکردن و پاراستنی وڵات له‌ داهاتوودا به‌ پێویستی دابنرێت، خه‌ڵک بۆ سه‌ربازیکردن بانگ ده‌کرێته‌وه. ئه‌م ئه‌رکه‌ هه‌م له‌سه‌ر پیاو هه‌م له‌سه‌ر ژن ده‌مێنیت.

دیواری به‌رلین ساڵی 1989 تێک ڕما و ئاڵوگۆڕی گه‌وره‌ی سیاسی و دێمۆکراسیی وا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپای به‌ دوادا هات، که‌ سوێند و په‌یمانی وارشۆی پێ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌. له‌ سای ئه‌م هه‌مووه‌دا‌ سیاسه‌تی ئاساییش و به‌رگریی سوێد داڕێژرایه‌وه‌.

سوێد ـ وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی بێلایه‌ن و به‌ره‌ ـ به‌ر له‌و ڕێککه‌وته‌ هێزێکی گه‌وره‌ی به‌رگریی له‌سه‌ر بنه‌مای خزمه‌تی سه‌ربازی و سه‌ربازگیرییه‌کی گشتی پێکه‌وه‌ نابوو. به‌ڵام ئیتر هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ئه‌وتۆ له‌ ڕووی سوێدا نه‌مابوو، بۆیه‌ هێزی سه‌ربازی و به‌رگریی سوێد پارچه‌ به‌ پارچه‌ لێک کرایه‌وه‌ و دوێنێیش ئیتر ڕۆژی ئه‌وه‌ بوو که‌ سیستمی سه‌ربازگیریی گشتی له‌ ناو ببردرێت.

سا سه‌ربازیکردن ئیتر به‌ ئه‌رک دانانرێت، به‌ڵام هه‌موو ساڵێ نزیکه‌ی چوارهه‌زار که‌سێکی ئاره‌زوومه‌ند دیاری ده‌کرێن تا له‌ ماوه‌ی سێ مانگی په‌روه‌راندن و فێرکردندا فێری هونه‌ر یبه‌رگریکردن ببن. ئه‌م سه‌ربازه‌ ژن و پیاوانه‌، دوای ته‌واوککردنی مه‌شق و ڕاهێنانه‌کان له‌ هێزی به‌رگریدا به‌شدار ده‌بن و ئه‌رکه‌ سه‌ربازییان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا پێ ده‌سپیردرێت. ئه‌مان به‌پێی ڕێککه‌تن و کۆنتراکت له‌سه‌ر هێزی به‌رگری داده‌مزرێنرێن و که‌ پێویست ده‌کات بۆ ئه‌رک و خزمه‌تی تایبه‌ت بانگ ده‌کرێن.

به‌ڵام خزمه‌ته‌ زۆره‌ملێیه‌ سه‌ربازییه‌که‌ی سوێد له ‌سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، ئه‌گه‌رچی شێوه‌ی نوێیینه‌ و مۆدێرنه‌که‌ی له‌ 1901 ـدا پێ دراوه‌. به‌ڵام له‌ زوویه‌کی پێش له‌ سه‌ده‌کانی ناوینه‌وه‌ خه‌ڵک بۆ به‌رگریکردن له‌ سوێد به‌‌ سه‌رباز گیراوه‌. شتێکیش که‌ 1600 ـه‌کانه‌وه‌ داهێنرابوو و به‌ ده‌ستگه‌ی دابه‌شکردن ناو ده‌برا، هه‌موو جووتێرێکی ناچار ده‌کرد، له‌ کاتی پیویستدا سه‌ربازێک دابین بکات، که‌ پارچه‌ زه‌وییه‌کی بۆ کشتکاری پێ ده‌درا، ئه‌گه‌ر بۆ مه‌شق و ڕاهێنان بانگ نه‌کرایه‌ یان که‌ کات کاتی شه‌ڕو پاراستنی ولات نه‌بوایه‌.

ئینگرید کارلسۆن ئه‌رشیڤه‌وانێکی‌‌ سه‌ر به‌ ده‌ستگه‌ی ئه‌رشیڤی جه‌نگه‌ که‌ له‌ ستۆکهۆڵم هه‌ڵکه‌وتووه‌ و، که‌ مێژووی سوپا و هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی سوێدی لێدا پارێزراوه‌ و هه‌ر له‌وێیش لێی ده‌کۆڵرێته‌وه‌. کارلسۆن ده‌ڵێت سه‌ربازیکردنه‌ زۆره‌ملێکه‌ی 1901 ـیش ـ تاکوو ئاستێک ـ پێگه‌ی سه‌ربازیکردنی له‌ سوێد پته‌و کرد. ‌

له‌و ده‌وروده‌مه‌دا که‌س نه‌بوو که‌سێکی سه‌ر به‌ هێزی به‌رگریی سوێد نه‌ناسێت، ئینگرید کارلسۆن ده‌ڵێت. جا به‌ خزمه‌ته‌ زۆره‌ملێ سه‌ربازییه‌که‌ و سه‌ربازی زۆری سه‌ر به‌ هێزه‌کانی به‌رگری، ژماره‌ی تیپه‌ سه‌ربازییه‌کانیش زیادیان کرد و به‌ده‌م ڕه‌وتی ڕۆژگاره‌وه‌، تیپی تایبه‌ته‌کاری هێزی جۆراوجۆری سه‌ربازی داهێنران.

جاران نزیکه‌ی چل تا په‌نجاهه‌زار که‌سێک و بۆ ساڵێکی سه‌ربازیی به‌شداری مه‌شق و ڕاهێنان ده‌بوون. ئێستا ئیتر به‌شداریکردن له‌ ڕیزه‌کانی سوپای سوێددا ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌بێت و، بواری هه‌ر چوارهه‌زار که‌س ده‌مێنێ که‌ هه‌موو ساڵێک سه‌ربازی بکه‌ن. ئه‌مه به‌لای ئینگرید کارلسۆنه‌وه‌ ڕێ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ خۆش ده‌کات خزمه‌تی سه‌ربازی بکه‌ن، که‌ حه‌زیان له‌ شه‌ڕه‌. کارلسۆن ئه‌مه‌ی پێ باش نییه‌ و ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ هێزی به‌رگریدا ده‌کات ده‌بێت به‌شداریکردنه‌که‌ی له‌پێناو پاراستنی وڵاتدا بێ و به‌ شێوه‌یه‌کی به‌جێ به‌شدار بێت. نه‌ک که‌سێ بێ که‌ ـ کارلسۆن به‌ نموومه‌ ده‌ڵێت ـ حه‌زی له‌ ته‌قه‌ و کوشتار بێ، به‌ڵکه‌ که‌سێک که‌ ده‌یه‌وێت وڵاتی خۆی به‌ ڕاستی بپارێزێ.جاران خزمه‌تی سه‌ربازی به‌ هه‌نگاوێک گرنگی ڕوو له‌ ئاوه‌زیان و گه‌وره‌بوون داده‌نرا، که‌ مرۆڤ، هه‌ر له‌ ڕێکخستنی ته‌ختی خه‌وه‌وه‌ تا ئه‌وه‌ی له‌ تیپ و ده‌سته‌ی هاوکاردا به‌شدار ببێت، فێری به‌رپرسی و  هه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنی کار و کرده‌وه‌ی خۆی ده‌بوو. ئینگرید کارلسۆن ده‌ڵێت ئه‌م کارانه‌ گرنگیی خۆیان هه‌بوو.

تازه‌لاو له‌ ماڵی باوکی ده‌رده‌چوو و فێری زۆر شت ده‌کرا و ئه‌رکی پێ ده‌سپێردرا و، به‌مانه‌ گۆش و په‌روه‌رده‌ ده‌بوو، به‌تایبه‌ت ڕۆحی ده‌سته‌ و تیپی له‌ ناخدا پێش ده‌که‌وت. که‌سی وا ده‌بوو هاوکاریی که‌سی تری تیپه‌که‌ی خۆی بکات و له‌ هه‌مان کاتدا گوێڕایه‌ڵی فه‌رمان له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تیی ڕه‌وتارکردن بێت.

بێجگه‌ له‌مه‌ که‌سانی وا له‌ ڕیزی هێزه‌کانی به‌رگریی سوێددا هه‌ن که‌ یه‌کجار ناخۆشیان لێ ده‌گوزه‌رێت و، له‌وه‌یه‌ باشیان ڕه‌وتار له‌گه‌ڵدا نه‌کرابێت. که‌سی وا سوکنایی ته‌واوی به‌ دڵدا دێت که‌ ئیتر ناچار نابێت خزمه‌ت له‌ به‌ره‌ی به‌رگریدا بکات. ئینگرید کارلسۆن ده‌ڵێت

شتێکی تر که‌ له‌گه‌ڵ خزمه‌ته‌ زۆره‌ملێیه‌ سه‌ربازییه‌که‌دا له‌ ناو ده‌چێت، ئاماری پزیشکی و ته‌نی ـ واته‌ له‌شه‌کییه‌ ـ که‌ ده‌رباره‌ی کێش و باڵای هه‌موو تازه‌لاو و گه‌نجه‌پیاوێک ده‌کرا. زانیاریی ئه‌م ئامارانه‌ به‌ ده‌ستگه‌کانی ده‌وڵه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نران کاتێک ئه‌مان بۆ خزمه‌تی سه‌ربازی بانگ ده‌کران. به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ ئامارانه‌ ئیتر ناکرێن.