بڕیاری پاداشتی دارایی بۆ فێرخوازانی ئێس ئێف ئی درا

په‌رله‌مانی سوید ئه‌مڕۆ بڕیاری چه‌سپاندنی پێشنیازه‌که‌ی حوکوومه‌تی دا که‌ به‌و پێیه‌ پاداشتێکی دارایی بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ دیاری بکرێت که به‌ خێرایی له‌ خوێندگا ئێسێفییه‌کاندا  سڤێنسکا فیۆر ئینڤاندره‌رێ، زمانی سویدی فێر ده‌بن. ئه‌و پاداشته‌ به‌لایه‌نی زۆره‌وه‌ 12هه‌زار کرۆن ده‌بێت و باجی لێ هه‌ڵناگیرێت هه‌روه‌ها له‌ یه‌کی سێپته‌مبه‌ری داهاتووه‌وه‌ ده‌خرێته‌ کار و په‌یره‌و ده‌کرێت.

هێلێڤی ئێنگستریۆم مۆدێراته ‌و به‌ ڕێوه‌به‌ری ئه‌نجوومه‌نی بازاڕی کاره له‌ په‌رله‌مان.

- له‌ بری زۆر و فشار ئێمه‌ خه‌ڵکی هان ده‌ده‌ین که‌ هه‌وڵ بده‌ن و تۆزێ زیاتر له‌گه‌ڵ خوێندنه‌که‌یان خۆیان هیلاک بکه‌ن و هه‌وڵی گورجکردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی فێربوونی زمانی سویدی بده‌ن. هێلێڤی ئێنگستریۆم ده‌ڵێت ئێمه‌ ئه‌مه‌ وه‌ک هانده‌رێک چاو لێ ده‌که‌ین که‌ هه‌موو سوید نه‌ک ته‌نها ئه‌و سیانزه‌ کۆمۆنه‌ بتوانێت په‌یره‌وی بکات‌

جێی باسه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مان له‌ کاتێکدا دێت که‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ وه‌ک پڕۆژه‌یه‌ک له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی ڕابوردووه‌وه‌ له‌ سیانزه‌ کۆمۆنی سویددا تاقی کراوه‌ته‌وه‌ و ئێستا ده‌بێته‌ ڕێسایه‌کی سه‌رانسه‌ری. به‌ڵام به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن بڕیاری پاداشت بۆ خوێندنی ئێسێفی ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن گه‌ر بێت و ده‌سه‌ڵات بگرینه‌ ده‌ست ئه‌م بڕیاره‌ هه‌ڵ ده‌وه‌شێنینه‌وه. به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن واتا به‌ره‌ی سه‌وزوسوور پێیان وایه‌ که‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌و سیانزه‌ کۆمۆنه‌ی تاقی کراوه‌ته‌وه‌ کاریگه‌ر نه‌بووه‌. ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی بازاڕی کار له‌ په‌رله‌مان لوسیانۆ ئاستۆدیلۆ له‌سه‌ر لیستی سۆسیالدیموکرات‌.  

-   ئه‌گه‌ر ئه‌و کۆمۆنانه‌ به‌راورد بکه‌ین که‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌یان تیا تاقی کراوه‌ته‌وه‌ به‌راوردی بکه‌ین به‌و کۆمۆنانه‌ی که‌ پرۆژه‌که‌ی تێدا په‌یڕه‌و نه‌کراوه‌ هیچ جیاوازییه‌ک به‌دی ناکه‌ین، که‌واته‌ ئه‌و سیستێمه‌ هیچ ئه‌نجامێک نادات به‌ده‌سته‌وه‌. به‌ڕای ئاستۆدیلۆ

به‌ڵام هێلێڤی ئێنگستریۆم مۆدێرات ده‌ڵێت هه‌رچه‌نده‌ به‌دواداچونه‌کانمان بۆ ئه‌ پڕۆژه‌یه‌ به‌ ته‌واوی نه‌بووه‌، به‌ڵام باوه‌ڕمان به‌م بیر و پرۆژه‌یه‌ هه‌یه‌، که‌ ده‌ره‌ئه‌نجامه‌کانی له‌ داهاتوودا ده‌ر ده‌که‌ون به‌شێوه‌یه‌ک کاتێک په‌نابه‌ر زمان باشتر بزانێت کاریشی ئاسانتر ده‌ست ده‌که‌وێت.

دیسان لوسیانۆ ئاستۆدیلۆ سۆسیالدیموکرات‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت بۆ فێربوونی زمانی سویدی خوێندنێکی سویدی وا پێویسته‌ که‌ به‌ پێی توانای فێرخوازه‌کان وه‌ک تاک گونجێنرابێت وڕوو له‌ بازاڕی کار بێت. ده‌بێت هانی ئه‌و که‌سانه‌ زیاتر بدرێت که‌ ئاستی فێربوونیان باش نییه‌ نه‌ک ئه‌وانه‌ پاداشت بکرێن که‌ تواناین هه‌یه‌و ئاسانتر زمان فێر ده‌بن.

سۆسیالدیموکراته‌کان و مۆدێراته‌کان هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر پرسی پاداشتی خوێندنی ،ئێس ئێف ئی، کۆک نین به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێکن که‌ خوێندی ،ئیس ئیف ئی، ده‌بێت له‌ گه‌ڵ ئاستی خوێندی په‌نابه‌راندا بگونجێنرێت واتا له‌ وڵاتی خۆیانه‌وه‌ چ پله‌یه‌کی خوێندیان بڕیوه‌، ئایا که‌سی نه‌خوێنه‌وارن یاخود بڕوانامه‌ی زانکۆیان هه‌یه‌.  

هه‌ر ئه‌مڕۆ که‌ په‌رله‌مان بریاری پاداشتی ئێس ئێف ئی بڕیار دا، ئێریک ئامنۆ که‌ پرۆفێسۆری و کاری به‌دواداچونی تایبه‌ت به‌ په‌نابه‌رانی گرتبووه‌ ئه‌ستۆ ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ پیشکه‌ش به‌ په‌رله‌مان ده‌کات که‌ ئامانج لێی ناساندنی که‌سانی تازه‌ هاتووه‌ سویده‌ به‌ وڵاته‌که‌. به‌و پێیه‌ کۆمۆنه‌کان 60 سه‌عات خوێندن تایبه‌ت به‌ کۆمه‌ڵ بۆ په‌نابه‌رانی تازه‌هاتوو ته‌رخان ده‌کات. 

ئه‌و خوێندنه‌ به‌ زمانی زگماکی په‌نابه‌ران ده‌بێت و زانیاری له‌ سێ بواردا ده‌به‌خشیت، به‌ها، سیستێمی خۆشگوزه‌رانی و ژیانی ڕۆژانه‌. باسه‌کان له‌ یاسا بنه‌ماییه‌کانی سوید، سیستێمی سیاسی ئه‌م وڵاته‌ بۆ نموونه‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر کام بنه‌مایانه‌ وه‌ستاوه‌ بۆ نموونه‌ په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. ئه‌مه‌ش به‌و ئامانجه‌ی په‌نابه‌ر له‌ یه‌کسانی و ژیانی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا به‌شدار بێت.