ته‌شه‌نه‌کردنی نه‌وت‌ به‌رده‌وامه‌

چوار هه‌فته‌یه‌ پترۆل به‌ که‌نداوی مه‌کسیکدا بڵاوه‌ی کردووه‌ و کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ی دژی ژینگه‌ ئاوییه‌که‌ی ئه‌وێ ناوه‌ته‌وه‌، هێشتا سه‌رۆکی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کۆمپانیای بی پیی به‌رهه‌مهێنی پترۆل ـ کارل هێنریک سڤانبه‌ری ده‌نگی نه‌هاتووه‌. سڤانبه‌ری هیچ لێدوانێکی مێدیایی نه‌داوه‌، به‌ڵام ئێستا و له‌ لێدوانێکی ‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێتدا ڕای خۆی له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسه‌ ده‌ربڕیوه‌ و، ده‌ڵێت هه‌روه‌ک وزه‌یسازییه‌ ئه‌تۆمییه‌که‌ی ئه‌مریکا که‌ به‌ هۆی ڕووداوه‌که‌ی ساڵی 1979 ـی ثری میلس ئیسلانده‌وه‌ زیانی پێ گه‌ییش، ئه‌م کاره‌ساته‌ کار له‌ پترۆلسازی ده‌کات. کارل هێنریک سڤانبه‌ری له‌ لێدوانه‌که‌دا باس‌ له‌و هه‌وڵه‌ زۆره‌ ده‌کات که‌ بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ ژێرئاوییه‌که‌ی پترۆل له‌ که‌نداوی مه‌کسیکدا ده‌درێت، به‌ڵام ناڵێت ئه‌و پترۆله‌ی به‌ ده‌ریادا بڵاو  بووه‌ته‌وه‌ چه‌نێکه‌ و که‌ییش سه‌رچاوه‌که‌ کوێره‌وه‌ ده‌کرێت، پرسیارێکه‌ وه‌ڵامی ناداته‌وه‌ .