به‌شداریکردن له‌ ناتۆ به‌ره‌ی سه‌وزوسووری جیا کردووه‌ته‌وه‌

کۆنگره‌ی پارتیی ژینگه‌ نایه‌وێ سه‌ربازی سوێد له‌ ڕیزی هێزه‌کانی ناتۆدا به‌شدار بێت، با به‌ ڕابه‌رایه‌تیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش بێت. ئه‌م بڕیاره‌ ناچێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ هاوبه‌شه‌ی که‌ به‌ره‌ی سه‌وزوسوور ده‌رباره‌ی ڕێک که‌وتوون. پێته‌ر ڕۆدبه‌ری که‌ سیاسه‌تکاری سه‌ربازیی پارتی ژینگه‌یه‌ بڕیاری کۆنگره‌که‌ی به‌لاوه‌ ئاماژه‌یه‌کی ئاشکرایه‌ که‌ پارتییه‌که‌ نایه‌وێ هاوکاریی هێزه‌کانی ناتۆ بکات و نایشیشارێته‌وه‌ که‌ ئه‌ندامانی پارتییه‌که‌ی له‌ ئاست ئه‌م پرسه‌دا ڕاوبۆچوونی ناکۆکیان هه‌یه‌.

پێته‌ر ڕۆدبه‌ری لاگری ئه‌و بڕیاره‌ی به‌ره‌ی سه‌وزوسووره‌ که‌ له‌ جانیوه‌ریی ئه‌مساڵدا پێشکه‌ش کرا و که‌ به‌ گرنگی ده‌گرێ سوێد له‌ هێزه‌ ئاشتیپارێزه‌کانی سه‌ر به‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا هاوکاریی ناتۆ بێ. به‌ڵام ده‌یشڵێت ئه‌وه‌ی که‌ پارتیی ژینگه‌ له‌ بواری ئه‌رکه‌ سه‌ربازییه‌کانی داهاتوودا په‌سه‌ندی ده‌کات، هه‌روا تێناپه‌ڕێت و پرسێک ده‌بێت گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌کرێت و، خۆیشی بڕیاری کۆنگره‌ی پارتییه‌که‌ی لێ ڕه‌چاو ده‌کات. ئوربان ئالینی سۆسیالدێمۆکرات ئه‌م بڕیاره‌ی پارتیی ژینگه‌ی به‌لاوه‌ سه‌یره‌ و ئاماژه‌ به‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ی نێوان به‌ره‌ی سه‌وزوسوور ده‌دات و ئه‌و ئه‌رکه‌ سه‌ربازییانه‌ی پێ په‌سه‌نده‌ که‌ به‌ سه‌ربازی سوێدی بسپیردرێت ئه‌گه‌ر  ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان سه‌رپه‌رشتیی بکات و، ده‌ڵێت کاری وا ده‌یسه‌لمێنیت که‌ ڕێکخراوه‌که‌ هه‌وڵ بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی گه‌لێکی ناکۆکییه‌کانی دنیا ده‌دات. هانس لیندێی پارتیی چه‌پیش که‌ له‌ نیگه‌رانییه‌که‌ی پارتیی ژینگه‌ی ڕوو له‌ ناتۆ ده‌گات، ڕێککه‌وتنه‌که‌ی به‌ره‌ی سه‌وزوسوور به‌ باش ده‌زانێت.