سویدییەکان زیاتر لە پێشوو، حەزیان لە خەڵکی بیانییە

ڕوانگەی سویدییەکان لە سەر بیانیان و وەرگرتنی پەنابەران، زۆر لە جاران ئەرێنی ترە. ڕێژەی ئەوانەی پێیان وایە بیانیان لە سوید زۆرن، کەم بۆتەوە و لە ٥٢ لە سەد لە ساڵی ١٩٩٣وە دابەزیوەتە ٣٦ لە سەد لە ٢٠٠٩دا. ئەمە ڕاپۆرتێک باسی لێوە دەکا کە ئەنسیتیتووتی سۆم لە زانستگای یۆتێبۆری کردوویەتی و ئەمڕۆ لە لاپەڕەی دێباتی ڕۆژنامەی داگێنز نیهێتردا چاپ بووە.

لەم توێژینەوەیەدا کە لە مانگی نۆڤەمبری ڕابردوودا کراوە، نۆ هەزار کەس لێیان کۆڵدراوەتەوە. ڕێژەی ئەو کەسانەی پێیان وایە کە سوید دەبێ پەنابەرێکی کەمتر وەرگرێ، لە ٦٥ لەسەدەوە دابەزیوەتە ٤٦ لە سەد.

بەڵام بۆ چی ئەم ئاڵوگۆڕە بەدی دەکرێ؟ ماری دەمکر پرۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانستگای یۆتیبۆری و بەرپرسی لێکۆڵینەوەکە دەڵێ لە چەند ساڵ لەوە پێشەوە خەڵکی سوید لە چاو خەڵکی وڵاتانی تری ئەورووپا کراوەتە بوون دەرهەق بە بیانیان و هۆیەکەشی ئەوەیە کە سوید لەوەتەی شەڕی یەکەمی جیهانییەوە، وڵاتێکی کۆچبەروەرگر بووە.

ماری دەمکر باسی هۆگەلی دیکە دەکا و بۆ نموونە دەڵێ سوید زیاتر لە جاران، بۆتە وڵاتێکی فرەفەرهەنگی. ئەوەش لە شێوەی وەرگرتنی پەنابەری زیاتر یا گۆڕینی ڕوانگەی گشتی لە سەر کۆچبەران، خۆ دەردەخات.

لەم ناوەدا هەروەها ڕێژەی ئەو کەسانەش کە دەتوانن کەسانی بیانی لە ناو ماڵی خۆیان وەک بووک یا زاوا ببینن، زیادی کردووە. لە ساڵی ١٩٩٣دا، ٢٥ لەسەد نەیاندەویست بووک یا زاوای بیانییان هەبێ کەچی ساڵی رابردوو ئەم ڕێژەیە بۆ ١٢ لە سەد نزم بۆوە. بە پێی قسەکانی ماری دەمکری لێوەکۆڵ، ئەمە ئاڵوگۆڕێکی گەلێ بەرچاوە.

لەم ناوەدا زۆرتر خەڵکی شارە مەزنەکان، ژنان و گەنجانن کە زیاتر خۆشەویستیی خۆیان بەرامبەر بە بیانیان نیشان دەدەن. ئەوانەی دەنگ دەدەنە پارتی سەوز ـ ژینگە ـ  زیاتر لایەنگری زێدەبوونی ڕێژەی بیانیانن و بە پێچەوانە دەنگدەرانی مۆدێراتان کەمتر لە پارتییەکانی تری ناو پەرلەمان دڵیان بەمە خۆشە.