لیتۆرین پاش هه‌فته‌یه‌ک هاته‌ وه‌ڵام

سڤێن ئۆتۆ لیتۆرین وه‌زیری پێشووی بازاڕی کار که‌ چوارشه‌ممه‌ی ڕابوردوو ده‌ستی له‌ کار کیشایه‌وه‌، بۆ یه‌که‌مجار ئه‌مڕۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیار و تۆمه‌تانه‌ی داوه‌ته‌وه‌ که‌ ڕۆژی پێش ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌ی ئافتۆنبلادێته‌وه‌ درانه‌ پاڵی. لیتۆرین له‌ وه‌ڵامه‌کانیدا بۆ ڕۆژنامه‌ی داگه‌نسنیهێته‌ر که‌ له‌ ڕێگه‌ی مه‌یله‌وه‌ وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت من هه‌رگیز  سێکسم نه‌کڕیوه ‌و ئه‌و زانیاریانه‌ی ڕۆژنامه‌ی ئافتۆنبلادێت نا په‌سه‌ند و دوورن له‌ ڕاستییه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌شی که‌ بۆ له‌ کاتی ڕاگه‌یاندنی ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌که‌یدا وه‌ڵامی تۆمه‌ته‌کانی ئافتۆنبلادێتی نه‌داوه‌ته‌وه‌ لیتۆرین ده‌ڵێت ئه‌وه‌ تاکتیکی به‌رگرتن بووه‌ له‌ درێژه‌ پێدانی ئه‌و زانیاری نادرووستانه‌. ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ی لیتۆرین‌ ئه‌وپه‌ڕی ساده‌ییه‌ به‌ڕای لۆتتا گریۆنین ڕۆژنامه‌وانی ڕۆژنامه‌ی ئێکسپرێسه‌ن، که‌ده‌ڵێ لیتۆرین ده‌بوا هه‌موو ڕاستییه‌کانی له‌ کاتی ڕاگه‌یاندنی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی  ئاشکرابکات ئاخر تا ئه‌و ده‌قه‌یه‌ش وه‌ک وه‌زیر ئه‌رکی ڕاگه‌یاندنی ڕاستتیه‌کانی له‌سه‌ر شان بوو.  

ئه‌م گومان و تۆمه‌تانه‌ی له‌سه‌ر لیتۆرینن بوونه‌ ڕه‌خنه‌ له‌سه‌ر سه‌ره‌ک وه‌زیران فرێدرێک ڕيینفێڵدیش که‌ گوایا ئه‌ویش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و باسه‌دا په‌سه‌ند نه‌بووه‌، ئه‌م ڕه‌خنه‌ و  گومانانه‌ له‌سه‌ر حوکوومه‌تی بۆرژوا له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندایه‌ که‌ ئه‌ویش پرسیاری ئه‌وه‌ دێنێته‌ گۆڕێ ئاخۆ ده‌ست له‌کارکیشانه‌وه‌ی دوو وه‌زیری مۆدێرات و سکرتێرێکی حوکوومه‌ت له‌و ماوه‌ی حوکمه‌یاندا ده‌نگده‌رانیان لێ ناکشێنێته‌وه‌، به‌ڵێ به‌ ڕای لۆتتا گریۆنینی ڕۆژنامه‌وانی ئێکسپرێسه‌ن کاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ به‌ڵام ساننا رایمان له‌ ڕۆژنامه‌ی سڤێنسکا داگبلادێته‌وه‌ ده‌ڵێت به‌داخه‌وه‌ ده‌ست له‌ کارکیشانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند به‌رپرسه‌ له‌به‌ر هۆکاری لاوه‌کی وا بوون که‌ په‌یوه‌ندی به‌ کارو به‌رپرسێتییه‌که‌یانه‌وه‌ نییه‌، ئه‌و ده‌ڵێت مێدیه‌کان ده‌بوایه‌ و خۆزگه‌ به‌دواداچوون و ڕه‌خنه‌کانیان له‌ به‌رپرسان جه‌ختکردنه‌وه‌بێت له‌ که‌مته‌رخه‌می له‌ کارو به‌رپرسیتییه‌کانیان.

هۆکاری ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی وه‌زیری پێشووی بازاڕی کار سڤێن ئۆتۆ لیتۆرین هه‌رچییه‌ک بێت کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر ده‌نگده‌رانی به‌ره‌ی بۆرژوا داناوه‌، به‌ پێی ئه‌و ڕاپرسییه‌یه‌ی  کۆمپانیای ڕاپرسی سیفۆ ئه‌نجامی داوه‌ له‌سه‌دا 18 ئه‌و هه‌زار که‌سه‌ی پرسیاریان لێ کرابوو متمانه‌یان به‌ ڕه‌ینفیڵد نه‌ماوه‌، له‌به‌رامبه‌ر له‌سه‌دا 31 بێمتمانه‌  له‌ ڕاپرسییه‌کی تردا که‌ کۆمپانیای دێمۆسکۆپ له‌گه‌ڵ نزیکه‌ی 800 که‌سدا ئه‌نجامی داوه‌.