JESSICA GOW / SCANPIX

کاردۆزگه‌ ڕێنیشانده‌رانی بیانیانی که‌مه‌

له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ به‌رپرسێتی ڕینیشاندانی بیانیان (lotsar) له‌ کۆمۆنه‌کانه‌وه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌  ئه‌ستۆی کاردۆزگه‌ (arbetsförmedlingen). ئه‌مه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕیفۆرمانه‌دا دێت که‌ حوکوومه‌تی ڕاستڕه‌وی سوید له‌ یه‌کی دێسه‌مبه‌ره‌وه‌ ده‌یخاته‌ کار ئه‌مه‌ش وه‌ک په‌یڕه‌وی له‌ سیاسه‌تی کار له‌بری کۆمه‌ک. به‌ڵام بۆ خستنه‌ کاری ئه‌م ڕیفۆرمه‌ تا ئێستا له‌ زۆربه‌ی کۆمۆنه‌کاندا ڕێنیشانده‌ران بۆ ئه‌م کاره‌ نه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌.

- ئه‌و ڕێنیشانده‌رانه‌ی که‌ هه‌ن ژماره‌یان که‌مه‌ به‌ڵام ئینگێلا سیۆده‌رمان له‌ نوسینگه‌ی گشتی کاردۆزگه‌وه‌ ده‌ڵێت چاوه‌ڕێین که‌ له‌ زۆربه‌ی کۆمۆنه‌کاندا کاری باشتری بۆ بکرێت و بواری زیادکردنی ئه‌و ژماره‌یه‌ بکرێته‌وه‌.   

به‌ پێی ئه‌و ڕیفۆرمه‌ نوێیه‌ ئه‌و بیانییانه‌ی که‌ تازه‌ هاتوونه‌ته‌ سوید یارمه‌تی ده‌درێن تا چی زووتره‌ کاریان ده‌ست بکه‌وێت و به‌ بازاڕیکاری سوید بناسێنرێن. ئه‌م کاره‌ش کاردۆزگه‌کان خۆیان به‌جێی ناگه‌یه‌نن به‌ڵکه‌ به‌ هاوکاری چه‌ند لایه‌نێکی سه‌ربه‌خۆی وه‌ک کۆمپانیا و ڕێکخراوه‌کان به‌ڕێوه‌ ده‌برێت. به‌ڵام تا ئێستا و به‌ پێی ئاماره‌کانی کاردۆزگه‌ له‌ کۆی 290 کۆمۆنی سوید ته‌نها له‌ 123 کۆمۆندا ڕێنیشانده‌ران هه‌ن.

له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ گه‌ر بێت و به‌ پێی پێویست ڕێنیشانده‌ران نه‌دۆزرێنه‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێت کاردۆزگه‌کان خۆیان ئه‌رکی ڕێنیشاندان و کاردۆزینه‌وه‌ی تازه‌ بیانییانی سوید بگرنه‌ ئه‌ستۆ. کرستینا پالۆ به‌ڕێوه‌به‌ری کاردۆزگه‌یه‌ و جه‌خت له‌م خاڵه‌ ده‌کاته‌وه‌.

- گه‌ر ژماره‌ی پێویستی ڕێنیشانده‌رانمان نه‌بێت ئه‌وا ده‌بێت خۆمان له‌ کاردۆزگه‌ کاره‌کانمان وا دابه‌ش بکه‌ین که‌ کارمه‌ندانمان فریای ئه‌رکی ڕێنیشاندانی تازه‌ بیانیان بکه‌ون، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مه‌ ئه‌رک و کارێکی گرنگه‌ و بیانیانی تازه‌هاتوو گروپێکی کۆمه‌ڵگه‌ن که‌ ده‌بێت گرنگییان پێ بدرێت.

پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ بۆ ژماره‌ی ڕێنیشانده‌ران که‌من  له‌ کاتێکدا له‌ مانگی ئاگوستی ڕابوردووه‌وه‌ کار بۆ ئه‌م ڕێفۆرمه‌ ده‌کرێت و هه‌وڵ ده‌درێت و ڕێکخراو و کۆمپانیا بۆ گرتنه‌ ئه‌ستۆی ئه‌و ئه‌رکه‌ بدۆزرێنه‌وه‌. به‌ڵێ کاردۆزگه‌ و کۆمۆنه‌کان هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ڕێنیشانده‌رانیان داوه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ مووچه‌ی ته‌رخانکراو بۆ ئه‌و ڕێنیشانده‌رانه‌  که‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌شی ڕێنیشانده‌ر پاره‌ی ئه‌ر‌که‌ی به‌ته‌واوی وه‌ربگرێت ده‌بێت  ئه‌رکی ڕێنیشاندانی چه‌ند بیانییه‌کی بدرێتی  ئه‌و کاته‌ی که‌ ڕێنیشانده‌ر کار بۆ ئه‌و بیانییانه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ نزیکه‌ی 50 هه‌زار کرۆن وه‌ک پاداشت وه‌ر ده‌گرێت. 

به‌ڵام ئه‌م پاداشت و قازانجه‌ گه‌ره‌نتی نییه‌ چونکه‌ کاردۆزگه‌کان ناتوانن گه‌ره‌نتی  دابین کردنی بیانیان بکه‌ن بۆ رێنیشانده‌ران. واتا ڕه‌نگه‌ پاش دیاریکردنی ڕێنیشانده‌ر ژماره‌ی پێویستی بیانیان له‌ ناوچه‌ی ئه‌و کاردۆزگه‌یه‌ نه‌بێت تا کاریان له‌گه‌ڵ بکرێت.

ئه‌م پاداشته‌ش پاش دۆزینه‌وه‌ی کار بۆ بیانی دێت و له‌ماوه‌ی کاردۆزینه‌وه‌که‌شدا ڕێنیشانده‌ر خۆی ده‌بێت خه‌رجی وه‌رگێڕ بۆ بیانیان دابین بکات. گیون لوندگرێن یه‌کێکه‌ له‌و که‌سانه‌ی که‌ کاری له‌گه‌ڵ بیانیان کردووه

- گیون لوندگرێن ‌ ده‌ڵێت هه‌موو بیانییه‌کی تازه‌هاتوو پیویستی به‌ وه‌رگێڕه‌ سه‌عاتێک کاری وه‌رگێڕیش 500 کرۆنه‌، واتا ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ کاردۆزگه‌ ده‌یداته‌ ڕێنیشانده‌ر به‌شی کاری ڕێنیشانده‌رییه‌که‌ ناکات. 

جێی باسه‌ ئه‌وه‌ی که‌ تا ئیستا وه‌ک ڕێنیشانده‌ر په‌سه‌ند کراون ئه‌و کۆمپانیایانه‌ن که‌ کارمه‌ند بۆ ئه‌و جێگایانه‌ دابین ده‌که‌ن که‌ پێویستییان پێیانه‌، ناسراو به‌ (Bemanningsföretag). به‌ڵام ڕێکخراوه‌ سه‌ربه‌خۆکانیش بۆ ئه‌م کاره ڕاسپێردراون به‌ڵام تاکو ئێستا پێشوازیی خۆیان ده‌رنه‌بڕیوه‌. به‌ڵام وه‌زیری هاوگونجی ئێریک ئوله‌نهاگ به‌ هیوای گۆرانکارییه‌.

-   من پێم وایه‌ ئوله‌نهاگ ده‌ڵێت ده‌توانین سوود له‌ سیاسه‌تی هاوگونجی وڵاتانی دراوسێمان وه‌ربگرین، بۆ نموونه‌ وڵاتی که‌نه‌دا له‌م بواره‌دا به‌ هاوکاری لایه‌ن و ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کانیان کار ده‌که‌ن. هیوادارم وه‌زیری هاوگونجی ده‌ڵێت ئێمه‌ش به‌ هاوکاری لایه‌ن و ڕێکخراوه‌ سه‌ربه‌خۆکان  هه‌روه‌ها ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی خۆبه‌خشکارده‌که‌ن پرسی هاوگونجی گه‌شه‌ پێ بده‌ین و وه‌ک ڕێنیشانده‌ری تازه‌بیانیان کارمان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن.

جێی باسه‌ له‌حالی حازردا نزیکه‌ی 7 ساڵ ده‌خایه‌نێت تا که‌سێکی بیانی که‌ مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی له‌ سویددا هه‌یه‌ کار وه‌رئه‌گرێت. بۆ کورتکردنه‌وه‌ی ئه‌م ماوه‌یه‌ی و بۆ زووتر ناساندنی بیانی به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی سوید ئه‌و ئه‌رکه‌ ده‌خرێته‌ سه‌رشانی کاردۆزگه‌کان.  ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین ڕیفۆرمه‌‌ له‌ بواری سیاسه‌تی هاوگونجی له‌ماوه‌ی ئه‌م 25 ساڵه‌ی دواییدا. وه‌زیری هاوگونجیش ئێریک ئوله‌نهاگ ده‌ڵێت له‌م ڕیفۆرمه‌ دوو ئامانجمان هه‌یه‌.

-         ئامانجی یه‌که‌ممان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و که‌سانی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌یان له‌ سوید وه‌رگرتووه‌ ژیانیان له‌ کاردۆزگه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ن نه‌ک له‌ ده‌ستگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌.  و ئامانجێکی تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ جه‌خت له‌ تواناکانی ئه‌و که‌سانه‌ وه‌ک تاک بکه‌ینه‌وه‌ و گرنگییان پی بدرێت.

ئه‌م ڕیفۆرمه‌ی حوکوومه‌ت نیگه‌رانی لای هه‌ندێک ناوه‌ته‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ی ئاڕاسته‌ کراوه‌، بۆ نموونه‌ دیک کڤانستریۆم له‌ بۆرۆس کاری له‌گه‌ڵ بیانیان کردووه‌ ده‌ڵێت ئه‌م جه‌خت کردنه‌وه‌یه‌ له‌ کار وا ده‌کات که‌ هه‌ندێ پرسی تری گرنگی تایبه‌ت به‌ ژیانی بیانیان له‌ بیر ده‌کرێن.

ڕه‌خنه‌یه‌کی تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و که‌سانه‌ی وه‌ک رێنیشانده‌ری بیانیانی تازه‌هاتوو داده‌نرێن، تا ئێستا ئه‌رکه‌کانیان ڕوون نییه‌ و دڵنیایش نییه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌توانن ئه‌و ئه‌رکه‌ فره‌لایه‌نه‌ که‌ پێشتر ئه‌رکی کۆمۆنه‌کان بوو وه‌ک پێویسیت به‌جێ بگه‌یه‌نن.

- رۆی مێلچه‌رت لێکۆڵه‌وه‌ره‌ که‌ ده‌ستگه‌ی کۆمۆن و پارێزگاکانی سوید ده‌ڵێت هه‌ربۆیه‌ گرنگه‌ کاردۆزگه‌ و ده‌وڵه‌ت چاودێری  کاری ئه‌و ڕێنیشانده‌رانه‌ بکه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ر کاره‌کانیان وه‌ک پێویست به‌ جێ نه‌گه‌یه‌نن ئه‌وا که‌سی بیانی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".