Carl Bildt. wêne: Maja Suslin/Scanpix

سوید و لەقاودانەکانی ئەم دواییەی ماڵپەڕی ویکی‌لیکس

پاش بڵاوبوونەوەی جاریکی دیکەی هەزاران بەڵگەی نهێنی لەسەر ماڵپەڕی ویکی‌لیکس کە بەتایبەت راپۆرتە سیاسییەکانی ئەمریکا و پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەگرنەوە، کارل بیلد وەزیری دەرەوەی سوید کاردانەوەی لە خۆ نێشان دا و گوتی ئەمە بەمانای سستبوونی سیاسەتە، کاتێ ڕاپۆرتە سیاسییەکان بڵاو دەبنەوە و لەوانەیە زیان بە دیپلۆماسی لە گشت دنیاشدا بگەیێنێ.

کارل بیلد دەڵێ  ئەمە دیپلۆماسی بە گشتی سست دەکات و ئاسایشی دنیا کەمتر دەکاتەوە. بێت و نەکرێ لە پێوەندی و قسەکردن لەتەک یەکتردا دڵنیاییدەر بین ئەوا دەبێتە دیپلۆماسییەکی دەنگبەرز و بەهاتوهاوار و من بە پێی ئەزمونگەلی خۆم پێم وایە دەبێتە هۆی دژبەریی زیاتر. دیارە ئامانج لەم بڵاوکردنەوەیە ئەوەیە کە زەبر لە ئەمریکا بدات کەچی با فەرامۆشی نەکەین کە بەر لە هەمووان خەسار بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەگەیێنێ و دواتریش بەگشتی بە دیپلۆماسی لە جیهاندا. ڕەفتارێکی سستی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و دیپلۆماسییەکی کز، هیچ لە بەرژەوەندیی سویددا نییە.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم چەند ڕۆژەی دواییدا لە پێوەندی لەگەڵ چەند وڵاتێکدا هەبووە و لە سەر بەڵگەنامە بڵاوکراوەکان لەتەکیان دواون. هیلەری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆی تەلەفۆنی بۆ گەلێ لە هاوکارانی خۆی لە وڵاتانی دیکەدا کردووە. هەروەها بۆ وەزارەتی دەرەوەی سویدیش. 

ڕۆژنامەی ئێکسپرێسن دەنووسێ کە سەدان بەڵگەنامە لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ستۆکهۆڵمەوە ئامادە کراون بەڵام کارل بیلد وەزیری دەرەوە نایەوێ بێژێ کە ئاخۆ ئەم بەڵگەنامانە خەسار بە سوید دەگەیێنن یا نا، ئەوە نەبێ کە ئاشکراکردنییان زیان بە دیپلۆماسی دەگەیێنێ. 

بەپێی ئەو بەڵگە نهێنییانەی ویکی‌لیکس بڵاوی کردوونەوە، ڕێبەرانی گەلێ وڵاتی وەک ئیسرائیل، عەرەبستانی سعوودی، قەەتەر، بەحرەین و ئەمیرنشینەکانی یەکگرتووی عەرەبی، بەرنامە ناوکییەکەی ئێرانیان بە هەڕەشەیەک دژی هەبوونی خۆ داناوە و داوای ئەوەیان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە کە بۆ ڕاگرتنی ئەم بەرنامەیە هێرش بکاتە سەر ئێران. بەڵگەنامەیەکی دیکە باسی هەوڵی ئەمریکا دەکات بۆ کۆنترۆلکردنی مادەی ڕادیۆ ئەکتیڤ لە پاکستان. 

لە گوێن بەڵگەیەکی تری ویکیلیکس، حوکوومەتی ئەمریکا ساڵی ڕابردوو بەرنامەیەکی بۆ سێخوڕی لە سەر بانکی موون، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاوێژکاران و یارمەتیدەرە گەورەکانی و هەروەها نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەست پێ‌کرد. بەڵگەنامەکان لەوە دەدوێن کە ئەمریکا بەتایبەتی ویستوویەتی بزانێ هەڵوێستی بانکی موون لەسەر ئێران و بەرنامەی ناوکیی ئەم وڵاتە و هەروەها هەڵوێستی چین و ڕووسیە لە سەر گەمارۆی ئێران و چۆنەتیی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران چییە؟

ویکی‌لیکس ماوەیەک لەوە پێش گووتبووی کە دەیەوێ زیاتر لە ٢٥١ هەزار بەڵگەنامەی نهێنی لەقاو بدات کە زوربەیان پەیامگەلی دیپلۆماتیکی باڵوێزخانەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دیکەن و هەندێکیان لە ڕۆژنامەکانی ئەمریکایی و ئەورووپایی لەچاپ دراون. بەڵگەنامەکان ئەو کێشە و ئاڵۆگۆڕە جۆراوجۆرە جیهانییانە باس دەکا کە گرێدراون بە پێوەندیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی تر.

کاربەدەستانی ئەمریکایی دەستپێڕاگەیشتن و لەقاودانی بەڵگەنامە حوکوومەتییەکانیان مەحکووم کردووە و سناتۆرێکی ئەمریکایی داواکاری ناسێنرانی ویکی‌لیکس وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بووە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە بۆ بەرگرتن بە دزەی ناو تۆڕی ئینترنێتییەکەی وەزارەتخانەکەی و دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامەکان، ئەوا هەندێ بەرنامەی تایبەتی هەن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".